دروستكردنی ئەنجومەنی سیاسی لێكەوتەی شكست و بێبەهایی دامەزراوەی پەرلەمانە
بیركردنەوە لەدانانی ئەنجومەنێكی سیاسی بڕیاردەر لەباتی خەڵكی كوردستان، بەرئەنجام و لێكەوتەی شكستی فیعلی پەرلەمانە وەك دامەزراوەیەكی دەستوریی كە بەپێی یاسا نوێنەرایەتیی و بڕیاردەری خەڵكی كوردستانە دەكات.
بێبەهاكردن و بێ ئەرزشكردنی پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی هەرە گرنگی حوكمڕانیی لە هەرێم، هەموو حزبەكانی كوردستان لێی بەرپرسن! لەسەرووی هەموویانەوە پارتی و یەكێتیی. 35 ساڵە باری حوكمڕانیی هەرێم لەبازنەیەكی داخراوی بێ دەریچە دەخولێتەوەو هیچ پێشكەوتنێك لەدروستكردن و بەدامەزراوەكردنی دامودەزگا دەستوریی و دیموكراتیەكان دروستنەبووە، بۆیە دەبینین دواجار بیر لەدروستكردنی ئەنجومەنێكی سیاسی دەكرێتەوە، چونكە لەبنەڕەتدا حزبەكان بەگشتیی بڕوایان بەدیموكراسی نەبووە، بۆیە بیر لەئەنجومەنێكی سیاسی دەكەنەوە, هەروەک گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی بەرەی ی.
رەنگە قسەكردن لەشكستیی پەرلەمان پێویستی بەتوێژینەوە بێت لەباری سیاسی و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردستان، بەڵام دیارترین هۆكارەكانی ئەمانەبوون:
یەكەم: لەماوەی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوو، بڕیاردەرانی حزبەكان واتە سەركردایەتی حزبەكان بەتایبەت پارتی و یەكێتیی نەهاتن ببنە ئەندامی پەرلەمانی كوردستان تا ئەو دامەزراوەیە رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت وەك سەكۆی گفتوگۆو ناوەندی بڕیاری سیاسی.
دووەم: هەمیشە سەركردایەتی حزبەكان، خۆیان لەسەرووی پەرلەمانەوە بینیوە. لەباتی خۆیان بێنە پەرلەمان و خەڵكی خوارەوەیان رەوانەی پەرلەمان كردووە كە مافی بڕیاردانی سیاسی و یاسادانانیان نەبووە. بۆیە بۆ هەموو بڕیارو راسپاردەیەك هەمیشە گەڕاونەتەوە سەركردایەتی حزبەكانیان، خۆیان ئەوەندە مافی بڕیاردانیان نەبووە! بەئەندامانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانیشەوە.
سێیەم: لەماوەی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوو، بەدیاریكراوی لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە كە دامەزراوەكانی هەرێم (بەناو) دووبارە یەكخرانەوە، هەرێمی كوردستان زیاتر بەرێككەوتنی سیاسی دەرەوەی پەرلەمان بەڕێوەبراوە نەك مشتومڕی ناو پەرلەمان. واتە حزبەكان پارتی و یەكێتیی تەنانەت ئۆپۆزسیۆنیش لەدەرەوەی پەرلەمان لەسەر پرس و بابەتێكی دیاریكراو رێككەوتوون دواتر رێككەوتنەكە هێنراوەتە ناو پەرلەمان و بەرگی یاسایی لەبەركراوە. ئەندامانی پەرلەمان بەشێك نەبوون لەرێككەوتنەكان، تەنانەت زۆرینەی یاساكانی لەپەرلەمان دەرچوون پێشتر لەلایەن مەكتەبی سیاسی حزبەكان رێككەوتنی لەسەركراوە. وەزیفەی پەرلەمانتار بریتیی نەبووە لەنوێنەرایەتی خەلك بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژە یاساكان، بەڵكو زیاتر نوێنەرایەتی بڕیاری مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كردووە! بەمانایەكی دیكە پەرلەمانتار ئازاد نەبووە لەنوێنەرایەتیكردنی دەنگدەرانیی، بەڵكو هەمیشە بۆ هەر هەڵوێستێك چاوەڕوانی بڕیاری حزبەكەی بووە تا وەك رێنمایی پێیان دراوە. باشترین نمونەش دەبینین لەپرسی ریفراندۆمی كوردستان پەرلەمان داخرابوو، كەچی حزبەكان لەدەرەوەی پەرلەمان كۆبونەوەو رێكاری بەرەو راپرسیكردن دەستیپێكردبوو، دواتر پرۆژەكە هێنرایە پەرلەمان و بەرگێكی یاسایی لەبەركرا! كە ئەمە پێچەوانەی مەنتقی بڕیاردان و یاسا دانان بوو.















Post Comment