نوخشە ناسیح: رێگە بە بەکارهێنانی دامەزراوە گشتییەکان نادەین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن

نوخشە ناسیح: رێگە بە بەکارهێنانی دامەزراوە گشتییەکان نادەین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن

جار بینراوە: (926)

-

پارێزگاری هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، بە بەکارهێنانی دامەزراوە گشتییەکان نادەین بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەشدەکات، پێویستە هەموو لایەک پابەندی تەواوی یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی تشرینی یەکەمی 2025، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە بە بۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و راگەیاند، “داوا لە هاوڵاتییانی پارێزگای هەڵەبجە و قەوارە سیاسییە بەشداربووەکان و کاندیدەکان دەکەین لەگەڵ دەستپێکردنی وادەی فەرمیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پرۆسەکە بە شێوەیەکی شارستانی و ئارام و دوور لە گرژی بەڕێوەببەن، بە جۆرێک کە لە ئاستی پێگە و مێژووی شکۆمەندانەی پارێزگاکەماندا بێت”.

ئاماژەی بەوەکرد، “لە رۆژانی رابردوودا لەگەڵ لایەنە سیاسی و هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە کۆبوونەتەوە و جەختیان لە هەماهەنگیی تەواو کردووەتەوە بۆ دابینکردنی زەمینەیەکی لەبار بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد”.

نوخشە ناسح دەڵێت، “پێویستە هەموو لایەک پابەندی تەواوی یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن، چاودێریی وردی بێلایەنیی تەواوی دامودەزگا حکومییەکان دەکەین و رێگە بە هیچ جۆرە بەکارهێنانێکی دامەزراوەی گشتی نادرێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن”.

وتیشی، “هەڵەبجە، وەک چۆن هەمیشە لانکەی پێکەوەژیان و نموونەی یەکڕیزی بووە، چاوەڕوانین لەم پرۆسە نیشتمانییەشدا، جارێکی دیکە ئەو پەیامە بەهێزە دووپات بکاتەوە و نموونەیەکی جوان پێشکەش بکات، نموونەی پرۆسەیەکی دیموکراسیانەی بێ کێشە و گرفت، چ لە ڕۆژانی بانگەشە و چ لە ڕۆژی دەنگداندا”.

راشیگەیاند، “داواکارین هەموو لایەک بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن، چونکە سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، سەرکەوتنە بۆ هەموو خەڵکی هەڵەبجەو كوردستان و عێراق”.

بابەتى تر

👤
Live: 66 Today: 1,295 📊 Click Here