هەسەدە و سوپای سووریا یەکتری بە دەستپێشخەری هەڵگیرسانی شەڕ و هێرشکردنە سەر یەکتر تۆمەتبار دەکەن

_
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بە تووندی وەڵامی هەوڵەکانی دزەکردن و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقیان داوەتەوە لە دێرحافر لە حەلەب. لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، هەسەدە دەستپێشخەر بووە و هێرشی ئەنجامداوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 11ـی ئەیلوولی 2025، هەسەدە لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکانی شاری دێرحافر لە پارێزگای حەلەب کە لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “هێزهكانمان بەوپەڕی تووندییەوە وەڵامی هەوڵەکانی دزەکردن و هێرشی تۆپخانەی ئەو گرووپە یاخیبووانەی سەر بە حکومەتی دیمەشقی دایەوە، کە لە ناوچەی دێرحافر کردیان و هەموو هەوڵەکانیان پووچەڵ کرایەوە”.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، “جەخت دەکەینەوە، کە بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم هێرشانە لە ئەستۆی ئەو لایەنەیە کە دەستی کردووە بە زیادەڕۆیی لە رێگەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانەوە کە هەڕەشە لە سەقامگیری گشتی دەکەن”.
فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە دووپاتی دەکاتەوە کە، “دۆخی ناوچەکە ئارامە”.
بەڵام وەزارەتی بەرگریی سووریا، هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد، کە دەستپێشخەر بوون و چەند گوندێکیان تۆپباران کردووە. بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندن و یەکانیش لە وەزارەتی بەرگریی سووریا دەڵێت، هێزەکانی هەسەدە بەشێوەیەکی “نا بەرپرسانە و لەناکاو” چەندین گوندیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب بۆردوومان کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
دەشڵێت: هێزەکانی هەسەدە لە رێگەی فڕۆکەخانەی سەربازیی جەراح و دەوروبەری شاری مەسکەنەوە، چەندین ماڵی هاوڵاتیانی لە گوندەکانی (کیارییە، رەسم ئەحمەر، حەبوبە کەبیر) لە رۆژهەڵاتی حەلەب کردووەتە ئامانج.
“دژی ئەو هێرشانەی هەسەدە، هێزەکانی وەزارەت لە ناوچەکە کە خراونەتە ئامادەباشییەوە، دەستیان بە ئامانجگرتنی سەرچاوەکانی بۆردوومانەکە کردووە و هێرشی پێچەوانەیان دەست پێکردووە.”















Post Comment