ته‌مموز 21, 2025

پەنا بۆ تەنەکەی خۆڵەکانتان ببەن

جار بینراوە: (3.9K)

نەوزاد  بەندی

ۆڵستۆی ئەڵێ : ئێمە زۆر جار بە دوای خۆشبەختیدا ئەگەڕێین و نایدۆزینەوە، وەک چۆن زۆر جار بە دوای چاویلکەکانما ئەگەڕێین کە بە تەپڵی سەرماندا  هەڵمانواسیوە و نایدۆزنەوە !



لە ڕاستیدا ئەگەر نان وەک هەموو کەس و شتێک ڕێزی لێ نەگریت، ئەوا  نان و کەس و شتەکەیش ڕێزت لێ ناگرن و ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەکەویتە داوی برسێتیی و بێکەسیی و هەژارییەوە.

کاتێ دوو سەرۆکی ئەوروپا و ئەمەریکا بۆ خوانێک کۆ دەبنەوە، دوو هەمبەرگر و دوو بوتڵ ئاو لە بەردەمیاندا ئەبینیت، بەڵام لە خوانی دوو سەرۆکی ووڵاتانی دواکەوتووی بەرخۆردا ، سەدان جۆر خواردن و دەستبڵاوییەکی ناشیرین و تاقەتپڕوکێنەر ئەبینیت.

جارێکیان ئۆباما و پۆتین ،سەرۆکی بەهێزترین دوو ئیمپراتۆرییەتی ئەمڕۆی جیهان، کۆبوونەوە، خوانەکەیان دوو هەمبەرگر و دوو بوتڵ ئاو بوو ، هەمان کات  چەند تەنگەئەستوورێکی دەسەڵاتداری نەوتفرۆشی کەنداوی عەرەب کۆبوونەوە، چەندین مەڕ و حوشتر ئامادە کرابوون، لە دوای خوانەکە، سەدان کیلۆ گۆشت و خواردنی بەرماوە به بیلدۆزەر کران بە ژێر گڵەوە.!

ئەوەیش به جۆرێ لە جۆرەکان وایکردووە ئۆباما و پۆتین، لەشێکی پتەو و وەرزشییان هەبێ ومیللەتەکانیان خاوەنی ئابوورییەکی بەهێز بن، بەڵام ئەوانەی کەنداو، قەڵەو و تەمەڵ و بێ هونەر و تەنگەئەستوور و پڕ لە نەخۆشی و مەرگی لەناکاون و میللەتەکانیشیان وەکو سەرۆکەکانیان بێ هونەر ژیان ئەگوزەرێنن چونکە عەرەب ووتەیەکی هەیە ئەڵێ میللەتان لەسەر ئاین و داب و نەریتی سەرۆکەکانیانن.

هەروەها وتراوە ئەوەی زۆر بخوا کەم ئەژی.

کاتێ ڕێز لە خواردن و داهاتەکەت ئەگریت، لەشێکی تەندروست و داهاتێکی جێگیرت ئەبێ و ئەتوانیت یارمەتی هەژار و کەمئەندامێکیش بدەیت،  ئەوەیش  لە مرۆڤبوون  نزیکت ئەخاتەوە.

بەڵام کاتێ ڕێز لە خواردن و داهاتەکەت ناگریت و تەخشان و پەخشانیان ئەکەیت، لەشێکی ناشیرین و عەقڵێکی دۆگما و داهاتێکی ناجێگیرت ئەبێ و ناتوانیت نانێ بدەیت بە برسییەک، ناتوانیت پارووەیەک بدەیت بە گیاندارێک کە لە بەردەرگاکەتا بە چاوی لە مۆلەق وەستاوەوە تەماشات ئەکا .

بۆ ئەوەی لە ئاستی ئابووریی و عەقڵیی و مرۆیی کەس و میللەتەکان حاڵیی بیت، تەماشای تەنەکەی خۆڵەکانیان بکە.

تەنەکەی خۆڵەکانی ئەوروپا و تەنانەت ئێران و تورکیایش، بۆگەنیان نەکردووە، چونکە ئەوان ڕێز لە خواردن ئەگرن و فڕێی نادەن، هێندەی پێویستی خۆیان ئامادە ئەکەن.

شایانی باسە چەند کرێکارێکی ئێرانیی ئیشێکیان بۆ کردم، خواردنی نیوەڕۆم بۆ هێنان . به سەرسوڕمانەوە پێیان ووتم : ئەم هەموو ئیسراف و زیادە ڕەوییە چییە کردووتانە؟ ئێمە برنج هەبێ، شلە ناخۆین.. شلە هەبێ برنجمان ناوێت.

لەکاتێکدا داوەتکردن لای  خۆمان، ئەبێ چەند جۆرێ برنج و گۆشت و شلەی پێشکەش بکەین ئەگینا خراپ باس ئەکرێین .

کە دەچینە داوای کچێک یەکەم پرسیاریان ئەوەیە کە ئایا ئەو کوڕه ڕەزیلە؟

لە ڕاستیدا  ڕەزیل کەسێکە یارمەتی هەژار و کەمتواناکان نادات، بەڵام لای ئێمە ڕەزیل کەسێکە بە ڕاست و چەپدا زیادە ڕەویی ناکات لە خواردن  پارە و داهاتدا.

کەسانێک کە ڕێز لە داهاتەکانیان ئەگرن و به پێی پێویست خەرجیان ئەکەن، بە ڕەزیل ناویان ئەبەین.

وەک دەرەنجامێکیش ئەوانەی کە دەست بڵاو و زیادەڕەون لە خەرجکردندا، ڕۆحی خۆپەرستیی و لووتبەرزیی و گەمژەییان تێدا گەشە ئەکات، ناتوانن یارمەتی هەژار و کەمدەرامەتەکان بدەن، بەپێچەوانەوە وەک کەسێکی باڵا خۆیان ئەبینن و ئەبنە شەڕەنگێز و ترسناک،  زۆرترین کێشە و کوشتن و ناتەبایی لەو ناوەندانەدا ڕوو دەدەن ئەو جۆره کەسە خۆپەرستە دەستبڵاوانەی تێدا کۆ دەبنەوە.  تاک یان میللەت لە خواردندا دەست بڵاو بێت، لە پۆشاک و ئوتومبیل و خانوو و قسەکردن  و هەموو شتەکانی تریشدا دەست بڵاو ئەبێت ، بەو جۆرە داهاتی نیشتمانیی و تاکەکەسیی ئەو میللەتانە  لە هیچدا بە هەدەر ئەدرێن،   زۆر تێرن یان زۆر برسین ..بێدەنگ و زیزن لە یەکتریی یان زۆربڵێ و بێزارکەرن.

لەوەیش زیاتر  دیاردە و دیمەن و تابلۆی ناشیرینیان تێدا  سەرهەڵدەدات،  بۆ نمونە چێشتخانەی زیادە ڕەو، کە تەنەکەی خۆڵەکانی پڕپڕن لە پاشماوەی خواردن، لە بەرامبەردا هەژاران لەبەردەم ئەو چێشتخانانەدا سواڵ ئەکەن بۆ نانێک.. ئۆتۆمبیلی گرانبەها بە  دەیان و سەدان هەزار دۆلار ئەبینی، لە بەرامبەردا  هەموو کۆمەڵگا داد و بێدادیانە لەدەست هەژاریی و بێ بازاڕیی و ئیفلاسیی .. کۆشک و تەلاری زۆر شاهانە و گرانبەها سەر هەڵدەدەن، لە بەرامبەردا خەڵکەکە هاواری لێ بەرز دەبێتەوە لەبەر کرێچێتیی و هەندێکیان لە گوێی شەقامەکاندا ڕەشماڵ هەڵدەدەن بۆ ئەوەی بە کردار بیسەلمێنن کەوتوونەتە سەر پلێت و سەر ساجی عەلی، تاکو خێرخوازان فریایان بکەون.

سەرۆکێک ئەبینی نرخی سەعاتەکەی مەچەکی حەوت؛ هەشت ملیۆن دۆلارە کەچی بە خەمگینییەوە ئەڵێ ناتوانین موچەی موچەخۆرەکانمان بدەین ..دیاردەی کۆکردنەوەی خۆراک لە تەنەکەی خۆڵەکاندا .. تابلۆی بۆگەنبوونی هەموو تەنەکەکان بە هۆی پاشەکەوتکردنی  خواردن و داهاتی میللەت لە تیایاندا  ..بۆگەنکردنیان و گۆڕینیان بۆ ناوەندی بڵاو بوونەوەی بەکتریا و مشەخۆر و مێرووەکان و نەخۆشییەکان و بۆنی پیس.

دیاردەی هەبوونی تریلیۆنەها دۆلار و سەدان ملیاردێر لە ووڵاتدا، بە بێ ئەوەی کێشەکانی کارەبا و ئاو و ڕێگا و بان و هەژاریی چارەسەر بکرێن.

ئەوە ڕێک ووتەکەی نووسەر و بیریاری مەزنی ڕوسیا و جیهانە، چاویلکەکە بەسەر سەرمانەوەیه و کەچی نابینین و بە کوێریی ژیان بەسەر ئەبەین .. بەختەوەرییەکە هەیە و کەچی ناتوانین لێی سود مەند و بەختەوەر بین .

دەرئەنجامەکانی میللەتانی لووتبەرز و زیادە ڕەویش زۆرن، وەکو دیاردەی پارچە پارچه بوونی کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و ئاینیی و نیشتمانیی و سیاسیی ..دیاردەی قۆرخکردنی زەوی و داهات و عەقڵی یەکتریی.. دیاردەی تێر نەبوون و چاوبرسێتیی .. دیاردەی بێ منەتیی  و سوککردنی یەکتر .. بە کۆڵەکەی ئاشدا چوونی سەرکردەی فریادڕەس و کاریزما .. هەڵخەڵەتاندن و ئیستیغلالکردنی یەکتریی لە ژێر ناوی نیشتمانپەروەریی و ئاینیی و مرۆڤایەتیدا ..دیاردەی کۆچکردن و سەرهەڵگرتن و سڕینەوەی گەل و نیشتمان و ئینتیما .. دیاردەی نائومێد بوون لە دەسەڵات و میللەت و نیشتمان ..دیاردەی نەدۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ و ڕیفۆرمی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ..سەرهەڵدانی ڕق و تۆڵە لە نێوان میللەت و دەسەڵات و حیزب و دەستە و تاقم و بنەماڵە و خێزان و ئاین و مەزهەبەکاندا..گەمەی سیاسیی و ئەشکەنجەدان و تاوان و هەڵوەشانی خێزان و بڵاو بوونەوەی بێ ڕەوشتیی و لەشفرۆشیی و بازرگانیی مادە هۆشبەر و سڕکەرەکان  ..دیاردەی بێ خەمیی حوکمەت و میللەت لەبەرامبەر نەهامەتییە گەورەکاندا .. گەلێک دەرەنجامی گاڵتەجاڕی  تر ، کە کۆڵۆنیالیزمە جیهانییەکان سوودی لێدەبینن و بە ئاژاوەی بنایتنەر (الفوضی الخلاقة ) پێناسەیان کردووە .. لە کاتێکدا میللەتێک لەناو گێژاوی ئاژاوەدا ئەتلێنەوە، کۆڵۆنیالیستەکان وەبەرهێنان لەو ئاژاوەیەدا ئەکەن، سیاسەتی میلیتاریی و ئابووریی  خۆیانیان بە سەردا  ئەسەپێنن ، داهاتەکانیان ئەدزن و ئەیانکەنە پاشکۆی خۆیان.

جێگای پێکەنین و گریانیشە کە سەرۆکی گەورە کۆڵۆنیالیستێکی وەک تڕەمپ لە وەڵامی ڕۆژنامەنوسێکدا بە گاڵتە جاڕییەوە ئەڵێ : عێراق کەی ووڵاتە ؟ ووڵاتی چی ؟

بەڵام شەرم ناکات و لە خۆی ناپرسێ کە ئەمەریکا خۆی ڕاستەخۆ ئەو ڕیفۆرمەی لە عێراقدا کرد و ڕژێمی بەعسی ڕوخاند و بە حیساب عێراقی نوێی هێنایە ئاراوە.

ئەمە پێی دەووترێت : ڕاوکردن لەناو گۆمی لێخندا ، ئەوەی تیایدا کۆڵۆنیالیستەکانی پشکی شێر ئەدزن و پاشماوەکانیش بۆ بریکار و جەردە و کاسەلێسەکانیان بەجێدەهێڵن.. ئەو گۆمەی  تیایدا قەدری سنعەتکار وون دەبێ وەک عەبدوڵا گۆران لە شیعری دەروێش عەبدوڵادا وێنای کردووە .

کەواتە پێویستە لەم بار و دۆخە گاڵتە جاڕەی ئەمڕۆدا، کە 70 ڕۆژە موچەی میللەتێک نادیارە، بگەڕێینەوە بۆ لای تەنەکەی خۆڵەکانمان، ئەو سەتڵە بۆگەنەی کە دەرەنجامی هەموو نەهامەتییەکانمانە ، لەوێدا بیر بکەینەوە، هەر هیچ نەبێ بۆ دداننان بە هەڵەکانماندا و .. دەستپێکردن و ڕیفۆرمێکی تازە لە سفرەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas