نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکییەکان هەرگیز باسی گۆڕینی رژێمیان لە ئێران بۆ ئێمە نەکردووە

نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکییەکان هەرگیز باسی گۆڕینی رژێمیان لە ئێران بۆ ئێمە نەکردووە

جار بینراوە: (55)

-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمریکییەکان هەرگیز باسی گۆڕینی رژێمیان لە ئێران بۆ ئەوان نەکردووە، ئاماژە بەوەشدەکات، کێشەی ئێران بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێت. جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ جەنگێک لە ناوچەکەدا.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی کۆریێرێ دیلا سێرا لەبارەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رایگەیاند، “هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ قەیرانی ئێران نییە و دەبێت هەموو هەوڵێک بۆ چەسپاندنی ئاگربەست بدرێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، “جیاوازیی عەقڵییەت لە نێوان ئەمریکا و ئێران هەیە، ئێرانییەکان لەسەرخۆ و وردن، بەڵام ئەمریکییەکان چارەسەری خێرایان دەوێت”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە رێگە نادەن خاکی هەرێمی کوردستان دژی دراوسێکان بەکاربهێنرێت و دەڵێت، “کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێران بکەین، ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە”،

دەشڵێت، “ئەمریکییەکان هەرگیز باسی گۆڕینی رژێمیان لە تاران بۆ ئێمە نەکردووە، بەڵکو ئەوان جەختیان لەسەر پێویستیی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەرنامە مووشەکییەکانی دەکردەوە، هیچ کەسێک داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە کە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە دژی ئەوەین خاکی خۆمان وەک بنکەیەک دژی دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت؛ نامانەوێت ببینە بەشێک لەم جەنگە”.

نێچیرڤان بارزانی وتی، “سیستمی ئێران تێکەڵەیەکی بێوێنەیە لە ئایین و ناسیۆنالیزم، شەڕەکە یەکی خستوون و رژێمەکە توانیویەتی رزگاری بێت”.

وتیشی، “کلە 25% بۆ 30%ی دانیشتووان هێشتا پشتگیری لە رژێم دەکەن و ئۆپۆزسیۆنیش لە ناوخۆدا سەرکردە و رێکخستنی سیاسیی پێویستی نییە”.

نێچیرڤان بارزانی ناڕەزایەتی بەرامبەر حکومەتی عێراق دەربڕی و باسی لەوەکرد “رازی نین لە هەوڵەکانی بەغدا، ئەوان کارێکی ئەوتۆ ناکەن بۆ رێگری لە هێرشی میلیشیاکان”.

ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای شەڕەکەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 جار هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و دەڵێت، “عێراق جێگیر نابێت ئەگەر کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان نەکات”.

لە کاتی داخستنی گەرووی هورمزدا، هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دا کە نەوتی عێراق بە بۆرییەکەیدا بگاتە بەندەری جەیهان نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند. “دەتوانین هەناردەی نەوت لە 300 هەزار بەرمیلەوە بۆ 700 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرز بکەینەوە”.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هێزەکانی ئیتاڵیا دەکات بۆ پاراستنی ناوچەکە و بەنداوی موسڵ لە دەستی داعش، داواش دەکات دوای کشانەوەیان، جارێکی دیکە بگەڕێنەوە بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە.

بڕیارە لە 18 بۆ 20ی ئایاری ئەم ساڵ، نێچیرڤان بارزانی لە ڤاتیکان لەلایەن پاپاوە پێشوازی لێ بکرێت. لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەشدا، “یەکی مێژووییمان لەگەڵ ڤاتیکان هەیە، کوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ مەسیحییەکان و پێکهاتەکان، دڵخۆشم بە دیداری پاپای نوێ”.

دهقى ديدارى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ ڕۆژنامهى (كۆريێرێ دێلا سيرا)ى ئيتاڵى:

10ى نيسانى 2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، پێی وایە: «هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ قەیرانی ئێران نییە. دەبێت هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ چەسپاندنی ئاگربەست».

بەڵام ئاگربەستەکە زۆر لهرزۆك دەردەکەوێت؛ چۆن ڕێگری لە دەستپێکردنەوەی شەڕ بکرێت؟

«من ململانێیەک لە جۆرى بيركردنهوهدا دەبینم. ئێرانییەکان لەسەرخۆن و بایەخ بە وردەکارییەکان دەدەن، بەڵام ئەمهریکییەکان دەیانەوێت چارەسەری خێرا بدۆزنەوە. لێرەدا پێویستمان بە ئارامی هەیە».

ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی لوبنان.

«ئەوە هەڵەیە. دەبێت دەستبەجێ ڕایبگرن بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن لە جێگیربوونی ئاگربەست؛ هەروەها چونکە ئیسرائیلییەکان تەنها هێرش ناکەنە سەر حیزبوڵڵا، بەڵکوو زیان بە ژێرخانی ئەو وڵاتەش دەگەیەنن».

پرسيار: لە سەرەتای شەڕەکەدا، ئایا ئەمریکییەکان داوایان لێ کردن دەستوەردان بکەن بۆ ئاسانکاریی ڕاپەڕینەکان لە ئێران؟

نێچيرڤان بارزانى: ئەمهریکییەکان لەگەڵ ئێمەدا هەرگیز باسی گۆڕینی ڕژێمیان لە تاران نەکردووە، بەڵکو جەختیان لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی پڕۆژەی ئەتۆمی و بەرنامە موشەکییەکانی ئێران کردووەتەوە. کەس داوای لە ئێمەی کورد نەکردووە دەستوەردانی سەربازی لە ئێراندا بکەین، بە هەر حاڵ ئێمە دژی ئەوەین خاکی خۆمان وەک بنکەیەک دژی دراوسێکانمان بەکاربهێنرێت، نامانەوێت ببینە بەشێک لەم شەڕە.

پرسيار: تۆ لە ئێران خوێندنت تەواو کردووە، بە فارسی قسە دەکەیت و ئەو وڵاتە دەناسیت؛ خۆڕاگریی ڕژێمەکە چۆن هەڵسەنگێنیت؟

نێچيرڤان بارزانى: لهمێژه دهڵێم کە ناتوانرێت ڕژێم تەنها بە بۆردومانی ئاسمانی بگۆڕدرێت. سیستەمی ئێرانی ئاوێتەیەکی ناوازەیە لە ئایین و ناسیۆنالیزم؛ شەڕەکە یەکی خستوون. ئەمڕۆ ڕژێمەکە توانیویەتی ڕزگاری بێت. تەنانەت کوشتنی سەرکردەکانیش سوودی کەمە، چونکە دەستبەجێ جێگرەوەکانیان دەدۆزرێنەوە. ئێرانییەکان پێشتر وانەیان لە شەڕی حوزەیرانی ڕابردوو وەرگرتبوو و خۆیان باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشە نوێیە ئامادە کردبوو، ئەوان دەزانن چۆن بمێننەوە. ئێستا تاكه ڕێگە تەنها دیپلۆماسییە.

پرسيار: ئێستا هێزی ئۆپۆزسیۆنی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

نێچيرڤان بارزانى: لانی کەم 25-30٪ی دانیشتووان بە تەواوی پاڵپشتی لە ڕژێم دەکەن، کە هێشتا خاوەنی دامەزراوەی زۆر بەهێزە. لە بەرامبەردا ئۆپۆزسیۆنەکان لە ڕووی سیاسییەوە ڕێکنەخراون و سەرکردەی ناوخۆییان نییە. با ئەوەشمان بیر نەچێت کە ناڕەزایەتییەکان لەسەر بنەمای خراپیی دۆخی ئابوورییە؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا سەرەی بەنزینخانەکان نییە، دوکانەکان بە ئاسایی کراوەن و ڕژێمەکە هێشتا کۆنترۆڵی بارودۆخەکەی لەدەستدایە.

پرسيار: تەنگەی هورمز بە داخراوی ماوەتەوە؛ هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت هاوکار بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی هەناردەی وزەی عێراقدا؟

نێچيرڤان بارزانى: ئێمە ئامادەین بۆ بەزركردنهوهى تواناى بۆرییە نەوتەکانمان کە بەرەو تورکیا دەچن. ئێستا عێراق ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لێرەوە هەناردە دەکات و دەتوانین ئەو بڕەیە بگەیەنینە 700 هەزار بەرمیل.

پرسيار: پێتان وایە حکومەتی عێراق هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی میلیشیا شیعەکانی سەر بە تاران بۆ سەر ئێوە؟

نێچيرڤان بارزانى: ئێمه ڕازی نین، حكوومهتى عێراق کاری پێویست ناكات. لە سەرەتای شەڕەکەوە زیاتر لە 600 جار هێرشمان کراوەتە سەر؛ ئەمە قبووڵکراو نییە. عێراق ناتوانێت سەقامگیر بێت ئەگەر کۆنترۆڵی میلیشیاکان نەکات.

پرسيار: کشانەوەی ئەم دواییەی هێزەکانی ئیتاڵیا تەنانەت لە هەولێریش چۆن دەبینن؟

نێچيرڤان بارزانى: دەمەوێت سوپاسی هێزەکانی ئیتاڵیا بکەم. لە ساڵی 2003وە بەشدارییان لە سەقامگیرکردنی ناوچەکەماندا کردووە، دواتر پاراستنی بەنداوی مووسڵیشیان لە هێرشەکانی داعش لەئەستۆ گرت. پێم وایە ئەمڕۆ ئەرکەکەیان کۆتایی نەهاتووە. لە هۆکاری کشانەوەیان تێدەگەم، بەڵام هیوادارم بەم زووانە بگەڕێنەوە بۆ مەشقپێکردنی پێشمهرگه.

پرسيار: لە 18 تا 20ی ئایار لە لایەن پاپاوە لە ڤاتیکان پێشوازیت لێ دەکرێت؛ ئایا بەرپرسانی ئیتاڵیاش دەبینیت؟

نێچيرڤان بارزانى: یەکی زۆر باشمان لەگەڵ ڤاتیکان هەیە، بەتایبەت لە ساڵی 2003ە کاتێک ناوچە کوردییەکان بوونە پەناگەیەکی گرنگ بۆ هەموو مەسیحییەکانی عێراق.

بابەتى تر

👤
Live: 66 Today: 2,068 📊 Click Here