وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم: له‌دوای سه‌ری ساڵ مووچه ته‌نها له ڕێی (هه‌ژماری من)ه‌وه خه‌رج ده‌كرێت

–
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمێركاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه “سه‌باره‌ت به پرسی به‌بانكیكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من كه ماوه‌ی دوو ساڵه ده‌ستی پێكردووه و له قۆناغی كۆتاییدایه، دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاگاداری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خانه‌نشینی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تمان له هه‌فته‌ی ڕابردوو لێره و له‌وێ خوێندنه‌وه‌ی نادروست و نابه‌رپرسیارانه‌ی بۆ كراوه”.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمێركاری وه‌زاره‌تی دارایی رایگه‌یاندووه كه به پێویستمان زانی ئه‌م راستییانه‌ی لای خواره‌وه بخه‌ینه‌ڕوو:
1- له‌ئه‌نجامی ڕێككه‌وتنی سه‌ره‌تای مانگی شوباتی ئه‌مساڵ له نێوان شاندی هه‌رێمی كوردستان كه پێكهاتبوون له به‌ڕێزان ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابووری و دكتۆر ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دكتۆر ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دكتۆر عه‌بدول حه‌كیم خه‌سرۆ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواچوون و ژماره‌یه‌ك به‌رپرس و ڕاوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی فیدراڵ به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز دكتۆر فواد حسێن جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئابووری عێراق و خاتوو ته‌یف سامی وه‌زیری دارایی عێراق، وه‌زاره‌تی دارایی عێراق كۆتایی ساڵی 2025 ی دیاری كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ببنه خاوه‌ن هه‌ژماری بانكی تایبه‌ت به خۆیان، به‌پێچه‌وانه‌وه له ساڵی نوێ‌دا مووچه‌یان بۆ خه‌رج ناكرێت.
2- هاوكات به پێی بڕیاری ژماره ( 550 ) ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق خاڵی سێیه‌می بڕگه‌ی سێیه‌م كه له ڕۆژی ( 17 ی ته‌مووزی 2025 ) ده‌رچووه و تیایدا لیژنه‌ی هاوبه‌شی پێكهاتووی له نێوان حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی پابه‌ند كردووه كه له ماوه‌ی سێ مانگدا پڕۆسه‌ی به‌بانكیكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو بكه‌ن، به‌پێی سه‌رجه‌م ڕێكه‌وتن و بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی فیدراڵ كۆتایی ئه‌مساڵ دوا مۆڵه‌ته بۆ كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی بۆسه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.
راشیگه‌یاندووه كه “له‌دوای سه‌ری ساڵ مووچه ته‌نها له ڕێی پڕۆژه‌ی (هه‌ژماری من)ه‌وه خه‌رج ده‌كرێت، وه هه‌ر كه‌سێك به‌شدار نه‌بێت له پڕۆژه‌ی هه‌ژماری من مووچه وه‌رناگرێت و خۆی به‌رپرسیار ده‌بێت.
هاوپێچ /
1- وێنه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق له‌مانگی شوباتی ئه‌مساڵ.
2- بڕگه‌ی سێیه‌م له بڕیاری ژماره ( 550 ) ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق.

















Post Comment