سەرۆکی نوێی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دیاریکرا

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لیژنەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کۆبووەوە و بڕیاری دا بە خانەنشینکردنی دادوەر جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەکە، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە، 29-06-2025 بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت، لیژنەکە بەگوێرەی مادەی (3/یەکەم و دووەم) لە یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2005ی دادگای باڵای فیدراڵی کارەکانی کردووە؛ هاوکات دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆکی دادگای تەمیزی فیدراڵی وەک شوێنگرەوەی بەربژێرکردووە.
نووسراو ئاراستەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کراوە تاوەکو مەرسوومی کۆماری بۆ دامەزراندنی سەرۆکی نوێی دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەربکات.
دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن کێیە؟
– لەدایکبووی ساڵی 1963ی بەغدایە.
– لە 1989 بڕوانامەی لە کۆلێژی یاسای زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
– لە 1998 خولی (21)ی پەیمانگای دادوەری تەواو کردووە.
– لە 2018ـەوە لە دادگەی تەمیزی فیدراڵی کاردەکات.
– ئێستا جێگری سەرۆکی دادگای تەمیز و سەرۆکی دەستەی تاوانی ئەو دادگایەیە.
– ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی بوو.