لەپەراوێزی لافاوەکەی چەمچەماڵدا…

لەپەراوێزی لافاوەکەی چەمچەماڵدا…

جار بینراوە: (1.4K)

قوباد و پاڤڵ تاڵەبانی: ئەو دوو جێنشینەی لە بێباکیدا بێهاوتان

لە دوا رۆژەکانی سەردانی ئەمساڵم بۆ کوردستان، جموجۆڵ و قەرەباڵغییەکی لە نکاو و نا سرووشتی تارادەیەک سەیر و سەمەرەم لە سەر جادەی گشتی ئۆردوگای شکارتەی دەڤەری راپەڕین دیت.

لەو رۆژەدا دەیان ئامێری رێگا و بان درووستکردن لە جۆرەها شۆفڵ و بلدۆزەر و بارهەڵگر کەوتنە تەخت کردن و پەستانەوە و قیرتاوکردنی ئەو بەشەی شەقامە یەکە، کە ٢٠ ساڵێک دەبێت سەرچاوەی قوڕ و چلپاوی زستانان و تۆز و خۆڵی هاوینانە بۆ دانیشتوانی ئەو ئۆردگایە.

روداوەکە لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بوو.

دیمەنەکە زیاتر لە دیمەنێکی سینەمایی دەچوو تا لەواقیع. وەک ئەوە بوو، سیناریستێکی سەرخۆش و تەمبەڵ بییەوێت لە وەختی زائیعدا بە پەلە و بەنابەدڵی چەند گرتەیەکی خێرای فلیمێک لەو مەوقیعەدا لەکۆڵ خۆی بکاتەوە.

هەر لەکۆڵ خۆ کردنەوەش بوو، شەقامێک بێ مانهۆڵ و ئاوەڕۆ… لەگەڵ یەکەم باران بارینیشدا ئەو جێگایە بووە دەریاچەیەک، یان ئومێد خۆشناو گۆتەنی ئاو کۆبونەوەی کرد.

با واز لە خراپی کواڵەتیی و نابەرپرسئارێتی کارەکە بێنن و بپرسین بە درێژایی ئەو ٢٠ ساڵە ئەو هەموو ئەندازیار و تەکنیکار و کارگوزارەی رێگاو بانە و ئەو هەموو شۆڤڵ و لۆری و ئامێری ەی رێگاو بان لەکوێ بوون…؟

بەدڵنیاییەوە لە خەوێکی قوڵی تا رادەی متبووندا بوون… خەوی بێ باکی دوو شازادەی جێنشین.. قوباد و پاڤڵ تاڵەبانی.

قوباد و پاڤڵ وەک ئەمری واقیع سەرۆک و جێگری سەرۆک و پارێزگار و جێگری پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسی یەکەمی ئیدارە سەربەخۆکانن و هەموو بێباکی حیزب و حکومەت و ئیدارەیی لەو دەڤەرەدا راستەوخۆ و بە پلەی یەکەم بۆ بێباکی ئەو جۆتە برایە دەگەڕێتەوە.

ئەو جۆتە برایەی هەموو هونەرەکەیان ئەوەیە ئەو پێگە و پۆستانەیان بە میرات بە سیفەتی جێنشینی بۆ ماوەتەوە.

لە کوردستاندا، جێنشینی لە سیاسەتدا دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی دەیەی شەستەکان.

ئەوسا و دوای کەنارخستنی مەکتەبی سیاسی پارتی بە زەبری تفەنگ، مستەفا بارزانی پایەی بە جێنشینکردنی مەسعودی کوڕی داڕشت و ئەمەش بووە ئەو ئاوە رژاوەی کە سەرۆکی زۆربەی حیزبەکانی باشور پێی تێبخەن.

ئێستا، بنەماڵەی بارزانی لە سوڕی جێنشینی چەسپاو و بێ رکابەری دان و سوڕی یەکەم و دووەم و سێیەمیان تەواو کردووە و ئەم میراتە دەگوازنەوە بۆ نەوەی چوارەمییان، منداڵ و هەرزەکانی مەسرور و نێچیرڤان.

پاڤڵ و قوباد، چەند ساڵێکە کاسپێتییەکە فێر بوون و شەڕی جێنشینی دەکەن و لە لالەزاریشدا دوا بەربەستی ئەم جێنشینیە لادرا.

باسەکە لافاوی چەمچەماڵ و هۆکار و سەرچاوەی بێ باکی جۆتە برا جێنشینە لاو و کەم ئەزموون و ناشیەکەیە.

بۆ تێگەییشتن لەو بێباکیەی جۆتە برای ئەمبەر و جۆت ئامۆزای ئەوبەر، پێویستمان بە تێگەییشتن لە تیۆری “بێباکی لە ئەنجام دانە”.

بەگوێرەی ئەم تیۆرە، ئەوانەی ئیدارە و سەرۆکایەتی، جا چ سەرۆکایەتی حیزبێک بێت، یان هەرێم و وڵاتێک، لە باوانەوە بۆیان دەمێنێتەوە، لە ئەنجام دانی ئەرکە وەزیفەیی و ئیدارەکانیاندا و بەتایبەتیش لە خزمەتگوزاریدا بێ باکن و ئەمەش پەیوەستە بە نەبوون یان لاوازی فشاری کێبڕکێ و ململانێی سیاسی.

کاتێک هەڵبژاردن، جا چ بۆ پێگەی سەرۆکی حیزب بێت یان پێگەی ئیداری بێت گەرەنتی بردنەوەی مسۆگەر بێت، جێنشین گوێناداتە

ئەدای خۆی و ئیدارەکەی.

بەواتایەکی تر، جێنشین لەهەر بارێکدا بێت، سەرکەوتن و مانەوەی لە ئۆفیسدا مسۆگەرە و بۆ دەسەبەرکردنی سەرکەوتن و مانەوە لە پۆست و دەسەڵاتی ئیداری و حیزبیدا پێویستی بە کار و تێکۆشان و ململانێ و ئەدای باش نییە.

لایەنگرانی تیۆری بێباکی لەسەر بنەمای چەندین لێکۆڵینەوەی مەیدانی لەو وڵاتانەی کە کەلتوری میرات و جێنشینی حیزبی تێدا باوە، ( لەوانەش هیندستان، بەرازیل، فلیپین)، بۆیان دەرکەوتووە کە جێنشینەکان هەوڵ و گەشەپێدانی کەمتر لەو ناوچانەی بەڕێوەی دەبەن ئەنجام دەدەن بە بەراورد لەگەڵ ئەو ناوچانەی لەلایەن سیاسەتمەدارانێکەوە بەڕێوە دەبرێن، کە بەتوانا و کارایی خۆیان لە سیاسەت و ئیدارە و لەسەر بنەمای ململانێ و پێشبڕکێی حیزبایەتیەوە گەییشتونەتە دەسەڵات و مانەوەشیان لە دەسەڵاتدا وەک جێنشینە چەسپاوە خانەدانەکان مسۆگەر نییە.

بەگوێرەی تیۆری بێباکی، قوربانی ئەم کەلتوورە هەرێم یان وڵاتەکانن لەگەڵ دانیشتوانەکەی. لێکەوتەی راستەوخۆی کەلتوورەکەش لاوازی وەبەرهێنان لە کاڵا گشتیەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی و پیشەسازی و گەشتیاریە، لەهەموشی گرنگتر، خاوبوونەوەی گەشەسەندنی ئابووری.

لێکەوتەیەکی تری جێنشینی، هەروەک لە لافاوەکەی چەمچەماڵ و پێشتریش لە زاخۆ و هەولێر دیتمان، سستیە لە وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و، کەمبوونەوەی خەرجییەکانی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەری کارەساتی سروشتی وەک لافاوە.

ئەم کەمتەرخەمی و بێباکییە بەنەبوونی بودجەوە نییە، پەیوەستە بە سیستەمی جێنشینییەوە هەیە.

ناکارایی ئیدارەی سلێمانی ژێر دەسەڵاتی جۆت برا لە گەشەپێدانی ژێرخانی ناوچەکە، وەک لە لافاوەکەی چەمچەماڵ بەزەقی دەرکەوت وە شکستی ئیدارەی هەرێمی ژێر کۆنترۆڵی بارزانیەکان لە مسۆگەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە نەبوونی بودجە و سەرچاوەی داراییەوە نایەت، لەو سیستەمە سەقەت و خراپەی جێنشینی و کەلتوری بێباکی پەیوەست بەو سیستەمەوە دێت

بابەتى تر

👤
Live: 108 Today: 1,199 📊 Click Here