ته‌مموز 21, 2025

ژینگە لەکوردستان

جار بینراوە: (7.3K)

د.کەمال بێوار

ئەمەریکا، سەلت لایک ستی، یوتا

ئەم هاوینە، بە خۆشحاڵیێکی زۆر گەڕامەوە بۆ نیشتمانە خۆشەویستەکەم–کوردستان. وەک هەمیشە سەردانی کوردستان دڵ وهەستم پڕم دەکات لە خۆشی و شانازی. هەر لەو ساتەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاتمەخوارەوە، هەستم بە دڵخۆشێکی زۆر کرد. بەفڕۆکەخانە مۆدێرن و پاک و خاوێنە کەی، بە شێوەیەکی جوان و پیشەیی بەڕێوەدەبردرا- هاوتای زۆرێک لە فڕۆکەخانانەی ئەوروپا و ئەمریکا بینیومە. ساتێک بوو کە من شانازی بکەم   وەک کوردێک.

بەڕێزان، لێرەوە دەمەوێت بڵێم، کوردستان بەڕاستی گەوهەرێکە- شوێنێکە پڕە لە جوانی  بە سروشتی خۆی  بێهاوتایە. کاتێ مرۆڤ سەیری شاخی بەرزە و دار و دارستانی، ئاوی کانی سازگار و دیمەنی جوانی خوڕەی تاڤگەی قەتپاڵ شاخی  دڵفڕێنی دەکەی، بەهەشتێکە و بێ وێنەیە لە جیهان . بە تایبەتی لە مانگەکانی هاویندا ئەوەندە شوێنی ئارام بەخش هەن کە هەست دەکەیت چی لە وڵاتانی دونیا کەمتر نیە.  بەهەشتێکی سەر زەویە بۆخۆی.  

بەڵام لەناو ئەو هەموو جوانییەدا شتێک هەیە کە لەناخەوە خەمباری کردم: بوونی زۆری زبڵ و نەبوونی پاکوخاوێنی لە شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان. ئەم بابەتە تەنیا لە شوێنێکی سنووردار نەبوو- لە کاتێکدا سەردانێکم کرد بۆ شوێنێکی زۆر جوان و دڵڕفێن لە زاخۆ  کە وەک نموونەیەک دەهێنمەوە لێرە. هەروەها، لە سلێمانی و هەولێر و ئاکرێش شایەتی بارودۆخی هاوشێوە بووم کێشەکە، کێشەیێکی بەربڵاوە.

 ڕۆژێک، سەردانی کانییەکی سروشتی جوان وسەرسوڕهێنەرم کرد لە نزیک شارۆچکەی زاخۆ- شوێنێکی هێندە ناوازە و دڵڕفێن بوو کە دەتوانێت ڕکابەری بەناوبانگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئەوروپا یان ئەمریکای باکوور بکات. ئاو بە نەرمی لە دڵی شاخەکەوە(لە ئەشکەوت) دەڕژا و  دەهاتە دەر کە زۆر دیمەنێکی جوان و دڵڕفێن مرۆڤ بە چاوی خۆی نەی دیبایە باوەی پێ نەدەکرد. بەڵام ناوچەکە بە تەواوی زبڵ و خاشاک بوو. زبڵ و خاشاک لە هەموو شوێنێک بوو. قونکە جگەرە و بتلی پلاستیک دیمەنە جوان دڵرفێنەکەی تێکدابوو. هەرچەندە دیمەنەکە زۆر جوان و دڵفڕێن بوو، بەڵام سەختە چێژێکی تەواو لەو شوێنە وەربگریت کاتێک شووشە و پلاستیکی و قونکە جگەرە و زبڵ و خاشاک بەسەر زەویدا بڵاوبوونەتەوە. دیمەنەکە ئەوەندە دڵتەنگکەر بوو، بە هاوڕێکانم گوت دەمەوێت بڕۆم. چەند دەقیقەیەک خۆم ڕاگرت و ڕۆیشتم.

لەوەش بێزارکەرتر ئەوە بوو کە خەڵکانێک لە بەر دەرگاکە کە دەچوویتە  ژوورەوە پارەیان کۆدەکردەوە. پارە کۆکردنەوەکە زۆر کەم بوو، وابزانم هەزار دینارێک بوو. بە شێوەیەکی سروشتی وامدەزانی ئەم پارەیە بۆ پاراستنی پاک و خاوێنی ناوچەکە بەکاردێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە وا نەبوو. من خۆم  ئاواتەخواز بووم پارەیێکی زیاتریان لێم وەربگرتبا- تەنانەت پێنج دۆلاریش- ئەگەر بە مانای ئەوە بێت کە پاک و خاوێنی  شوێنەکە ڕابگرن و پاکی  بکانەوە و سەبەتەی زبڵ و خاشاک دابین بکەن تا جوانی و دیمەنی شوێنەکە بپارێزن.

بێگومان ئەو بابەتە تەنها پەیوەندی بەو چاودێرانەوە نییە یان ئەوانەی پارە کۆدەکەنەوە. ڕەنگدانەوەی کێشەیەکی فراوانترە: ڕەنگدانەوەی نەبوونی بەرپرسیارێتی تاکە لە ناو زۆرێک لە هاووڵاتیاندا. بەڵێ، دەتوانین بێکۆتا باس لە گەندەڵی و حوکمڕانی شکستخواردوو و نەبوونی چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین- بەڵام پاک ڕاگرتنی کوردستان پێویستی بە دەستێوەردانی حکومەت نیە. بەرپرسیارێتییەکی سەرەتایی تاک وکەسی کوردستانە.

لە ساڵی 1996چەند ساڵێک بوو هاتبووم بۆ ئەمەریکا لە شاری سەلت لایک، ولایەتی یوتا. ڕۆژێ لەگەڵ هاوڕێ ئەمریکیەکەم ( پۆڵ) سەردانی پڕۆژەی بەنداوێکم کرد لە شاری ڕۆزڤێڵت لە گەڵ هاوکارەکەی کە ناوی لەزلی بوو. هەردووکیان ئەندازیار بوون . لەزلی سەرپرشتیار پرۆژەێکی بەنداوی ئاو بوو لە ڕۆزەڤێلت. گووتی بڕۆ با بچین سەردانێکی پرۆژەکە بکەین. پڕۆژەکە دوور بوو لە شارۆچکەی ڕۆزەڤێلت. کاتێ گەیشتینە ئەوێ، لە ئۆتۆمبیلە دابەزین و منیش جگەرەکەم دەرهان و دەستم کرد بە جگەر کێشان. لەو کاتەدا هێشتا جگەرەکێش بووم.لە کاتی قسەکردندا منیش جگەرەکەم تەواو کرد و ئاسایی قونکی جگەرەکەم فڕێدا سەر عەردەکە. لەزلی منی بینی جگەرەکەم فڕێدا یەکسەر وەستا لە قسەکرد لە گەڵ پۆڵ و وتی: بێوار، تکایە قونکی جگەرەکەت هەڵگرەوە. منیش واقیم وڕما لەم هەڵوێستەی و سەیرێکی پۆڵم کرد چاوەڕێ بووم یارمەتیم بدات نەهێڵێت ئەو کارەم پێبکات. منیش، پێکەنیم و وەڵامم دایەوە: ئێمە لە شوێنێکی دوور شارین جا چیە ئەگەر لێرە جگەرەکەم فڕێ بدەم! بەڵام لەزلی زۆر بە توڕەیی و توندی سەیرێکی کردم و دووبارە وتی: “گرنگ نییە لە کوێین، ئەم زەوی و سروشتە بەشێکە لە ژینگەی ئێمە وە بەشێکیشە لە م وڵاتە، دەبێت پاکی ئێرە بپارێزیین.  بەردەوام بوو لە قسەکردنی و گوتی، زبڵدانێک لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەیە، کە گەڕاینەوە- دەتوانیت لەوێ بیخەیتە ناو زبڵدانەکە . لەو کاتە، هەست بە شەرمەزارێکی زۆر کرد ، بەڵام هەرگیز ئەو ساتەم لەبیر نەکرد. هەتا هەتایە منی گۆڕی.

ئەو ئەزموونە فێری کردم کە هاوڵاتییەکی دڵسۆز بە کردەوەی باش و بچووکەوە دەست پێدەکات. ئەو کردەوەیە نیشانیدام کە ڕێزگرتن و پاراستنی ئەو زەوییەی کە لەسەری دەژیت بەرپرسیارێتی هەموومانە، بەتایبەت وڵاتی خۆت. پێویستە هەموومان بەرپرسانە پاک و خاوێنی وڵات بپارێزین  نەک لەبەر ئەوەی کەسێک یان یاسا چاودێریمان دەکات، بەڵکو لەبەر ئەوەی کارێکی ڕاست و دروستە. ئەوکارە نیشانەی ڕێزگرتنە لە خۆت و کۆمەڵگاکەت و نەوەکانی داهاتووت.

کەواتە خوشک و برایانی خۆشەویستی کورد: پاکوخاوێنی و خەمخۆری زێدی خۆمان تەنها کاری حکومەت نییە. کاری ئێمەیە. هەریەک لە ئێمە ڕۆڵی خۆمان هەیە لە پاراستنی جوانی و پاکی کوردستان. ئەگەر بەڕاستی وڵاتەکەمانمان خۆشبوێت، دەبێت بە هەمان ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین  کە وەک چۆن مامەڵە لەگەڵ ماڵی خۆمان  دەکەین.

با نیشانی گەشتیاران و مێوانانی کوردستان بدەین کە ئێمە گرنگی بە وڵاتەکەی خۆمان دەدەین. با پاک و خاوێنی  کوردستان بە شانازیە بپارێزیین- نەک هەر بە وتە بەڵکو بە کردار.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas