لەژێر فشاری پەرەسەندنی هەرێمی: چۆن تەندروستی دەروونیمان بپارێزین؟

لەژێر فشاری پەرەسەندنی هەرێمی: چۆن تەندروستی دەروونیمان بپارێزین؟

جار بینراوە: (145)

لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی خێرای گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەکی دیکە، سیناریۆکان لە پەرەسەندندان و چاوەڕوانییەکان بەرەو هەڵئاوسان دەچن. قسەکردن لەسەر بەئامانجگرتنی بەرپرسانی پلە باڵا، ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز، یان فراوانکردنی رووبەڕووبوونەوەکە و بەکارهێنانی ملیشیاو بەکرێگیراوی ناوچەیی بووەتە بەشێک لە گی رۆژانە لە میدیاکان و لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا. لەنێو ئەو شیکاری و پێشبینی و پێشهاتانەدا، هاوڵاتییان لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی دۆخێکی ئاڵۆزی دڵەڕاوکێ بوونەتەوە، نیگەرانییە ئەمنییەکان لەگەڵ فشارە ئابووری و سیاسییە ناوخۆییەکان تێکەڵ بوونە.

لە لایەکی دیکە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ناڕوونیی دۆخە گشتییەکە، هەڕەشە ئەمنییەکان کە هەولێر و هەرێمیان کردۆتە ئامانج، گرژییە سیاسییەکانی بەغدا و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و تێچووی ژیانی، کەمبوونەوەی کارەبای ماڵان، هەموو ئەو هۆکارانەن کە قورساییەکی زۆریان لەسەر هاووڵاتیان هەیە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەردەوامی دەنگۆی ئەگەری داڕمانی ئابووری یان نەتوانینی پێدانی مووچە، ئەم دڵەڕاوکێیە زیاتر دەبێت، بەتایبەتی لەنێو فەرمانبەرانی هەرێمدا کە ئێستاشی لەگەڵدابێت بەدەست دواکەوتنی مووچەوە دەناڵێنن.

ئەم دۆخە گرژییە هاوکاتە لەگەڵ مانگی رەمەزان، مانگێک کە تییایدا گۆڕانکارییە بایۆلۆژیی و دەروونیە سروشتییەکان, کە لە ئەنجامی بەڕۆژووبوون دروست دەبن، وەک کەمبوونەوەی شەکری خوێن و لەدەستدانی شلەی جەستە، ئەمە جگە لە نیشانەکانی کشانەوە لە کافاین و نیکۆتین و ئالودەبوونەکانی دیکە بۆ هەندێک. ئەم هۆکارانە کۆئەندامی دەمار هەستیارتر دەکەن و ئاستی بەرگەگرتنی هەڵچونەکان دادەبەزێنن، ئەمەش وا دەکات تاکەکان ئاسانتر تووشی توڕەیی، دڵەڕاوکێ، یان گوشار ببن.

لە روانگەی دەروونزانی کلینیکییەوە، ئەوەی ئەمڕۆ ئەزموونی دەکەین وەک گوشاری دەروونی بەکۆمەڵ و درێژخایەن پۆلێن دەکرێت، کە لە ئەنجامی هەڕەشەی بەردەوام لەگەڵ نەبوونی بەرچاوروونی سەریهەڵدلاوە. مێشکی مرۆڤ بۆ روبەڕوبونەوەی مەترسییە دیاریکراو و کاتیەکان دروستکراوە، بەڵام کاتێک لە حاڵەتێکی بەردەوامی ئاگاداریدا دەهێڵرێتەوە، ماندوو دەبێت. ئەمەش گرنگی پەنابردنە بەر هۆشیارکردنەوەی دەروونی دەردەخات، نەک وەک لایەنێکی خۆشگوزەرانی، بەڵکو وەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتی و هەنووکەیی.

یەکەم هەنگاو لە بەرنامەی دەروونی خۆپارێزیدا ڕێکخستنی مرۆڤە لەگەڵ هەواڵەکان. بەرکەوتنی بەردەوام بە جەنجاڵی شیکاری بەپەلە و ئاگادارکردنەوەی بێوچان، سیستەمی دەمار لە دۆخێکی ئاگاداری هەمیشەییدا دەهێڵێتەوە. زۆر گرنگە کاتێکی دیاریکراو بۆ بەدواداچوونی هەواڵەکان لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە و خۆبەدوورگرتن لە سەیرکردنی پەخشی بەردەوام بۆ ماوەیەکی درێژ، بەتایبەتی پێش خەوتن. لەم چوارچێوەیەدا گرنگە تیشک بخرێتە سەر مەترسییەکانی گی نابەرپرسانەی میدیایی کە دەستەواژەی هەستیار وەک “مەخەون… چاوتتان لەسەر فڵان کەناڵ بهێڵنەوە” بەکاردەهێنێت، پەیامێکە کە بینەر لە حاڵەتێکی چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، سووتەمەنیە بۆ پرسی خەوزڕان و گرژی و دڵەراوکێ، هەروەها پێچەوانەی سەرەتاییترین بنەماکانی باشبوونی دەروونییە. میدیای پیشەیی بەرپرسیارە لە گەیاندنی زانیاری بە وردی و بە هاوسەنگی، نەک لە هەڵگیرسانی ترسەکان بۆ زیادکردنی بینەران.

جگە لە ڕێکخستنی بەرکەوتنی هەواڵ، تاکەکان پێویستیان بە رێکخستنەوەی شێوازی بیرکردنەوەیان هەیە. لە کاتی قەیرانەکاندا، عەقڵ مەیلی گەورەکردنی خراپترین سیناریۆکانی هەیە، وەک شتێکی حەتمی مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. لێرەدا دووبارە پێویستمان بە دەروونزانی مەعریفیە بۆ داڕشتنەوەی بیرکردنەوەکانمان؛ واتە پرسیاری واقیعی لە خۆت بکەیت: ئەم زانیاریانە تا چەند وردن؟ ئایا پشتڕاستکراوەتەوە یان تەنها قسە و باسە؟ دەرئەنجامە گریمانەییەکانی تر چین؟ وکۆمەڵگا لە ڕابردوودا چۆن مامەڵەی لەگەڵ قەیرانی هاوشێوەدا کردووە؟ ئەم جۆرە بیرکردنەوەی واقیعییە نکۆڵی مەترسییەکان ناکات، بەڵکو ڕێگری دەکات لە خلیسکان بۆ نێو بیرکردنەوەی کارەساتبار کە بێ پێویست وزەی دەروونیمان دەبات.

هەروەها پاراستنی رۆتینێکی رۆژانەی جێگیر و رێکخراو بۆ پتەوکردنی هەستکردن بە ئاسایشی دەروونی زۆر گرنگە. شێوازی خەوتنی رێکوپێک، خۆراکی هاوسەنگ لە کاتی بەربانگ و پارشیودا، خواردنەوەی ئاوی پێویست، و کەمکردنەوەی وردە وردەی ئەو بابەتانەی کە کافاین و نیکوتین و کهولیان تێدایە هەموویان بەشدارن لە هاوسەنگی کۆئەندامی دەمار. چالاکیی جەستەیی سادە، وەک پیاسەی رۆژانە، یارمەتی دابەزاندنی هۆرمۆنەکانی سترێس و باشترکردنی باری دەروونی دەدات. جگە لەوەش، پراکتیزە رۆحییەکان لە مانگی ڕەمەزاندا دەتوانن ببنە سەرچاوەی ئارامییەکی قووڵ ئەگەر بە ئارامی و هۆشیاری و دوور لە دەمارگیری و هەڵەشەیی ئەنجام بدرێن.

لەسەر ئاستی خێزان، گرنگە بزانین کە لە کاتی قەیرانەکاندا، بەهۆی گوشارو مەترسیەکان، ماڵ رەنگە ببێتە فەزای دەردانی دڵەڕاوکێ و توڕەیی. زۆر گرنگە لە ماڵەوە لە گفتوگۆی سیاسی گەرم و بەردەوام دوور بکەوینەوە، بردەوبۆڵە بەسەر هاوژینەکان و ئەندامی دیکە نەکەین، خۆمان لەرەخنەی روخێنەر بەدوور بگرین، بەتایبەتی لەبەردەم منداڵان، چونکە هەستەکانی ترس هەڵدەگرن تەنانەت ئەگەر لە وردەکارییەکانی بابەتەکان تێنەگەن. دابینکردنی کەشێکی گفتوگۆی ئارام، گوێگرتن لە یەکتر و بەشداریکردن لە چالاکییە سادەکانی خێزاندا، هەستکردن بە ئاسایشی سۆزداری پەرەپێدەدات و کاریگەرییەکانی فشارە دەرەکییەکان کەمدەکاتەوە.

کۆمەڵگای عێراقی بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە، بەدرێژایی دەیان ساڵ بەرگەی ئەزموونی سەختی گرتووە و توانایەکی بەرچاوی بۆ گونجاندن و خۆڕاگری پەرەپێداوە. بەڵام خۆڕاگری بە مانای پشتگوێخستنی ئازار یان ئینکاریکردن لە دڵەڕاوکێ نییە؛ بەڵکو بە مانای مامەڵەکردنە بە شێوەیەکی ئاگادارانە و سیستماتیک. لێرەوە پێویستمان بە دەستپێشخەری هۆشیاری دەروونییە لە ڕێگەی دامەزراوە پەروەردەییەکان، مزگەوتەکان، دەزگاکانی راگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە سەرهەڵبدات. ئەم دەستپێشخەرییانە پێویستە سەرنج بخەنەسەر کارامەییەکانی بەڕێوەبردنی گوشارەکان، ڕێکخستنی هەڵچونەکان و شێوازی ئیدارەدانی هەڵچونە نەرێنییەکان، برەودان بە بیرکردنەوەی واقیعی و ئاساییکردنەوەی پێویستی داوای یارمەتی دەروونی لەکاتی پێویستدا. تیڤیەکانیش پێوێستە پانتاییەکی زێتر بۆبەرنامەو دیدارو هۆشیاری دەروونی دابین بکەن.

ئەگەر نیشانەکانی وەک خەوزڕاندنێکی توند، هێرشی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقین، هەستکردن بە بێهیوایی بەردەوام، یان لەدەستدانی ئارەزووی ژیانی ڕۆژانە بۆ زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام بێت، ئەمانە نیشانەن کە پێویستیان بە ڕاوێژکردن بە پسپۆڕێکی تدروستی دەروونی هەیە. داوای پشتیوانی نیشانەی لاوازی نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ژیرانە و پێگەیشتوانەیە بۆ پاراستنی خود و خێزان.

بەڕێوەبردنی قەیرانەکان تەنیا لە بڕیارە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکاندا چڕنابێتەوە؛ بەڵکو پاراستنی دروستی دەروونی کۆمەڵگاش دەگرێتەوە. لە کاتی نادڵنیاییدا سەقامگیری ناوەوە دەبێتە سەرچاوەیەکی ستراتیژی. تا تاک هۆشیاری و ئارامی خۆی بپارێزێت، زیاتر بەشداری دەکات لە بەهێزکردنی خۆڕاگری هەموو کۆمەڵگاکە،و یەکگرتوویی دەروونی دەکاتە هێڵی یەکەمی بەرگری لە بەرانبەر هەر ئەگەرێکی داهاتوودا.

*بەڕێوەبەری سەنتەری راوێژکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی لەEPU

👤
Live: 175 Today: 675 📊 Click Here