نێچیرڤان بارزانی؛ گۆڕینی پارادایمی کورد لە (قوربانی و ستەملێکراو)ەوە بۆ (کارەکتەر و بەشدار)

نێچیرڤان بارزانی؛ گۆڕینی پارادایمی کورد لە (قوربانی و ستەملێکراو)ەوە بۆ (کارەکتەر و بەشدار)

جار بینراوە: (12)

نووسین ی نێچیرڤان بارزانی، پەسن و پیاهەڵدانی سەرکردە و کاربەدەستێکی سیاسی نییە؛ بۆیە ناچێتە خانەی مەدح و ستایشەوە. بەڵکو قسەکردنە لەسەر دید و ڕوانگە و جیهانبینییەکی سیاسی و دیپلۆماسی و کۆمەڵگەیی، کە ئەگەر بەتەواوی پراكتیزه ببێت، ڕەنگە دواجار ئەو گرێ دەروونی و سۆسیۆلۆژییەی مێژووی کورد بکاتەوە و بۆ دواجار کورد لە بوونەوەرێکی هەمیشە قوربانی و شایانی بەزەیییەوە، بگۆڕێت بۆ کارەکتەرێکی کارا و کاریگەر.

لە سیاسەتدا، سەرکردەکان دابەش دەبن بەسەر دوو جۆردا: ئەوانەی لە ڕێگەی قەیرانەکانەوە گەورە دەبن و ئەوانەی لە ڕێگەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانەوە دەبنە جێگەی متمانە. نێچیرڤان بارزانی نموونەیەکی بەرجەستەی جۆری دووەمە؛ کارەکتەرێکە کە بە بەردەوامی ئیش لەسەر داڕشتن و کامڵکردنی مۆدێلێکی جیاواز لە “سیاسەتی کوردی” دەکات، کە بنەماکەی لەسەر دیپلۆماسییەتی عەقڵانی، مانۆڕی هێمن، سفركردنهوهی كێشهكان و دەرفەتەکانی گونجان و گەڵاڵەکردنی متمانە دامەزراوە.

یەکێک لە ڕەهەندە سهرهكییهكانی دیدگای سیاسیی نێچیرڤان بارزانی، تێگەیشتنیەتی لە چەمکی “بردنەوەی هاوبەش”. ئەو لەو بڕوایەدایە کە لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، “سەرکەوتنی ڕەها و تاکلایەنە” بۆ کەس ناچێتە سەر. هەموو ئەو ڕژێم و هێزە سیاسییانەی کە ویستیان بە زەبری هێز و سەپاندن، تاکلایەنە براوە بن، تێداچوون و خۆریان ئاوا بوو. بۆیە چەمکی سیاسیی مومكین لە ناوچەكهدا چەمکی (بردنەوەی هاوبەش و سەرکەوتنی بەکۆمەڵە)؛ ئەم ڕوانگەیە گەر بۆ هێزە دەوڵەتی و هەرێمییەکانی ناوچەکە جارێک ڕاست بێت، بۆ کارەکتەرێکی نادەوڵەتی و کەمدهستی وەک کورد، سەد جار ڕاستە.

بۆیە لە ڕوانگەی ئەو سەرکردەیەدا، چاوێکی واقیعبین، عەقڵێکی خۆگونجێن، داناییەکی دیپلۆماسی و خەباتێکی پشتبەستوو بە هێزی نەرمی سەردەمیانە، هەزار هێندەی هێزی ڕەقی چەک، عینادی سیاسی و دروشمبازی بە کەڵکی کورد دێت. هەر بەو واقیعبینییەش کە نە پاشەکشەیە و نە لاوازی، بوون و قەوارەی کورد لەنێو ئهو واقیعه نالهبارهدا دەپارێزرێت.

لەو دەمەوە کورد لە پێکهێنانی دەوڵەتی خۆی بێبەش کراوە، هەر ڕاپەڕین و ڕابوونێکی کوردی، هەمیشە و بێ سێ و دوو، بە هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی چوار دەوڵەت، سەقامگیریی ناوچەکە و ئاشتیی لێک دراوهتهوه. گۆڕینی ئەم باوەڕە دۆگما و چەسپاوە تا ئاستی قبووڵکردن و بەشەرعی ناسینی هەرێمێکی و گۆڕینی وێنای کورد لە سەرچاوەی هەڕەشەوە بۆ فاکتەری سەقامگیری، ڕەواندنەوەی مەترسیی چوار پایتەخت و هێنانە ئارای زەمینەی وهك شهریك تهماشاكردنی کورد لەو جوگرافیا سیاسییه پڕ گومانهدا، ههر بەو (هونەری گونجاندنە) هاتە دی کە نێچیرڤان بارزانی، هێور و درێژخایەن و بە بڕینی ڕێگەی سەختی گۆڕینی هەڕەشە بۆ دڵنیایی و گومان بۆ متمانە، عهیامێكه كاری لەسەر دهكات.

بۆ ماوەی چەندین دەیەی سەدەی بیستەم، ناسنامەی سیاسیی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی “نەتەوەیەکی قوربانی”دا کورت کرابووەوە؛ گەلێک کە تەنها کاتێک دەبووە هەواڵ و جێی سەرنجی جیهان کە کارەساتێکی وەک کیمیاباران یان کۆچی ملیۆنی بەسەردا هاتبا. ئەم “پارادایمی قوربانییە” ئەگەرچی لهوهدا بهسوود بوو كه لایەنە مرۆیییەکەی دۆزی کوردی زەق دەکردەوە، بەڵام کوردی وەک کارەکتەرێکی پاسیڤ و جێی بەزەیی نیشان دەدا، نەک وەک کارەکتەرێک کە بەدوای دەرفەتی هاوبەشییەکی سیاسیی کاراوە بێت. نێچیرڤان بارزانی، وەک ئەندازیاری دیپلۆماسیی نوێی کورد، تا ئەندازەیەکی زۆر توانی ئەم هاوکێشەیە تێپەڕێنێت؛ “دیپلۆماسییەتی کوردی” لە قۆناغی “بەرگری و قوربانیبوون”ەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی “دەستپێشخەری و کاریگەری” و کورد لە زۆنی “چاوەڕوانی هاوکاری”یەوە بگوازێتەوە بۆ زۆنی “بەشداریی سیاسی”.

نێچیرڤان بارزانی دەزانێت کە زمانی “هاوار و سکاڵا” لە دنیای بەرژەوەندییەکاندا بڕ ناکات. کورد پێویستی بە گێکی نوێی سەردەمیانەیە کە لەسەر بنەمای سەقامگیری، پێکەوەژیان و هاوبەشیی ستراتیژی داڕێژرابێت. ئەو پێی وایە چیتر کورد نابێ بە جیهان بڵێت “سەیری مەینەتییەکانمان بکەن”، بەڵکوو دەبێ بڵێت “سەیری ڕۆڵمان بکەن و دەرفەتمان بدەنێ بۆ بەشداریی له پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا”. ئەم گۆڕانکارییە لە گی سیاسیدا، دواجار پێگەی کورد لە “وەرگری هاوکاری” یەوە دەگۆڕێ بۆ “پێشنیازبەخشی چارەسەر”.

یەکێک لە پرنسیپه سهرهكییهكانی ڕوانگەی نێچیرڤان بارزانی، گۆڕینی هەرێمی کوردستانە لە سەرزەمینی کێشەوە بۆ ناوەندی چارەسەر و کردنی هەولێر بە خاڵی بەیەکگەیشتنی دژەکان. کاتێک کارەکتەرێکی سیاسی بتوانێت لەگەڵ واشنتۆن، تاران، ئەنقەرە و بەغدا لەسەر یەک مێز یان لە یەک کاتدا گفتوگۆ بکات، مانای وایە گەلەکەی چیتر قوربانییەک نییە چاوەڕێی بەزەیی بێت، بەڵکو کارەکتەرێکی لۆژیکییە کە دەتوانێت لە هێنانەدی سەقامگیری و ئاشتەوایی ناوچەییدا نەخشی هەبێت. ئەو زۆر عەوداڵی بەدەستهێنانی متمانەیە، چونکە لە دنیای سیاسەتدا، متمانە گەورەترین سەرمایەیە کە کارەکتەرێکی سیاسی لە قوربانییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوبەش.

لەم پێودانگەوە، لە کۆڕبەندە یەکاندا و دواییین جار لە میونشن و له میانهی دیدارە ئاستبەرزەکانی لهو كۆنفرانسهدا، سهرۆك نێچیرڤان بارزانی تەنها وەک نوێنهری نەتەوەیەکی مەغدوور دەرنەکەوت، بەڵکو وەک کارەکتەرێک كه له چەسپاندنی سەقامگیری ناوچهكهدا ڕۆڵی بهرچاوی ههیه، مامەڵەی لەگەڵ کرا. ئەو توانی ئهو باوهڕه لای ههموان دروست بكات کە كوردستانێكی بههێز و پشتگیریكراو دهتوانێ له ههر نهخشهڕیگایهكدا بۆ چارهسهریی كێشهكانی رۆژههڵاتی ناوین، هاوبەشێکی کارا بێت.

بابەتى تر

👤
Live: 102 Today: 1,890 📊 Click Here