هەرێمی کوردستان لەنێوان جەنگ و گەندەڵی: تا کەی خەڵک قوربانی دەبن؟
ڕێباز عوسمان محمد
لە کاتێکدا ناوچەکە لە ئاگری جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێراندا دەسووتێت، هەرێمی کوردستان بووەتە مەیدانی هێرش و تاقیکردنەوەی مووشەک و درۆن، بەڵام ئەوەی زیاتر لە هەر شتێک سەرنجڕاکێشە، ناتوانایی و بێدەنگی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیە.
ڕۆژانە سلێمانی و هەولێر و کۆیە بە مووشەک و درۆن هێرشیان دەکرێتەسەر، پێشمەرگەکان دەکوژرێن و بریندار دەبن، هاوڵاتیان لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، بەڵام پارتی و یەکێتی وەک هەمیشە سەرقاڵی دابەشکردنی دەسەڵات و پارەی نیشتمانن.
ئەم دوو حیزبەی کە ساڵانێکە بەناوی دەسەڵاتداری هەرێم دەناسرێن، لە ڕاستیدا نە پارێزگارییان لە خاک کردووە و نە ئاسایشیان بۆ خەڵک دابین کردووە. هەموو ئەو ساڵانەی دەسەڵاتدارییان تەنها بە گەندەڵی، دزی، و باخەڵ پڕکردنی بنەماڵەکانیان تێپەڕیوە، تا ئەوەی ئێستا هەرێم بگەیەنێتە ئاستێک کە ناتوانێت خۆی لە هێرشێکی سادەش بپارێزێت.
لە کاتێکدا دەبێت سیستەمێکی بەهێزی بەرگری هەبێت، ئەوان هەر خەریکی دروستکردنی هێزی حیزبی و پاراستنی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بوون. ئەمە وایکردووە هەرێمی کوردستان نەک تەنها بێ بەرگری بێت، بەڵکو ببێتە مەیدانی یاریی وڵاتانی دەرەوە.
سیاسەتی دەرەکیی پارتی و یەکێتی بە شێوەیەکی ئاشکرا پەیوەستە بە بەرژەوەندیی تورکیا و ئێران، نەک بە بەرژەوەندیی گەلی کورد. ئەوان لەپێناو مانەوەیان لەسەر کورسیی دەسەڵات، هەموو شتێکیان فرۆشتووە، لە سەروەریی سیاسیەوە تا ئاسایشی خەڵک.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات، تەنها هێرشی دەرەوە نییە، بەڵکو ئەنجامی ساڵانێک خراپی بەڕێوەبردن و نیشتمانفرۆشییە. کاتێک دەسەڵات بکرێتە ئامرازێک بۆ دەوڵەمەندکردنی کەمینەیەک، بە دڵنیاییەوە ئاکامی بەم شێوەیە دەبێت: نائارامی، ترس، و دابەزینی ژیانی خەڵک.
تا کاتێک ئەم سیستەمەی گەندەڵی و دەسەڵاتداریی حیزبی هەیە، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە ڕوونادات. خەڵکی کوردستان هەمیشە لە نێوان هێرشە دەرەکیەکان و ستەمی ناوخۆدا دەبنە قوربانی.
ئەمە تەنها جەنگی دەرەوە نییە…
ئەمە تێکشکانی ناوخۆیە…
ئەمە داستانی نیشتمانێکە کە لەلایەن دەسەڵاتدارەکانی خۆی فرۆشراوە!
لە کاتێکدا ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە مووشەک و درۆن دەشکێتەوە، لە کاتێکدا خوێنی پێشمەرگە لە زەوی دەڕژێت، لە کاتێکدا هاوڵاتیان بە ترس دەنوون و بە ترس لەخەو هەڵەستنەوە، پارتی و یەکێتی چی دەکەن؟
هیچ!
تەنها خەریکی پارە کۆکردنەوە و دەسەڵات پاراستنن!
ئەم دوو حیزبە نەک هەر ناتوانن هەرێم بپارێزن، بەڵکو بە دەستی خۆیان هەرێمیان کردووەتە ناوچەیەکی بێ بەتگری و بێهێز. ساڵانێکە خەریکی دزی و گەندەڵی و باخەڵ پڕکردنن، تا گەیشتوونەتە ئاستێک کە نیشتمان بۆیان بووەتە کۆمپانیا و خەڵکیش بوونەتە کۆیلە!
ئەمانە نە سەرکردەی نەتەوەیین، نە پارێزگاری خاک، بەڵکو تاجری دەسەڵاتن!
هەموو شتێکیان لەبازاڕی سیاسەتدا فرۆشتووە: سەروەری، ئاسایش، و ئایندەی خەڵک!
لە کاتێکدا وڵاتانی دەرەوە وەک ئێران و هێزە چەکدارەکانی بە ئازادی هێرش دەکەن، بێ ئەوەی ترس لە هیچ بەرگرییەک هەبێت، ئەوە نیشانەیەکی ڕوونە کە هەرێم بەڕاستی بێدەسەڵات و بێ پاراستنە.
بۆچی؟
چونکە دەسەڵات لە دەستی ئەوانەدایە کە تەنها بیر لە خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکەنەوە!
پارتی و یەکێتی ساڵانێکە نیشتمانیان کردووەتە قەبارەی حیزب، و خەڵکیان کردووەتە ئامرازێک بۆ مانەوەیان لەسەر کورسی. ئەوان لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیان، بەردەوام لە جاشایەتی و خزمەتکردنی وڵاتانی دەرەوەن، بێ هیچ شرمەزارییەک.
ئەمە دەسەڵات نییە…
ئەمە ستەمە!
ئەمە پاراستنی نیشتمان نییە…
ئەمە فرۆشتنی نیشتمانە!
ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان هەمیشە لە نێوان جەنگی دەرەوە و خیانەتی ناوخۆدا دەسووتێت، و خەڵک هەمیشە قوربانی دەبن.
کات هاتووە خەڵک بێدەنگ نەبن!
کات هاتووە ڕاستی بگوترێت!
کات هاتووە ئەم سیستەمە ڕەت بکرێتەوە!















Post Comment