کورد و کەوتنی ڕژێمە دکتاتۆرەکانی ناوچەکە
فەرەیدون ڕەسوڵ
دواجار ئیسرائیل بەهاوبەشی و هاوئاهەنگی ئەمریکا کۆتایی بە حوکمڕانی دەسەڵاتدار و دکتاتۆرێکی گەورە هێنا کە نزیکەی ( ٣٧ ) ساڵ وەک ڕێبەری ڕۆحی و سیاسی و ئایینی ئێرانیەکان، حوکمڕانی ترسناکترین ڕژێمی سیاسی کرد و لەو ماوەیەدا بەشێوەی وەحشیگەرایی خەڵکی دەچەوساندەوەو هیچ ئازادییەک بۆخەڵکی ئێران فەراهەم نەبوو.
عەلی خامنەیی گەورە دکتاتۆری سەردەم لەساڵی ١٩٨٩ەوە ڕێبەری باڵای کۆماری سێدارەی ئێرانە، تۆڵەی هەزاران ڕۆڵەی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانی لێ بووەوەو بەدەستی ئەمریکاو ئیسرائیل کوژرا، کوشتنی ئەو لەکاتێکدایە کە سەروەت و سامان و دەسەڵات و سوپا و هیچ شتێک فریای نەکەوتن، ئەگەرچی بەپێی یاسای بنەڕەتی ئێران، باڵاترین دەسەڵاتدار و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە بوو، هەروەها درێژترین ماوەی دەسەڵاتداری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو، بەڵام دواجار ڕژێمەکەی بەسەریەکدا ڕوخێنراو کۆتایی بەسەردەمی دەسەڵاتی ئەم دکتاتۆرەش هێنرا.
ئەمە چارەنووسی هەموو دکتاتۆرەکانی ناوچەکەیە بە کوردیشەوە، ئێستا لەکوردستان حوکمڕانیەکی دکتاتۆر و فەساد هەیە و هیچ جۆرە ئازادیەکی سیاسی و ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین نیە، لەبری ئەوەی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی سوود لەکەوتنی ئەم ڕژێمە دکتاتۆرانە وەربگرن، زیاتر خۆیان تووندوتۆڵ دەکەن و لەخواست و داواکاری خەڵک دوور دەکەونەوە.
دواجار ڕۆژگارێک دێت گرێکوێرەی ئەم دەسەڵات و دەسەڵاتدرانەی ئێمەش دەکرێتەوە و کۆتایی بە سەڵتەنەت و ستەمکاریان دێت، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕژێمی سێدارەی ئێران و حوکمڕانی پارتی و یەکێتیدا نیە، ئەمانیش دوا مەنزڵیان ژێر داروپەردووی ئەو کۆشک و باڵەخانە بەرزانەیە کە بەپارەی ئەم میللەتە دروستیان کردوون.















Post Comment