پێویستە بەرپرسانی هەرێم داوای هەڵوێستی كردارەكی لەبەغدا بكەن
چەند رۆژێكە پەرەسەندنێكی زۆر لەلایەن ئێرانەوە دژی هەرێمی كوردستان لەڕێی میلیشیاكانی شیعە هەستی پێدەكرێت. پێرێ رۆژ گروپێكی میلیشیایی شیعە لەبەغدا بەیاننامەیەكیان دژ بەئەفسەرانی كورد لەناو سوپای عیراق دەركرد و تۆمەتباریان كردن بەسیخوڕیكردن. لەم هەفتەیەش دووجار بارەگاكانی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئێرانەوە لەڕێی گروپە میلیشیاكانی شیعەی عیراق موشەكباران كراون، بەتایبەت پەلاماردانەكەی شەوی رابردوو كە بووە هۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە، رووداوێك بوو رەنگە لێكەوتە بەدوایخۆیدا بێنێت.
سەبارەت بەم رووداوەوە، پێویستە لێپرسراوانی هەرێم هەڵوەستەیەكی كردارەكی بكەن بۆ رێگریكردن لەو پەرەسەندنە مەترسیدارەو ئەو جۆرە پەلاماردانانە، ئەویش لەڕێی ئەمریكاو هاوپەیمانانەوە فشار لەبەغدا بكرێت، كەچی تائێستا بەغدا هیچ هەنگاوێكی كردارەكی بۆ رێگریكردن لەو گروپە میلیشیایانە نەگرتۆتەبەر، مەگەر تەنها بەیاننامەیەكی ئیدانەكردنی دەركردبێت، ئەویش لەپاڵ پەلاماردانی كوردستان و هێزی پێشمەرگە، ئیدانەی پەلاماردانی گروپەكانی حەشدی شەعبیشی كردووە وەك ئەوەی حكومەتی عیراق هیچ بەرپرسیارێتیەكی لەئەستۆدا نەبێت! بۆیە پێویستە بەغدا بخرێتە بەردەم بەرپرسیارێتی روون، بەیاننامە دەركردن، هیچ ئەرزش و بەهایەكی نییە. ئەگەر عیراق ئەو بەرسیارێتیە نەگرێتە ئەستۆ، بارودۆخەكە زیاتر پەرەدەستێنێت و دۆخەكە خراپتر دەبێت.
لەپاڵ زیاتركردنی پەلاماردانەكانی هەرێمی كوردستان، هێزەكانی ئەمریكا پەلاماردانی گروپەكانی شیعەكانیان زیادكردووە بەتایبەت بنكەو بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەشارو شارۆچكەكانی سوننە، شەوی رابردوو-ش فرۆكەكانی ئەمریكا بارەگایەكی فالح فەیاز سەرۆكی حەشدی شەعبیان لەشاری موسڵ خاپوركرد، هەروەك ئەمڕۆو دوێنێ چەندین لێدوان و بەیاننامە دژی بوونی بوونی گروپە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەشارو شارۆچكە سوننە نشینەكان لەلایەن كەسایەتی و لایەنە سوننەكانەوە دەركراوە، ئەمەش ئاماژەیەكی نوێیە بۆ گۆڕانێكی نوێ لەعیراق ئەویش دوورخستنەوەی گروپەكانی شیعەیە لەناوچە سوننە نشینەكانی عیراق.
بەپێی ئەو جموجۆڵە نوێیەو هەندێك زانیاریی، پێدەچێت ئەمریكا لەقۆناغی یەكەم، گروپە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەشارو شارۆچكە سوننەكان دووربخاتەوە. زیاتركردنی هێرش پەلامارەكان بۆسەر ئەو گروپانە لەناوچەی سوننەكانی عیراق لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، ئاماژەیە بۆ لاوازكردنی میلیشیاكانی شیعە لەعیراق.
لەم بارودۆخە، پێویستە بەرپرسانی پارتی و یەكێتیی بە وریاییەوە چاودێری پەرەسەندنەكان بكەن، بەتایبەت پرسی دوورخستنەوەی گروپە شیعەكان بەناوچە دابڕێنراوەكانەوە هەیە، كەوایە پێویستە خۆیان بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادەبكەن.
بەپێی ئەو شیكاریانەی لەلایەن چاودێرانی ئەمریكا دەكرێت، پێناچێت شەڕی نێوان ئەمریكاو ئێران بەئاسانی چارەسەر ببێت. دۆناڵد ترەمپ ماوەی پێنج رۆژ پەلامارەكانی سەر ئێرانی سنورداركردووە، بەڵام بەپێی ی میدیاكان، هێزێكی نوێی ئەمریكا لەكۆتایی ئەم پێنج رۆژە دەگاتە ناوچەكە، بۆیە پێدەچێت دووبارە پەلاماری چڕو جیاواز بۆسەر ئێران دەستپێبكاتەوە. ئەگەر شەڕیش درێژە بكێشێت بەدڵنیاییەوە پەلامارەكانی سەر هەرێم رێی لێنەگیرێت زیاتر دەبێت و بەردەوام دەبێت، لەو نێوانەدا هەرێم نەكردی و نەخواردی، زیانی زۆری بەردەكەوێت.















Post Comment