×

ڕێککەوتنە تازەکانی هەرێم و بەغدا، هەڵسەنگاندنێکی واقیعبینانە

ڕێککەوتنە تازەکانی هەرێم و بەغدا، هەڵسەنگاندنێکی واقیعبینانە

جار بینراوە: (1.7K)

ڕێبوار عبداللە

لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق و لە گەرمەی نووسینەوەی دەستووری ئەو وڵاتەدا، کورد وەک کارەکتەرێکی ئازا و لێزان لەنێو لێژنەکانی نووسینەوەی دەستووردا، توانی زۆرترین ماف و خواستە بەدینەهاتووەکانی خۆی لە بڕگە و ماددە دەستوورییەکاندا، جێکەوتە بکات؛ بەتایبەت ماددەکانی (۱۱۱ـ۱۱۲ـ۱۱٥) کە تایبەتن بە داهاتە نیشتمانییەکان، لەنێویشیدا پرسی بەرهەمهێنان و بەبازاڕخستنی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم. کورد بە سوودووەرگرتن لەو کەلێن و کێماسییانەی لە بڕگە و ماددە دەستوورییەکاندا هەبوون، کە پەیوەست بوون بە فرۆشتن و گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان، ڕێگەی بەخۆیدا، کە پەرلەمانی کوردستان وەک مینبەرێکی یاسایی بەکاربهێنێت بۆ دەرکردنی چەند یاسایەک؛ هەر لەو سۆنگەیەوە لە ساڵی ۲۰۰۷دا، دەسەڵاتی هەرێمایەتیی خۆی بەرزکردەوە بۆ ئاستی واژۆی گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بیانی، هەتا دەگاتە دەوڵەتانی ناوچەکەش، ئەمە لەکاتێکدا لە شێوەی خۆبەڕێوەبەریی فیدراڵیدا ئەو مافانە ناوەندین و حکومەتە خۆجێییەکان ناتوانن پەل بهاون بۆ گرێبەستی نێودەوڵەتی.
هەر بە سوودوەرگرتن لە لاوازیی حکومەتی ناوەند و سەرهەڵدانی گرووپە توندئاژۆ تیرۆرستییەکان، قەڵەمڕەویی دەسەڵاتی سیاسیی خۆی بەرزکردەوە بۆ نیمچەدەوڵەتێکی نافەرمیی دەستڕۆیشتوو، ئەمە لەکاتێکدا یاسا فیدڕاڵییەکان.
لە ساڵی ۲۰۰۹ پڕۆسەی فرۆشتنی نەوت لەڕێی تانکەرەوە چالاککرا، لە بەهاری ۲۰۱۰ نەهامەتییەکان زێدەتر بوون، کاتێک هەردوو سەرکردەی کورد تاڵەبانی و بارزانی، سوکانی نەوتی هەرێمیان بادا و جاڕی بەڕێکردنی نەوتیان لەڕێی تورکیاوە دا؛ بەڵام لە بەهاری ساڵی ۲۰۱۳دا، هەرێم ناماقووڵترین بڕیاری سیاسیی خۆی دا، کە هێشتا لێکەوتە و کاریگەرییەکانی بەسەر ژیانی تاک بە تاکی هاوڵاتییانەوە دیارە، ئەویش بارگرانییە گەورەکەی “ئابووری سەربەخۆ” بوو. هەر ساڵێک دوای ئەوە و لەگەڵ دەستپێکی شەڕی داعشدا، کاریگەرییەکانی بڕیاری ئابووری سەربەخۆ، ڕەنگدانەوەیان بەسەر بڕینی مووچە و بودجەی هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکەوت، تا کار گەیشتە سەر فرۆشتنی ئەو بۆڕییە نەوتەش، کە بە ملیاران دۆلاری قەرزوقۆڵەی قووتی مووچەخۆر و ڕەشوڕووتی ئەم میللەتە کڕیبوویان. لێرەدا پرسیاری ڕژد و بەرکار ئەوەیە، نەوت چی لە دۆخی ژیانی خەڵک گۆڕی؟ ئەی لە بەرانبەردا بۆ کێ بوو بە چرای خۆشگوزەرانی؟ هەر پەیوەست بەم باسە، دەکرێ وەڵامەکەی لە ڕووگەشیی و خۆشحاڵیی تاک بەتاکی هاوڵاتییانی هەرێمدا ببینیتەوە، کە ئەرێنی و گەش لە پڕۆسەی ڕادەستکردنی نەوتی خاکەکەی خۆیان دەڕوانن، بە دەوڵەتێک کە هەتا دوێنێ وەک ڕموزنێکی دڕندە بۆیان وێنا کرابوو. ئایا لە حاڵێکدا کە نەوتی فرۆشراوی ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوو خۆشگوزەرانیی و ئاوەدانی لێکەوتبایەوە، ئێستا هاونیشتمانییانی باشوور بە وەها بڕیارێک ڕازی و دڵخۆش دەبوون، یاخود نیگەران و ناڕەحەت؟
ئەوەمان بیر نەچێت، گرێبەستەکانی ئەمجارە، هێندە یاسابەند و بێ درز و کەلێن ئەنجامدراون، هیچ ڕێچارەیەکیان بۆ دەرباز و خۆقکردنی سەرانی حکومڕانی هەرێم نەهێشتووەتەوە، هەتا بتوانن هەڵیان بوەشێننەوە. حکومەتی ناوەندی لەڕێی گرێبەستەکانی هەناردەکردنەوە جیا لەوەی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی خستووەتە ژێر باری پابەندبوونی مەرجدار و چاودێریکراو، تەنانەت حکومەتی تورکیاشی هێناوەتە ژێر باری ڕێگریکردن لە هەناردەی نەوتی نایاسایی، لەڕێی هەر بۆری و چاوگێک کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەند بێت.
داهاتووی ڕێککەوتنەکە

بە گریمانەی ئەوەی کاتێک هەرێم پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبێت، هەنگاوی یەکەم، خۆکردانە سەرجەم شایستە داراییەکان دەبڕدرێن، بێگومان ڕۆژ بەڕۆژ حکومەتی عیراق بەهێزتر و دەستکراوەتر دەبێت، بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و دەستووری بەرانبەر قەوارەی هەرێم و ئەو کیانە دەستوورییەی، کە هەر خۆی ددانی پێداناوە، بۆچوونی زۆرێک لە یاساناس و شارەزایانی دەستوور ئەوەیە، کە خولی ئاییندەی پەرلەمانی عیراق، کارایانە بکەوێتە جووڵە بۆ هەندێک گۆڕانی دەستووری و سازدانی ڕاپرسی بۆی، بێگومان ئەمەش نەک لە قازانجی گەلی کورد و قەوارە دەستوورییەکەیدا نییە، بەڵکە بیانوویەکی بێ چەندوچوونی ئیرادەی سیاسیی شیعەشە، بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی بونیادنانی و عیراقێکی بەهێز.
دۆخی نێوخۆیی
لە ئاستی نێوخۆی هەرێمدا، ئەوەی چەند ساڵ بوو باری لاری نێوان لایەنەکانی بە سەنگینی و هاوتایی ڕاگرتبوو، کاسەی پڕی پارەی نەوت بوو، کاتێک نەوت فرۆشتنی نەوت و مەلەفی سووتەمەنی بەگشتی لە دەست نوخبەی فەرمانڕەوای بنەماڵەکان دەردەهێنرێ، ئیدی لە وەها دۆخێکدا کاسەیەک نامێنێت بە پارەی نەوت پڕکرابێت، بۆیە چاوەڕوانکراوە کە ئاشتیی ماڵی کوردیش تێکبچێت و وەک ساڵانی گۆرین، هەردوو لایەنە چەکدارەکەی هەرێم، بەرۆکگیری یەکدی ببن، هەروەک چۆن لەدوای ڕاپەڕین لەسەر گومرگ و داهاتی بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین،

خوێناویترین شەڕی یەکدی کوشتن و سنوورکێشیی شارەکانیان هێنایە ئاراوە.

لەم ڕوانگەیەوە دەکرێ بڵێین، ئەگەر بەڕێکردنەوەی نەوت لەڕێی حکومەتی ناوەندییەوە، خاڵێکی گەشی تێدابێت، کە خۆی لە دۆخی ئابووریدا دەبینێتەوە، ئەوا چەندین خاڵی لاواز و لاری تێدایە، کە هەمووی لە زیانی هەرێم و دۆخی حکومڕانییەکەیەتی.

بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی. نووسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای کۆیباس. I Razhan Ahmed. I have BA in English Language and Literature.I become an active writer and designer for Koibas'a website.

بابەتى تر

👤
Live: 79 Today: 1,536 📊 Click Here