مام شوێنی گشتی داگیر ناکات!

مام شوێنی گشتی داگیر ناکات!

جار بینراوە: (1.5K)

مام جەلال کەسایەتییەکی مێژوویی و سیاسییەکی هەمەلایەن بوو. سەرەڕای ڕەخنەمان لە زۆر لایەنی، دەبێت دان بەوەدا بنێین کە مام جەلال پیاوێکی تۆلەرانس (نەرم، لێبوردە و کراوە) بوو. ئەوەی حەزی لێی نەبوو، دنەدان و ئیستفزازکردنی نەیارەکەی بوو؛ هەروەها لەناو ململانێکانی یەکێتی و کۆمەڵەشدا هەمیشە ڕۆڵێکی نەرمی هەبووە. یەکێک لە سیفەتە دیارەکانی مام جەلال ئەوە بوو کە هەرگیز حەزی لە «مامە مامە» و پێداهەڵدان نەبووە، و نموونەشمان لەسەر ئەوە زۆرە.

دیارە ئەم کولتوری «مامە مامە»یە، لەلایەن ماستاوچی، دەمپانکەر و کۆنە بەعسییەکانەوە داهێنرا؛ ئەوەش لەو کاتەوە دەستی پێ کرد کە مام جەلال بەتەمەن بوو و چووە بەغدا. تەنانەت خودی مام جەلال بەو «مامە مامە»یە زۆر تووڕە دەبوو. هەندێک لە داهێنەرانی ئەو کولتورە، یان چوونە ناو پارتییەوە یان بوون بە گۆڕان، و ئێستا نازانم چین.

بەکورتی: مام لەوە گەورەتر و مێژووییترە کە ناوی بە زۆر وەک فڕۆکەخانە یان دەزگایەکی گشتی بەسەر خەڵکدا بسەپێنرێت، و پاشان بگوترێت: «ئەوەی بە دڵی نییە با ئاوی سارد بخواتەوە!». ئەمە کارێکی ستەمکارانەیە لە دژی خودی مێژووی مام جەلال کە یەکێک بووە لە سۆسیالیستە دێرینەکان. نابێت ئەم پرسە بە جۆرێک بهێنرێتە ئاراوە کە وەک بڕیارێکی داسەپاو دەربکەوێت و خەڵک تووڕە بکات، بەتایبەت ئەوانەی لەگەڵ یەکێتیدا تەبا نین.

لە جیاتیی ئەم کارە، با «دەزگای مام» خەریکی پەرەپێدانی کولتوور و کردنەوەی سەنتەری خزمەتگوزاری بێت، وەک: خانەی بەساڵاچووان و نەداران. با بینای وا بە ناوی مامەوە بکەن، نەک شوێنی گشتی داگیر بکەن! با کارەکانیان ئاوەدانکردنەوەی گەڕەکە هەژارنشینەکان و جێبەجێکردنی سیاسەتی «خانووەقوڕەکان»ی مام جەلال بێت.

با خانەی بەساڵاچووان، منداڵان، کاری خێرخوازی و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان ناوی مام جەلالیان لەسەر بێت، نەک فڕۆکەخانەیەک کە هەموو جۆرە کەسێکی باش و خراپی پێدا تێدەپەڕێت. خەڵک بێزار بووە لە داگیرکردنی گرد، قەبرستان و شەقامە گشتییەکان بە ناوی ئەم و ئەوەوە، تەنیا لەبەرئەوەی دەسەڵاتیان هەیە.

جگە لەوەش، لەو بڕوایەدام کاتی ئەم ناولێنانە بۆ ئێستا گونجاو نییە، بەتایبەت کە هێشتا برینی لالەزار ساڕێژ نەبووە و شار لە خامۆشیی ئەم کارەساتەدایە.

هیوادارم ئەم کارە نەکەن.

👤
Live: 35 Today: 2,521 📊 Click Here