دەربارەی هاتنەكەی مەزڵوم عەبدی بۆ دهۆك
ئێستا كە سونە ڕێك دەكەون و هاوپەیمانی پێكدێنن، كە شیعە چوار چێوەی هەماهەنگیان هەیەو لانی كەم زۆربەیان بەیەكەوەن ، ئێمە ڕەخنە لە كورد دەگرین بۆ پێكەوە نین، ڕەخنە لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرین بۆ ڕۆڵێك لەو بارەیەوە ناگێڕێت ، بۆ لەبری ئەوەی كۆكەرەوە بێت، بەشێكە لە دوركەوتنەوە لە یەكترو هەڵوەشانەوەی پێكەوەیی، ئێ كە ڕەخنە دەگرین هۆیەكەی ئەوەیە مێژوی ئێمە لیپە لە ململانێ و دژایەتی یەكتر و یەك نەبوون، تەنانەت حزبی یەكبونمان هەبووە بۆ ئەوەی یەكنەبین ، كاتێك شەرەفنامە دەخوێنینەوە ئەو دەم تێدەگەین خودایە ئێمە چین ، ئێمە بۆ واین ، بەڵام خۆ ئەوە دوێنێیەو دیرۆكەو ئێستا نیە ، ئەی ئێستا ؟.
ئێمە ڕەخنەمان لە بارزانی و پارتی ، یەكێتی و تاڵەبانی باوك ، پەكەكەو ئاپۆ هەیە ، بەڵێ هەمانەو ئەوەش هەقی خۆمانە، كەی كوردێك ڕەخنەی لە حزبێكی كوەیتی ،یان میسری گرتوە وەك ئەوەی حزبێكی كوردی بێت ، بەشی زۆری ڕەخنەكانیشمان بە یەك نەبوون و پێكەوەیی كوردەوەیە لەو حزبانە، كاتێك لە مێژوی نوێی خۆماندا كارەساتی خوێناوی هەكاری ، كوشت و بڕی قڕناقەو پشتئاشان، دیلكوشتن و شەڕی ناوخۆ، سی و یەكی ئاب و شەڕی بە وەكالەت بۆ دەوڵەتانی توركیاو عێراق و ئێران دەبینین، ناچارین سەرزەنشتی بزاوتی چەكداری كورد بكەین ، كە بەلای كەمەوە سەت ساڵە هەموو ناجۆری و ناڕێكی و ناكۆكیەمان بە شۆڕش پێدەفرۆشێت.
هاتنی فەرماندە مەزڵوم عەبدی بۆ دهۆك و دانیشتن لە گەڵ سێ بارزانیەكە، پێویستە بەو جۆرە بخوێنرێتەوە كە بەشێكە لە پێكەوەیی كورد، هەروەها ئەوەشمان بیر نەچێت تۆ پێت خۆش بێت یان ناخۆش سێ بارزانێكە وێڕای ئەوەی خاوەنی حزبێكی گەورەن ، لە ئاستی نێو دەوڵەتی و ناوچەیی هەن و دەتوانن ڕۆڵی خۆیان هەبێت ئەرێنی یان نەرێنی ، ئەمە بۆ لایەنی دیكەش وەسایە ، كەواتە چۆن دەكرێت باس لە پێكەوەیی بكرێت و پێكەوە بوون سەرزەنشت بكرێت ، ڕاستە لە ڕابردودا زۆرێك لە دان و ستانی كوردی بەیەكەوە نەیارو نادۆست سودیان لێبینیوەو كوردەكەش درەنگتر زانیویەتی ئایی ئەوە خەریكی چ دەردێكە، بەڵام ئیدی كاتی ئەوە هاتوە ئەو ئاوەزە بگۆڕێت ، هەر چوار دوژمنی سەرسەختی كوردیش خەریكە دەگەنە ئەو باوەڕەی بەشەڕ و فرت و فێڵ و فریودانی كورد نەیانتوانی ئامانجی خۆیان بپێكن و ئێستا كورد وەك هەبویەكی كاریگەری ناوچەكە دەبینن.
كۆبونەوەی مەزڵوم عەبدی و سێ بەرزانیەكە، پێویستە واببینرێت كە دەكرێت خزمەت بە هەردوو ئەزمونی باشورو ڕۆژئاوا بكات، هەروەها ڕاستی دیرۆكی ئەوەیە ئێمە دەبێت مێژویەك لە ناكۆكی و ناجۆری و ململانێی نادروست تێپەڕێنین،عەبدیش خۆی لە دیدارێكی دوای هاتنەكەی دهۆكدا زۆر شتی ڕونكردەوە، ئێستا هەر ڕۆژئاوا نا هەموو كوردستان لەبەردەم گۆڕانكاریەكی جیاوازدایە، هەوڵی ڕۆژئاوا بۆ ناناوەندێتی و جۆرێك لە فیدراڵی، پرۆسەی ئاشتی لە باكورو توركیا بە هەموو ڕەخنەیەكمانەوە لە دەوڵەتی ئاكەپەو فاشیزمی تورك گۆڕانكاریەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان شۆڕشی ژیناو زارای محەمەدی و تێكۆشەرانی ئەوین و زیندانگەلی دیكەی ئێران، هەموو ئەمانە پێكەوەیی لە ئێمە دەخوازن، بۆیە من بەو چاوە سەیری هەموو هەنگاوێكی ئەرێنی دەكەم.















Post Comment