مەگەر درۆزن بزانێت کام حیزبە شایستەی دەنگی تۆیە
بەیانی دەنگ دانە… کە دەچیتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، رەنگە جارێکی تریش بیربکەیتەوە، کامیان شایستە ترن؟
من دەڵێم درۆزن و خەڵەفاو دەزانن…
هەر بۆ نموونە،
با یەکێتیەکەی کا پاڤڵ و بەرەی گەلی کا لاهور بخەینە تەنیشت یەکتری… بۆیە ئەم دوانەم هەڵبژارد چونکە ئەمیان هێشتا خوێن لەدەستی دەچۆڕێت و ئەویش لە جەستەی.
بۆ خودا پێم بڵێن، کا پاڤڵ و کا لاهور لە دوانەیەک ناچن، کە بە سکێک لە دایک بووبن…؟
پێم بڵێن جیاوازی ئەو دوانە و حیزبەکانیان چییە…؟
مەگەر درۆزن بزانێت…
ئێستا کا پاڤڵ و یەکێتییەکەی لابەرە و رەوتەکەی کا عەلی و هەڵوێستەکەی بخە تەنیشت کا لاهور و گەلەکەی…
چ جیاوازییەک لە نێوانیاندا دەبینن…؟
واز لە قارەمانێتی کا عەلی بێنن… کورد ەڵێت، چۆلەکە خۆت چیت و چەلاو (ئاوی گۆشتەکەت) چییە… بەڵام پێم بڵێن بەرەکەی کا لاهور و رەوتەکەی کا عەلی لەکوێی چەپ و راستی سیاسەت دان …؟
دیسان مەگەر هەر درۆزن بیزانێت…
کا لاهور بەرەی گەل دەخەینە لاوە و کا سەلاح و یەکگرتووەکەی دەخەینە تەنیشت کا عەلی و هەڵوێستەکەی…
ئای بولقاسم، چۆن لێمان بوویتە کەڵەشێر…؟ بۆ خودا پێم بڵێن چ جیاوازییەک لەنێوان ئەو دوو پاڵەوانەی زەمەنی پڕوپووچیدا دەبینن…؟
فەرموون شانە و خانەکانی کا عەلی و کا سەلاح بپشککن، بزانن بۆ دەرمانیش جەنەتیكێکی کوردبوون لە وجوودی ئەو دوانەدا دەدۆزنەوە….؟
دووبارە، مەگەر درۆزن یان گەمژە بیزانێت…
ئێستا سەرەی کا عەلی باپیر و کۆمەڵی دادگەرییەکەیەتی و با ئەو بخەینە تەنیشت کا سەلاح و یەکگرتووەکەی…
چ شتێک ئەو دوو قائیدە ریش و ئایدیۆلۆژیا و ئینتیما دیزاین کراوە لەیەک جیا دەکاتەوە…؟
دیسان مەگەر هەر درۆزن لەگەڵ جنێوفرۆشەکان بیزانن..
ئێستا کا شاسوار و نەوەکەی بخەنە جێگای کا سەلاح و با بەراوردەکە لەنێوان کا عەلی و دادگەریەکەی و کا شاسوار و نەوەکەیدا بێت…
مەگەر هەردووکیان پاڵەوانی زیندان نین…؟ جیاوازییەکەیان هەر ئەوەیە، کا عەلی بەر لە گیرانی لەخەودا پیاسەیەکی لەگەڵ خودا کرد و بەڵام نازانین پیاسەکەی بەر لە گیرانی کا شاسوار لەگەڵ کێدا بووە.
لە پیاسەکەی کا شاسواریش خۆش دەبم، بەڵام پێم بڵێن دە هەزار ساڵ کا شاسوار زیندانی بێت و دوازدە هەزار ساڵیش کا عەلی، چ لە دۆخی کورد دەگۆڕێت…؟
واز لە هەموویان بێنن… گای بنە بێننە مەیدانی بەراوردکاری، پارتییەکەی بارزانی.
ئێستا ئەو گا بنەیە لەتەنیشت هەر هەموو ئەوانی تر دابنێ، هەر لە یەکێتی و بەرە و رەوتەوە تا یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوە…
چ دیمەنێکتان دێتە بەر چاو….؟
کار ئاسانیتان بۆ دەکەم…
فلیمەکەی “من بەراز و تۆ بەراز”تان بیر ماوە..؟ ئەها دایکە بەراز و بێچووە سڵقاوخۆرەکانی… لە سڵقاوخۆریدا، لە سڵقاوی گەندەڵیدا، هەر هەموویان بەرازن… لە ئێستادا ماڵۆسەکە سڵقاوی زیاتر و کودەڵەکانیش کەمتر.
هەر بەجدیمە…
پارتی کراسێکە و هەر هەموویان شیتاڵێکیان لێ دادڕیوە… جا هەیە لە ئێستادا کەمێک زۆرتر و هەیشە لەداهاتوودا…
هەرچەندە من لەیەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئایاری ١٩٩٢دا بایکۆتم کرد و نەچوومە دەنگدان، هێشتا لەگەڵ بایکۆت نیم…
بەڵام….
ئەگەر لە رقی مالۆسەکە دەتەوێت کودەڵەکان بە دەنگی تۆ گەورە بن یان بەخەیاڵی هێلکەوڕۆنێک دەنگ بە دایکە بەراز دەدەیت تا هێلکەت بۆ بکات، ئەوە هەر ئێستا سەردانێکی دکتۆری دەروونی بکە…
تێبینی:
ویستم گۆڕانیش بخەمە ریزی بەراوردکارییەوە، بەڵام بیرم کەوتەوە شەیتانیش دەست لە مردوو دەشوات، با منیش گوناهێکی تر نەخەمە پاڵ گوناهی رۆژگارێک ئومێد هەڵچنینم بەو بزوتنەوەیە.
تەبعەن چاومانە کاکە حەمە و سۆشیالیستەکەی.















Post Comment