” ڕۆڵی میدیا لە ململانێی نێوان حیزبە دەسەڵاتدراەکاندا “
فەرمان محمد حاجی
ڕۆژنامەگەری پیشەیەکی ئەخلاقی و پیرۆزە لەهەر کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتودا، بوونی میدیای پیشەیی نیشانەو هێمای گەشەسەندنی ئەو وڵاتەیە، بەڵام بەپێچەوانەوەش میدیای نابەرپرس و ناپیشەیی دەبێتە هەوێنی ڕشتنی ژەهری ڕق و قینە و نانەوەی فەوزاو ئاشووب لەناو کۆمەڵگادا.
لەهەرێمی کوردستاندا حیزب و کەسایەتیە باڵادەستەکانی ناو حیزب خاوەنی دەزگایی میدیایین کە ساڵانە دەیان ملیار دیناریان لەداهاتی گشتی بۆ خەرج دەکرێت، بەبێ ئەوەی ئەو میدیایانە کاریگەری باش و ئەرێنیان هەبێت لەسەر کۆمەڵگا، بەپێچەوانەوە میدیای کوردی بەتایبەت میدیای سەر بەپارتی و یەکێتی ڕۆژانە سەرقاڵی دروستکردنی ڕق و قینەن لەنێوان چینەکانی کۆمەڵگادا، خراپترین کاریگەری سلبی لەسەر دۆخی دەرونی هاوڵاتیان جێدەهێڵن، زۆر نائەخلاقیانە کاری ڕاگەیاندن دەکەن و بەریەککەوتن و فەوزاو ئاژاوەگێڕی درووست دەکەن، میدیاکانی پارتی و یەکێتی دوورن لەهەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئیتیکی کاری ڕاگەیاندن.
میدیاکانی پارتی و یەکێتی لەکاتی ناهەمواری دۆخی سیاسی و ناجێگیری نێوان حیزبە سیاسەکان بەتایبەت لەکاتی تێکچوونی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی، لەبری ڕەواندنەوەی گرژیەکان و هەوڵی هێنانەکایەی ئاشتی و لەیەکتر نزیکردنەوەیان، خراپترین ڕۆڵ دەگێڕن و ئاگری شەڕو فیتنە خۆش دەکەن و ئازاری دەروونی هاوڵاتیان دەدەن، میدیا دەبێت لەکاتە هەستیارەکاندا ڕۆڵی نەرم ببینێت نەک ببێتە مایەی تێکدانی شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حیزبەکان و هاوڵاتیان.
پارتی و یەکێتی میدیا وەک کەرستەیەکی نائەخلاقی بەرامبەر یەکتری بەکاردەهێنن، لەڕێگەی میدیاوە ڕاستی و حەقیقەتی نێوان خۆیان و ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵگا چەواشە دەکەن و هەرگیز ڕێگەنادەن هاوڵاتیان بەدەرونێکی ئارامەوە شەو و ڕۆژێک بەڕێبکەن، لەوڕێگەیش میدیاکانی خۆیان ناشرین و قێزەون دەکەن و لەلای هاوڵاتیان هیچ قیمەت و متمانەیەکیان نامێنێت.
لەڕاستیدا ئەرکی میدیا ئەوەنیە ناپیشەییانە شەڕی حیزبەکان بکات، نابێت میدیا بکەوێتە دۆخی هێرشبردن و شەڕی سیاسی حزبێک بەرامبەر حیزبێکی تر بکات، میدیا کەرستەیەکە بۆ گەیاندن و بڵاوکردنەوەی حقیقەت نەک تێوەگلان لەناوەوەی ئاشوب و تێکدانی شیرازەی سیاسی و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا، بەداخەوە ئێستا میدیاکانی پارتی و یەکێتی ڕۆڵێکی ئێجگار خراپیان هەیە لە ونکردنی ڕاستیەکان و بەرگریکردن لەسیاسەتی هەڵەو ناشرینی ئەم دوو حیزبە.















Post Comment