هەڵکشانی ڕۆح یان تەمەن؟

هەڵکشانی ڕۆح یان تەمەن؟

جار بینراوە: (1.2K)

هەڵکشانی تەمەن یان چوونە نێو ساڵەوە تێپەڕیبوونی چەند قۆناغێکی جیاوازی تەمەنە (منداڵیی، هەرزەیی، لاویی، گەنجیی) هەریەک لەم قۆناغانەی تەمەن چەندین ڕووداوی خۆش و ناخۆشیان تێدا تۆمارکراوەو بوونەتە یادەوەری و ئەزموون لە ناخ و یادگەدا، گەیشتن بەم قۆناغەی تەمەن کە چوونە نیو ساڵەو قۆناغی پێش پیرییه، مرۆڤ تووشی بێتاقەتی و پەستبوون و جاڕسبوون لە خۆو دەوروبەر دەکات.

گەرچی ئەم قۆناغەی تەمەن ژیانت لا خۆشەویستتر دەکات و تەماحی زیاترت بۆ هۆگربوون پێدەبەخشێ، بەڵام تووشی جۆرێک نائومێدی و ڕەشبینی و خەمۆکی و بیرکردنەوە لە پیری و نزیکبوونەوە لە دوا ساتەکانی ژیانت دەکات و، کاریگەریی لەسەر دەروون جێدەهێڵێ، ئەوان دەچنە حاڵەتێکی تایبەت و، دڵیان هەستیارو ناسکدەبێتەوە لە لێکدانەوەی مامەڵەکان و ڕووانین لە هێزو تواناو تەمەنیانەوە، بۆیە ئەم دۆخەی تەمەن پێویستە لەبەرچاوبگیرێ و، شێوازێکی دروستی هەڵسوکەوت لەگەڵیان بەکاربهێندرێت.

ئەو کەسانەی بەساڵدا دەچن بێ ویستی خۆیان لە هەموو ڕووە جەستەیی و فسیۆلۆژییەکانەوە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، شێوازی قسەکردن و نەبیستنی قسە (گوێگرانی) و دەستلەرزین و پشت کۆمبوون و هێواش ڕێکردن و لەبیرچوونەوەو بێهێزیی و نەخۆشیی بەردەوام و چەندین ڕێگریی و ناڕەحەتیی ڕوویان لێ دەکات، ئەم دۆخە نەخوازراوەش تووشی بێهیوایی و بێتاقەتییان دەکات، لە بەرامبەر جوانییەکانی ژیان تووشی تامەزرۆیی بۆ گەڕانەوەی تەمەن بۆ دواوە دەبن، هەموو یادگاری و یادەوەرییەک دەیانخاتە ئەوجی ئەندێشەیەکی قووڵەوە

ئەمڕۆ ڕۆژی ی بەساڵاچووانە، پێویستە ئەم ڕۆژە بکەینە دەرفەت بۆ هۆشیارکردنەوە بەرامبەر چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەساڵاچووانماندا، ئەوان تووسی هەستیاریی دەبن بەهۆی چوونە تەمەنەوە، بۆیە دەبێت بەجۆرێک نازیان هەڵگرین هەست بە بێتاقەتیی و بێزاریی و بێنازیی خۆیان لەگەڵ هەڵکردنی ئەو قۆناغەدا نەکەن، چونکە ئەو قۆناغە ڕۆژێک ئێمەش پێیدا تێدەپەڕین، تا بتوانین هەمان مامەڵەو ڕەمان لەگەڵدا بکرێتەوە، بەرهەمی جوانییەکانمان ببینینەوە، کۆتایی دوا قۆناغی تەمەنمان بە خێرو خۆشی و ئاسوودەیی هزرو ڕۆح بەڕێکەین،

ڕێزگرتن لە بەساڵاچووان پایەیەکی کرداریی گرنگەو بەردەوام جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێ و قەدەمیان بەخێرەو دەم بە نزای باش و پاکن و، ڕوو لە دەرگای یەزدانن بۆ خۆشبەختی و ئاسوودەیی تاکەکان و گەنجەکان و نزیکەکانیان، هەبوونیان بەرەکەتەو، باشبوون لەگەڵیان پیرۆزییەو پێویستە لەسەر هەمووان ئەم پیرۆزییە بپارێزرێت، قەدریان بزانرێت و ڕێزی تایبەتییان لێ بگیرێت، تا هەموو لایەک بەر نزا پڕ میهرەکانیان بکەوین.

👤
Live: 117 Today: 2,240 📊 Click Here