بافڵ تاڵەبانی: هیوادارم هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق زیاتر لە جاران خزمەتی هەڵەبجە بکەن، تاوەکو پێکەوە ناخۆشییەکانیان بگۆڕین

-
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی یادی 38 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ 16ی ئاداری 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، “بە خەمێکی قووڵەوە هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا، دەست لەسەر سنگ بە وەفاداریمانەوە یادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید دەکەینەوە”.
ئاماژەی بەوەکرد، “شەهیدانی هەڵەبجە و هەموو قوربانییانی گەلەکەمان هەمیشە لە یادمانن، ئێمە لەم ساتەدا بە سەربەرزییەوە لەگەڵ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان دەوەستین و پێکەوە هەنگاو دەنێین بۆ داهاتوویەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان”.
بافڵ تاڵەبانی وتی، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە خزمەتکردنی هەڵەبجەی بە ئەرکی خۆی زانیوە، هیوادارم بۆ کەمکردنەوەی زامی ئەم کارەساتە گەورەیە و لەدەستدانی ئازیزانمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عیراق زیاتر لە جاران خزمەتی ئەم شارە خۆشەویستەمان بکەن تاوەکو پێکەوە ناخۆشییەکانیان بگۆڕین بۆ هیوا و بوژاندنەوە و ئاوەدانی زیاتری شارەکە”.
وتیشی، “بەداخەوەین ئەمساڵ بەهۆی دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە و جەنگەوە مەراسیمی فەرمی و شایستە بە شەهیدانی هەڵەبجە ناکرێت، بەڵام هەڵەبجە زامی گەلێکە و هەمیشە لە دڵماندایە، دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی گەلەکەمان”.















Post Comment