کورد لە نێوان ئۆراسی و ئەتڵەسیدا
بۆ ئەوەی سەرەداوی رووداوەکان لەم سەردەمی دەرەجەنگەدا کۆکەینەوە و لەیەکیان گرێدەین، ئاڵقەیان تێخەین و گەوەیان بدەین، دەبێت لۆجکیانە و واقعیانە بۆ هەڵسەنگاندنی رووداوەکان بچین و رەورەوەی مێژوو بە دروستی بخوێنینەوە، فاکتەرەکانی گۆران لەم دەمەی هۆشی بنیادەم گیرۆدە و سەرقاڵی مەترسی روودانی شەڕێکی گشتگیرە، دەخوازن هەریەکەیان وەک خۆی و دوور لە خۆش میزاجی و باوەر تۆزاوی بخەینە ناو تەرازوی گریمانە و لە ئەجندای زلهێزەکانی بدەین، لە رووی سیاسی و سەربازی و ئابووریەوە هاڵیان بدەین و لە گەڵ فاکتەری جوگرافیای سیاسیدا بیانگوشین تا راستیەکانمان بۆ روون دەبێتەوە. خۆم لە تەک خۆم مایل بە گومانم، کە لەم میانەیەدا ئێمەی کورد ئەوەندە خاوەن سەلیقە بین بتوانین لەم گەردەلول ئاگرەی گۆرانکاریەدا بە سەلامەتی رزگارمان بێت. ئەمەی دەیڵێم ڕەش بینی نیە، بەڵکو ترسێکی هەقیقیە. لە دەمێکداین چەخماخەی شەڕ و هەوری بۆری نائومێدی تەواوی ئاسمانی داپۆشیوە، کەچی ئێمە سەرقاڵ و مەستی باسک باسکێنەی لۆکاڵی و رکەبەرایەتی و هەوڵی شکاندنی یەکترین.
جیهان بە گشتی لە سەر کورەی ئاور دەکوڵێت، خۆرهەڵاتی ناوەراست چەقی گۆرانکاری و رووداورکانە. سیستمێکی بە هەموو بەها و مۆراڵ و دنیابینی و هزر و خەونەکانیەوە دەروخێت و مرۆڤایەتی ژانی لە دایکبوونێکی نوێ دەیگرێت. لەم مەنزیلەدا زیادەرۆی نیە، ئەگەر هۆشمان بۆ ئەوە بچێت، کە ئێمەی کورد لە بەردەم وەیشومەیەکی زۆر دژوار و سەختداین. لە نێوان باسک باسکێنە و پەتپەتێنەی زلهێزەکاندا وەگیر هاتووین. جا بۆ ئەوەی نەبینە قوربانی ئەقڵ قوندەی خۆمان و رەنجمان بێ حاسڵ بە با نەچێت دەبێت زۆر وریایانە و بە دیقەت روداو و ئەجندا سیاسیەکانی زل هیزەکان و بەرژەوەندیەکانیان بخوێنینەوەو هەڵیان سەنگێنین و شەن و کەوی بکەن، جا بزانین کامیان لە گەڵ خواست و بەرژەوەندی و ئەجندای نەتەوەی ئێمەدا جووت دێتەوە، خۆمان لە سێبەری ئەودا وەکەوین. تا ئەورۆ داگیکەرانی کوردستان لە هەرچوار پارچەدا ئامادە نین دان بە مافی نەتەویماندا بنێن، مرخیان لە ساویلکەی و خۆش باوەری و کاڵفامی ئێمە خۆش کردوە. داگیرکەری دڵ پڕ لە قین و تینوی خوێنی ئێمە ئەگەر لە ئێستادا کەوتوەتە شاباش و پیاهەڵدانی کورد و بەڵێن و پەیمانی بێ سێبەرمان پێ دەفرۆشێت، هەرکە سێبەری شومی کوندەبەبووی گۆرانکاریرکانیان لە سەر لاچێت، هیچ گومانی نیە، کە دەبنەوە گورگە بۆرەکە، ئەوەی وەبەر گوێچکەمانی دەخەن سیخناخە لە درۆ و فێڵ. لە هەقەتدا ئەوەی یەقینە لە خراپترین و دژوارترین دۆخدا داگیرکەران لە سەر دڵیان گرانە دان بە مافی رەوای ئێمەدا بنێن، هە موو ئەمرو خەتیان تەنیا بۆ تەفرەدان و لە خشتە بردنی ئێمەیە.
لە ئارەستە گشتیەکەیدا خۆرهەڵاتی ناوەراست دوو پرۆژە لە باس باسکێنە و هەوڵی یەکتر سرینەوەدان. لە مەنزیلەدا پرسی کورد و ئایندەی سیاسی لە محەکی خوێندنەوەیکی لۆجیکیانە و ئەقڵانی کورد خۆیدا رێرەوی دروست دەدۆزێتەوە. پرۆژەی بەرەی رووسیا – چین، پرۆژەی ئۆراسیا دنیابینی و باوەری بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەی کورد لە بازنەیەکی داخراودا و بە روونی مافی نەتەوەی لە چوارچێوەی ئەجندای سیاسی دەوڵەتانی هەرێمایەتی داگیرکەری کوردستانەوە دەبینێت. ئەلئەسکەندەر دۆگین، کە بە ئەقڵی پوتین و داهێنەری پرۆژەی ئۆراسی و تیۆری چوارەمی سیاسەت دەناسرێتەوە، لە مەر دیاریکردنی مافی نەتەوەی کورد راشکاوانە دەڵێت؛ کورد لە بەردەم دوو بژاردەدایە، یەکیان دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیە، ئەویتریان دەستخستنی مافی ژیانە. بژاردەی یەکەم تەنیا لە ئەجندای سیاسی ئەمەریکیەکاندا جێگای دەبێتەوە، کوردەکان لە هاوپەیمانی ئەمەریکادا دەتوانن ئەو خەونە بە دەست بێنن. لە ستراتیج و سیاسی نێوان ئەمەریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل دا، لە نەخشەرێگای جیۆسیاسی ئەتڵەسیدا زەخمێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە ئارادایە. لەم بژاردەیەدا کورد بە فەرمی دەچنە بەرەی لیبرالیزم و ئەمەریکاوە، بە واتە دەبنە دوژمنی بەرەی ئۆراسی. لە مەودای دوورتردا دەبنە بەشێک رێکەوتنامەی برایمی، کە لە ئەورۆدا زۆربەی وڵاتە هەرێمایەتیە گەورەکان دژی ئەو رێکەوتنەن، بە واتە کورد دەبێتە دوژمنی تەواوی وڵاتانی (تورکیا، ئێران، سعودیە، جەزائیر، و چەندین وڵاتی تر). لە هەڵبژاردەی دووەمدا دەبێت کورد خۆی لە بەرەی ئۆراسیادا ساخ بکاتەوە. لە ناو ئەجندا و دنیابینی ئەم وڵاتانەدا مافی ژیان کردن بۆ خۆی بونیاد بناتەوە. لەم هەڵبژاردەیەدا مەرجی ئەوەیە دەستبەرداری خەون و خواستی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و ەکانیان بن لە گەڵ ئەمەریکادا.
دۆگین ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە لە پرۆژەی ئۆراسیادا تەواوی کێشە کەلتوری و شارستانی و ئاینی و رەسەنایەتیەکانیان بە لێکتێگەیشتن، چارەسەر دەبێت. لەم کەتوارەدا وڵاتانی (تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا) هاو ئاوازی رووسەکانن. دەر حاڵ ئەم ئەجندایە باشترین خزمەت بە ئەجندای سیاسی وڵاتنی هەرێمایەتی دەکات و بە هەموو پێوەرێک لە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد نزیک نابێتەوە، لە کەناری بەرژەوەندی شۆفینزمی نەتەوەی داگیرکەرانی کوردستاندا گەمە دەکات. باڵفتەی ئامانج رووسەکان ئەم پرۆژەیەیان بۆ رازیکردنی ئەم وڵاتان لە سەر حیسابی کورد داناوە.
ئۆراسیەکان لە هیچ پارچەیەکی کوردستان مافی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ کورد بە رەوا نابینن، ناراستەوخۆش دوژمنایەتیان بۆ پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بەیان دەکەن. لە بەرانبەردا لە گەڵ ئەوەی ئەمەریکا لە قۆناغی وەحشیگەرایدایە، بەڵام ئەجندای سیاسی و نەخشەرێگای بونیادنانەوەی خۆی وەک جەمسەرێکی نوێی دەخوازێت چەندین وڵاتی هەرێمایەتی گەورەی وەک تورکیا و ئێران بروخێنێ، ئەمە جگە لەوەی بە ئاشکرا باس لە هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتننامەی شومی سایکس بیکۆ دەکات.















Post Comment