ئەی ئافەرین دەسەڵاتی خەڵک کوژ!

پێشڕەو مەحمود
نزیکەی سێ دانە مانگە موچەخۆری هەرێم دینارێک موچەی وەرنەگرتووە، جوت حزبە چەتە و دزەکەش خۆیان بێدەنگ کردووە و بەو تریلیۆنان دینارەی داهاتی نەوتی قاچاخی دزراو و داهاتی ناوخۆ ئامادە نین موچەیەک دابەش بکەن.
خەڵکیش گەیشتە تینی و ئەوە چەند رۆژێکە لێرە و لەوێ خۆپیشاندان دەکەن، لەبری ئەوەی بەرپرسانی ئەم جوتە حزبە دزە بچنە ناو خۆپیشاندەران و بڵێن کاکە وەڵا حەق بە ئێوەیە و بەسەرچاو لەو پارەیەی خۆیان کە چەندین ساڵە لێتانی دەدزین ئەوە موچەیەک دەدەین، کەچی کۆیلە و چەکدارەکانیان وەک سەگی هار بەردایە خەڵک، تا ئەوەی لە وەرتێ هاوڵاتییەکی داماوی باوکی پێنج منداڵیان خەڵتانی خوێن کرد و شەهیدیان کرد! بکوژ کێیە؟ سەگێکی هاری پارتی کە جێگری بەرپرسی ئاسایشی سۆرانە! ئەی بکوژ گیرا؟ نەوەڵا؟ ئەی چی لێهات؟ وەڵا کاکە خێرا بەپەلە خۆی و خاووخێزانیان گواستەوە بۆ دهۆک و شاردیاننەوە تا لەبەرچاوی خەڵک نەمێنن و خەڵک سارد ببێتەوە..
یەکێتییش لەمان شەریفتر نییە، ئەوەتا لە کەرکوک مامۆستا گردبوونەتەوە و خێمەیان هەڵداوە، بۆچی؟ بۆ داواکردنی مافی خۆیان کە 75 دانە رۆژە ئەم دزانە دەستیان بەسەردا گرتووە و ئامادە نین بیاندەنێ، کەچی دیسان پارێزگارە کوردە یەکێتییەکەی شارەکە کە بە حساب خۆی بە دڵسۆزی خەڵک دادەنێت، دیسان ئەویش بڕێ سەگ و گورگی ناردووەتە سەر ئەو مامۆستا سەر و ریش سپیانە و بە شەق و زلـلە و پێلەقە بڵاوەیان پێ کردوون و خێمەکەیان پێچاوەتەوە.
ئەم جوت حزبە دزە تازە فێری خوێنڕشتنی گەنجی ئەم وڵاتە بوون، لە 17ـی شوباتیشدا کۆمەڵێک گەنجی جوانی ئەم وڵاتەیان خەڵتانی خوێن کرد، لەسەر چی؟ داوای ئازادییان دەکرد. لەوکاتەشەوە تا ئێستا تا بۆیان کراوە بە ئاگر و ئاسن حکومیان کردووە و چەندین گەنجی خوێنگەرمی خێرلەخۆ نەدیویان کردووە بە قوربانی فیشەکێک!! بۆشیان بکرێت هەرچی گەنجە ئەکیەن بە قوربانی دەسەڵاتەکەیان…