سیاسەتمەدار و شەرەف

سیاسەتمەدار و شەرەف

جار بینراوە: (0)

کەمژەی و کاڵفامی، کەتوەری و کەمئاوەزەیی، مەیلی شەڕ و تاڵانکاری، چاوچنۆکی و خۆپەرستی، نەرمەمووی و ترسنۆکی، چەندین خەسڵەتی تری ئادەمیزاد، لە ڕاستیدا نە میراتین بۆ مرۆڤ مابێتەوە و نەخەسڵەتی جێگیر و ئەزەلین و لەقالوبەلاوە وا رەخسا بێت، بەڵکو کەتواری کۆمەڵایەتی و سروشتی ژیان لە هەندێک کەسدا دەیخوڵقێنێ و دەیسەپێنێت. ئەم توێژە هیچ کات و لە هیچ سەردەمێکدا زۆرینە نەبوون و نین، بەڵام بە گەیشتنیان بۆ پۆست و کورسی دەسەڵات و فەرمانرەوای دەبنە ترێند و بە هۆی ناجۆری و هیچ و پوچیەوە، نەک لە سەر داهێنان و خزمەتکردنی خەڵکی، ناوبانگ دەردەکەن. ئەم توێژە مانا دەگۆرن، بە سافی ویژدانەوە هەقیقەت بۆ بەرژەوەندی تایبەت ئاوژوودەکەنەوە.

لە بواری سیاسەت و فەرمانرەوایدا زۆر بە دەگمەن ڕاستیەکان وەک خۆی باس دەکرێت، بەردەوامبوونی ئەم کەتوارە وایکردووە خەڵکی لە سەر ئەو باوەرە جێگیر بن، کە بوونی گەمژە و کاڵفام لە فرمانرەوایدا دیاردەیەکی نەشاز و نامۆیە، بەڵام ئەزمون و مێژوو هەقیقەتێکیتر دەڵێن؛ کاڵفامی و گەمژەی و توندوتیژی لە ناو کایەی سیاسەتدا خاسیەتێکی جێگیرە، بەهێزترین فاکتەری دیاریکردنی سروشت و ئاراستەکردنی رێرەوی مێژووە. مرۆڤە سیاسەکان لە پڕسی توندوتیژی و دڕندایەتیدا هەندێک جار ئەوەندە ڕۆدەچن کەمتیاری تیادا شەرمەزار دەبێت. بینینی ئادەمیزاد وەک کەرەسەیەکی بێ گیان و هەست و سۆز، لە فامی سیاسیدا لوتکەی ئەقەڵە، لە بەرانبەردا لە کایەی ئەخڵاق و ویژداندا لوتکەی داروخانی پرسی مرۆڤبوونە. بۆیە پێویستە مڕۆ لەم سەردەمی هیچ و پوچی و جەنجاڵی ئەقڵ و هۆش و قەیرانەدا بونیادی جەستەی و روحی ژیانی لە سەر پرنسیپەکانی ئاکار و ویژدان دابمەزرێنیتەوە.

زۆربەی رەهای ئەو کەسانەی لە پیشەی سیاسەتدا جێگیر دەبن و سەرکەتن تۆمار دکەن لە ژیانی ڕستەقینەدا، کە سانێکی شکستخواردووی بێ بەرنامو ئامانجن. لە ژیانی ئاسایدا نە توانیویانە کار و کەسابەت بکەن و نە لەخوێندن و داهێناندا توانیویانە سەرکەوتوو بوون، تەنانەت لە ژیانی کۆمەڵایەتیشدا زۆر جار شکستیان خواردوە.

بەڕاستی مێژوو غەدرێکی گەورە لە بیرمەند و سیاسیەتمەداری سەردەمی ڕێنیسانس (نیکۆڵای میکیافیلی) دەکات، کە وەک شەیتان وێنای دەکات، لە وەختێکدا ئەم فەیلەسوفە جگە لە ڕاستی هیچیتری نەوتووە، ئەو تەنیا هەقیقەتی سیاسەت وەک خۆی دەخاتەروو، دەیەوێت خەڵکی بە ڕاستی لە هەقیقتی سیاسەت بگەن. سروشت و رووی ڕەش نابووتی سیاسەتمان وەک پیشە و هزر بۆ دەخاتەروو. ئەوەی جێگای سرنج و رامانە کاتێک، کە کەسێکی بەرەوشت و خاوەن بەها و پرنسیپ، خاوەن شکۆ و شەهامەت دەکەوێتە ناو سیاسەتەوە، زۆر بە ئاسانی شانی خۆڵاوی دەکرێت، دەرئەنجام یان دەبێت لە سیاسەت هەڵبیت، یاخود تەسلیم بە ڕسوای و هیچ و پوچی دەبێت. لە مەڕ ئەم ڕاستیە فیکتۆر هیگۆ ووتەیەی زۆر جوانی هەیە، کە دەڵێت؛ جەستە ڕەشیق و جوانەکان لە شاری خوارو خێچاندا نامۆ دەردەکەوێت.

یاسا و رێسای سیاسەت لە هیچ دەم و دەورێکدا وەک خۆی و بە ڕاست نەنوسراوەتەوە، لە سروشت و کاکەڵەدا دوورووی و پێوانەکردن بە تەرازووی بەرژەوەندی کەسێتی جەوهەری مەبەستی پێکاوە، وەک دەڵێن شەڕ لە سەر ئاینی ئیسلام نیە، بەڵکو شەڕی راسەقینە لە سەر لێفەکەی مەلایە.

جەوهەری یاسا هەرە دیارەکانی سیاسەت ئەوەیە، کە پێویستە لە رەوشت و مۆراڵ جیاکریتەوە، سیاسەت چۆن رەوشت دەشێوێنیت، بە هامان شێوە ڕەوشتیش سیاسەت دەشێوێنی، لوتکەی سیاسەت لە یاساو ڕێسا نەنوسراوەکاندا وەک ئەوەی میکیافیلی شەرحی دەکات ئەو ساتەیە، کە رەشت تیادا سفر دەبیتەوە. لە بارەی ئەم ڕاستیەوە هنری لویس مبنکن ووتەیەکی نازداری هەیە، کە دەڵێت؛ سیاسەتمەداری شەرێف وەک دزی شەریف وایە، لە کەتواردا بوونیان نیە.

بابەتى تر

👤
Live: 127 Today: 1,812 📊 Click Here