مۆڵەت و ئاگربەستێک بە مەرجی تەسلیمبوون یان شەڕ
سەرچاوەکان باس لە درێژکرانەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی مانگێک دەکەن.
ئاگربەستەکە سەرەتا بۆ چوار رۆژ بوو…
لەڕاستیدا، ئاگربەست نییە و مۆڵەتە… باندەکانی جۆلانی مۆڵەتی چوار رۆژی دابوو بەشەڕڤانان تا مەرجەکانی ئەوان قەبوڵ بکەن.
مۆڵەت عادەتەن لەلایەن دەسەڵات، یان لایرنێکی بەهێزەوە بە بەتاوانبار دەدرێت بۆ خۆ رادەست کردن، کە لایەنە لاوەزەکەیە.
مۆڵەتەکەی جۆلانیش رێک وابوو…
ئەوان، باندەکانی جۆلانی، لە نەشوەی سەرکەوتنێک دابوون کە هەرگێز چاوەڕوان نەبوون وا بە ئاسانی بێتە دەستیان، سەرکەوتنی گرتنەوەی تەواوی ناوچە ئەعڕابیەکانی رۆژهەڵاتی فوڕات.
کوردیش لە حاڵەتی شۆک دابوون.
شۆکی شکست نا، شۆکی خیانەت و خەنجەر لەپشتدانی هاوسەنگەرە ئەعڕابەکان و بەبا رۆییشتنی خەیاڵی برایەتی گەلان و کۆمەڵگای دیموکڕاتی.
بەڵام شۆکە هەرە گەورەکە داڕمانی سیستەم و تەرکیبەی سەربازی بوو.
هەمیشە شانازی دەکرا کە هیزەکانی هەسەدە ٦٠٪ تا ٧٠٪ی ئەعڕابەکان بوون.
بەڵام لە چاوتروکانێکدا، ئەو هاوسەنگەر و برای گەلانە لولەی تفەنگەکانیان روو لە شەڕڤان وەرچەرخاند و تەواوی سوپاکە لەبەریەک ترازا.
چەمکی لەیەک ترازان گومجاوترە لە هەرەسهێنان، چونگە شەڕڤان بە جیابوونەوە و سەنگەرگرتنی ٧٠٪ی هێزەکانی هەرەسی نەهێنا و ئاشبەتاڵی نەکرد.
ئەمەش یەکێکە لە موعجیزەکانی سەردەم، ئەگەر بمانەوێت ناوێکیش بۆ ئەو موعجیزەیە دابنێین، موعجیزەی شەڕڤانانی رۆژاڤا، باشترین ناوە.
مانەوەی هێزێکی ٣٠٪ سوپایە لە بەرامبەر هەڵگەڕانەوەی ٧٠٪ی جارێک موعجیزەیە.
بەڵام، موعجیزەی شەڕڤان چەندجار لەوە گەورەترە.
لەپاڵ شەڕ کردن لەگەڵ دوو لەسەر سێی هێزە هەڵگەڕاوەکانی، هەسەدە دەبوایە شەڕی سەرجەم خێڵ و هۆزە ئەعڕابییەکان و تەواوی باندەکانی جۆلانی بکەن، کە بە ١٠٠ هەزار تئرۆریست و چەتە مەزەندە دەکرێن.
کورد لە کەمتر لە دوو هەفتەدا زۆرترین کارتی لەدەست دا، کارتی لەدەستدانی دوو لەسەر سێ خاک و دوو لەسەر سێی هێز و ئیدارەی خۆسەری و پشتیوانی هاوپەیمانان و زیندانیانی داعش و سەرچاوە سروشتیەکانی بەنداو و نەوت و گاز.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، شەڕڤان هەرەسی نەهێنا و گەڕایەوە ۆ باوەشی رۆژاڤا، ئەو شوێنەی کە یەکەمین یەکینەکانی پاراستنی گەلی لێ دروست کرا .
بەم جۆرە، شەڕڤان گەڕایەوە چوارگۆشەی یەکەم، چوارگۆشەی پاراستنی گەل، ئەو چوارگۆشەیەی پنتێکی دەچێتەوە ١٩ی تەموزی ٢٠١٢.
لەم چوارگۆشە تەسکەدا بوو کە شەڕڤان بەرجووی ئەعڕابەکان، بە باندەکانی جۆلانی و خیانەتکارانی ناو هەسەدە و خێڵە حیزفرسەتەکانی تێکشکاند و سیحری و بەسەر ساحیرەکەیدا قوڵپ کردەوە.
مۆڵەتی چوار رۆژ بۆ تەسلیمکردنی رۆژاڤا، حەسەکە و کۆبانێ، لەم دۆخە دژوار و ئاڵۆزەدا درا بە کورد.
موعجیزەی شەڕڤان ئا لێرەدایە، لە توانای گۆڕینی شکست بە دەرفەت.
ئێستا خیانەتی ئەعڕابەکانی ناو هەسەدە و هەڵگەڕانەوەی هۆزەکان دەرفەتێکە بۆ شەڕڤانان، دەرفەتی چاکبوونەوەی جەستەی دوای بڕینی وەرەم.
هەفتەیەکە جەستەی شەڕڤانان بە سەرکەوتویی لە وەرەمێک دەربازی بووە کە ١٢ ساڵە بەربینی پێگرتبوون و بڕستی لێبڕیبوون.
وەرەمێک کە کورد و شەڕڤانانی ئیفلیج کردبوو و لە کوردبوون و رۆژاڤابوونی سڕیبوونەوە.
ئەگەر مۆڵەتەکە بۆ مانگێک درێژ بکرێتەوە مانای وایە کە ئێستا بۆ دوژمن کاتی مۆڵەت دانە، مۆڵەت دان بەتەسلیمبوون و خۆتێکشکاندنی کورد.
مۆڵەتی داگیرکەر بۆ خۆ سازدانەوە و رێکخستنەوەی ئەو دەیان هەزار چەکدارە ئەعڕابیە هەڵگەڕاوەکانی هەسەدەشە.
لە هەموشیان گرنگتر، مۆڵەت بۆ رەدەل و بەدەل کردنی داعشە زیندانیەکان و لەوەش گرنگتر کشانەوەی چاوەڕوان کراوی هێزەکانی ئەمریکایە.
هەموو ئەوانە مایەی نیگەرانین، بەڵام ئەگەر شەڕڤان لە هاوکێشەکەدا نەبوونایە.
بیرخستنەوەی موعجیزەی شەڕڤان بەسە بۆ رەوینەوەی نیگەرانیەکان.
هەفتەیەکە شەڕڤان لە وەرەمی برایەتی گەلان رزگاری بووە، وەرەمێک کە دوو لەسەر سێی جەستەی تەنیبوو.
ئێستا شەڕڤان بە جەستەیەکی تەندروست و بێ وەرەم لەمەیدانە و مانگێک مۆڵەتی لەبەر دەمە بۆ تەسلیم بوون.
مانگێک مۆڵەتی جۆلانیەکان دەرفەتێکە بۆ تەواو چاکبوونەوە لەو وەرەمە و هێز پەیدا کردنەوە و تەواو کردنی ئەو پەیمانەی کە شەهید زیاد حەڵەب بە هاوڕێ شەهیدەکانی دابوو.
هاوپێچ؛
شەڕڤان رۆژاڤا لە مۆڵەت و پۆڵەتەکانی جۆلانی دروست دەکەن، رۆژاڤاییەکی بێ وەرەم کە لەسەر نەخشەکەیە.















Post Comment