رووداوەکانی فەنزوێلا چ خێر و شەڕێکی بۆ کورد تێدایە..؟

رووداوەکانی فەنزوێلا چ خێر و شەڕێکی بۆ کورد تێدایە..؟

جار بینراوە: (879)

بەشی یەکەم: خێر و شەڕی تورکەکان

لە حوزەیرانی ٢٠٢١دا سادات پەکەر، گەورە مافیای تورک، سکانداڵێکی رژێمەکەی ئەردۆغانی ئاشکرا کرد.

ئەو گۆتی رژێمی تورکەکان وڵاتەکەیان کردۆتە رێڕەو و سەرزەمینی ساغکردنەوی کۆکائین و مادە هۆشبەرەکانی فەنزوێلا.

بەگوێرەی پەکەر، ئەکڕەم، کوڕەکەی بیناڵی یلدرم، ئەرکی سەرپەرشتیاری ئەم ساغکردنەوەیەی پێ سپێردراوە.

یڵدرم سەرۆک وەزیری رژێمەکەی ئەردۆغان و کەسی هەرە گوێڕایەڵ و بە متمانەی سوڵتانە پیرە بوو.

بەواتایەکی دیکە، راستەوخۆ رژێمە گەندەڵەکەی سوڵتان، نەک مافیای تورکی ئیدارەی بازرگانی کردن بە کۆکائین و مادەهۆشبەرەکانی فەنزوێلایان دەکرد.

ئیدیعاکەی پەکەر وەک بۆمب دەنگی دایەوە.

ئەمەش بەهۆی پێگەی ئەو گەورە مافیایەی تورکەکان سەر بە رێکخراوی گورگەبۆرەکانە و نزیکی لەگەڵ هەریەک لە ئەردۆغان و شەریکە دەغەڵەکەی، باخچەلی هەبوو.

وەک زۆر تاوانی رێکخراوی نێودەوڵەتی دیکەیان، ئەم تێوەگلانەی تورکەکانیش بێ باج و سزای نێودەوڵەتی تێپەڕی.

پەکەر لە ئیمارات نیشتەجێبوو، تورکەکان سازشیان بۆ ئیمارات کردو پەکەریان ناچار کرد دەمی دابخات.

جگە لەوە، وەک سیناریۆ، کۆمەڵێک بازرگانی مادە هۆشبەرەکانیان گرت و بیناڵی یڵدرمیشیان کردە کۆچی قوربانی و لە شانۆی سیاسەت دوورخرایەوە.

بەڵام، جارێکی دی و بە گرتنی مادۆرۆی سەرۆکی فەنزوێلا، سەرلەنوێ تورکەکان هاتنەوە سەر شانۆ، شانۆی تێوەگلانی کۆی کیانە فاشیەکەیان، لە بازرگانی نایاسایی و ژێربەژێر لەگەڵ فەنزوێلا، لەسەرووی هەموشیانەوە ئەردۆغان، سەرۆکی کیانەکە.

پێوەندی ئەردۆغان و مادۆرۆ هێندە ەکی نائاسایی و ئەنتیکە بوو کە هەمیشە ئەردۆغان بە “براکەم” بانگی مادۆرۆی دەکرد و ناوی دەهێنا.

ئەم برایەتییەی نێوان سوڵتانی ئیخوان و سوڵتانی کۆکائین لە کودەتا دیزاینکراوەکەی ٢٠١٦ی تورکەکان دەستی پێکرد.

لەکاتی کودەتاکەدا، مادۆرۆ یەکەم سەرۆک بوو بە ئەردۆغانەوە کرد و هەموو جۆرە پشتیوانیەکی بۆ دەربڕی.

تورکەکان بەهۆی ئەم دەسپێشخەری پشتیوانیە بێ قەید و شەرتەی مادۆرۆ، زەلکاوێکی لەباریان دۆزییەوە تا بیکەنە شاڕێیەک بۆ هەڵسانەوەی ئابووری و لیرە داڕوخاوەکەیان.

لە ٢٠١٦دا و پێش ئاشنا بوونی ئەردۆغان بەو برایەی و دۆزینەوەی زەلکاوەکەی فەنزوێلا، کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکەکان و فەنزوێلا ٨٣ ملیۆن دۆلار بوو.

لە ٢٠١٧دا، واتە تەنها ساێک دوای کەشفکردنی برایەتی لەگەڵ مادۆر و دواتریش هی زەلکاوەکە، قەوارەی بازرگانی نیوان ئەو دوو برایە سێقات بووەوە و گەیشتە ٢٠٠ ملیۆن و دوو ساڵ دواتریش، لە ٢٠١٨دا، نزیکەی ١٣ قات زیادی کرد و گەییشتە سەروی ملیارێک و ١٠٠ ملیۆن.

لەم ساڵانەدا، هەردوولا باسیان لە گەشیشتن بە پێنج ملیار دۆلار دەکرد. بەڵام قەوارەی بازرگانیەکە زۆر لەوە گەورەترە.

نهێنی گەورەتر بوونی قەوارەی بازرگانیەکە لەوەی راگەیەنراوە لە دوو خاڵ دایە.

یەکەم، کۆی بازرگانییەکە نایاسایی و قاچاخ بوو وە لەبنەڕەتدا پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان بوو، بۆیە قەوارەی بازرگانی و قاچاخچێتییەکە زۆر لەوە زیاترە کە بەفەرمی دۆکومێنت کراوە.

دووەم،

چونکە بازرگانیەکە قاچاخ و نایاسایی بوو فەنزوێلا لایەنە لاوازەکە و زەرەرمەندە ەکە بوو.

بۆ مادۆرۆ ئەم بازرگانییە بە مانای شکاندنی ئەو ئەمبارگۆیە نێودەوڵەتیە بوو کە خرابووە سەر رژێم و وڵاتەکەی، بۆ ئەردۆغانیش بەمانای ریسک و سەرپێچییەکی گەورە و تەحەدا کردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا دێت.

بۆیە دەبوایە تورکەکان مزی ئەم سەرکێشی و پێشێلکاریەی یاسا نێودەوڵەتەکانیان لە فەنزوێلا وەربگرن.

بۆ وەرگرتنی ئەو مزە، دەبوایە بازرگانییەکە فۆڕمەڵەیەکی جیاواز بێت لە بازرگانی سەردەم.

هەرواش بوو…

پێوەندی بازرگانیەکە ئاڵوگۆڕی کاڵاکان بوو نەک کڕین و فرۆشی کە تێیدا تورکەکان هەم دەڵاڵ بوون، هەم کڕیار و هەم فرۆشیار .

لە ٢٠١٧ تا گرتن و رفاندنی مادۆرۆ لە لایەن ئەمریکاوە، تورکەکان رێژەیەکی خەیاڵی زێڕی خاوی فەنزوێلایان بۆدەهات و زێڕەکەیان لە پاڵاوگەکان پاک و ساف دەکرد.

دوای پاک و ساف کردن، خۆیان و ویژدانی تورکانەیان رێژەی سافی زێڕەکەیان رادەگەیاند بێ ئەوەی فەنزوێلا بچوکترین چاودێری یان مافی وردبینی هەبێت.

جگە لەوە، تورکەکان هەر خۆشیان بڕیاریان دەدات هەقدەستی پاڵاوتنی زێڕی فەنزوێلا چەندە و لەبەرامبەردا چەن زێڕی پاڵاوتوو دەقەبڵێنن وەک هەقدەست، چونکە تورکەکان بۆیان نەبوو دراو بنێرن بۆ فەنزوێلا.

رێگری نێودەوڵەتی لە ناردنی دراوی قورس بۆ فەنزوێلا، دەروازەیەکی دیکەی بۆ تاڵانکاری تورکەکان رەخساندبوو، ئەویش ئاڵوگۆڕی زێڕ بە خۆراک.

رێککەوتنەکەی تورکەکان و فەنزوێلا، بە روکەش زێڕ بەرامبەر پارە (کاش) بوو، بەڵام لە ناوەرۆکدا، زێڕ بەرامبەر خۆراک و کاڵا بوو.

لە مامەڵەی زێڕ بەرامبەر خۆراکدا، تورکەکان نرخی زێڕەکەی فەنزوێلایان بە عەیارە ساختەکەی تورکی دەخەمڵاند و هی

خۆراکەکەی خۆیشیان بە لیرەی رەشادی.

متمانەی برایەتی نێوان ئەردۆغان و مادۆرۆ نەبێت، چ وڵاتێک بەو رەهاییە متمانە بە وڵاتێکی تر دەکات… وەک ئەو متمانەیەی سوڵتانەکەی کۆکائین بە سوڵتانەکەی ئیخوان کردی و تەواوی زێڕی خاوی نیشتیمانەکەی بێ لێپرسینەوە و چاودێری بۆ دەنارد…؟

هەر ئەو برایەتیەش بوو کە کورسیەکەی مادۆرۆی لە ٢٠١٩دا پاراست.

لە هەڵبژاردنەکانی ژانیوەری ٢٠١٩دا ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلی بە سەرۆکایەتی خوان گوایدۆ ٦٠٪ی کورسیەکانیان بردەوە، بەڵام ئەردۆغان یەکەم کەس بوو کە پشتیوانی مادۆرۆی کرد و وتە بەناوبانگەکەی گۆت : براکەم بە پێوە بوەستە.

ئەردۆغان بە هاوکاری چوار هاوپەیمانەکەی لە گروپی پێنج ئەفسانەییەکە، واتە روسیا و چین و ئێران و کوبا، وایکرد کە مادۆرۆ بەسەر ئۆپۆزسیۆندا زاڵ بێت و شەق لە دیموکڕاسی و سندوقەکانی دەنگدان هەڵبدات.

سەرەنجام بە پشتیوانی ئەردۆغان تەمەنی رژێمەکەی مادۆرۆ تا ٣ی ژانیوەری ئەمساڵ درێژ بۆوە.

درێژکردنەوەی تەمەنی مادۆرۆی برا، بە مانای درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو زەلکاوە بوو کە هەشت ساڵ سەرچاوەی تاڵانی زێڕی خاوی فەنزوێلا و یەکێک لەشادەمارەکانی بەهێز مانەوەی لیرە و ئابووری تورکەکان و سەرەنجامیش درێژبوونەوەی تەمەنی سوڵتان بوو.

بە گرتنی مادۆرۆ، چیتر خوێنی فەنزوێلاکان ناچێتە جەستەی فاسیدی کیانە فاشیستەکەی تورکەکان و بەتایبەتیش لاشەی شەکەتی سوڵتانە پیرەکەیان.

ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ پرسیارە ەکە: رووداوەکانی فەنزوێلا چ خێر و شەڕێکی بۆ کورد تێدایە…؟

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە تەنها سەرەداوێک دەدەمە دەست خوێنەر، سەرەداوی پێچەوانە بوونی خێر و شەڕی کورد و تورکەکان.

واتە، هەر شتێک شەڕی بۆ تورکەکان تێدابێت خێری بۆ کورد تێدایە و پیچەوانەکەیشی ڕاستە.

تورکەکان خێری خۆیان لەو زەلکاوانەدا دەبینن کە لە شەڕی ناو ماڵی نەتەوە بەدبەختەکان سەرچاوە دەگرێت، لەوانەش: لیبیا و سودان، سوریا، سۆماڵ و فەنزویلا.

خۆشبەختانە بە گرتنی مادۆرۆ یەکیک لەو زەلکاوانەی تورکەکان لەسەری دەژین وشک دەبێت و لەگەڵیشیدا سەرچاوەیەکی بەهێز مانەوەی هەژموون و و دیبلۆماسی.

لێرەوە، وەڵامی پرسیارەکە بۆ سەلیقەی خوێنەر بەجێدێڵم

تێبینی:

بەشی دووەم لەسەر خێر و شەڕی عەجەماکەن دەبێت.

هاوپێچ: سوڵتانی ئیخوانەکان و سوڵتانی کۆکائین.

بابەتى تر

👤
Live: 137 Today: 359 📊 Click Here