دایکی ئەو کچە گەریلایەی لەکاتی چەکدانەنەکەدا گریا: هەواڵیان پێدابووین کە گیانی لەدەستداوە

شیندا ئۆیونلو”ی تەمەن ٢١ ساڵ. گەنجترین گەریلای نیو ئەو ٣٠ گەریلایە بوو کە رۆژی هەیینی رابردوو، چەکەکانیان دانا، شیندا بەخەمبارییو بەدڵێکی ناخۆشەوە چەکەکەی دانا، دایکی دەڵێت “ساڵی رابردوو هەواڵی گیان لەدەستدانیمان بیست، پرسەمان بۆ دانا، ئەو رۆژە کە لەتەلەفزیۆن بینیم، لەخۆشیدا دەستمکرد بەگریان”.
دوای پەیامە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان، کە لە٩ی تەموزدا بڵاوکرایەوە، گروپێکی ٣٠ ئەندامی پەکەکە لەئەشکەوتی جاسەنە لەشاری سلێمانی لەڕێورەسمێکدا لەبەردەم کامێراکانو بەئامادەبوونی چاودێران چەکەکانیان بەشێوەیەکی ڕەمزی سووتاند.
یەکێک لەو گەریلایانەی لەگروپەکەدا چەکەکانیان سووتاند، شیندا ئۆیونلوی تەمەن ٢١ ساڵ بوو، کە لەساڵی ٢٠٠٤ لەگوندی (چەمێلیک) لەناحیەی لیجەی سەر بەشاری ئامەد لەدایکبووەو لەساڵی ٢٠٢٠ پەیوەندی بەپەکەکەوە کردووە.
دلبەر زێنین ئۆیونلو، دایکی شیندا بەمیدیاکانی تورکیای راگەیاندووە “پێرێ گوێبیستی ئەوە بووین کە کۆمەڵێک لەگەریلاکانی پەکەکە چەک دادەنێن، من لەو کاتەدا نانم لەتەنووردا دەپرژان، بەمنداڵەکانمم گوت، کاتێک دیمەنی دانانی چەک لەتەلەفزیۆن پیشان درا، بانگم بکەن، زۆری پێنەجوو منداڵەکانم بانگیان کرد وەرە، کاتێک لەبەردەم تەلەفزیۆنەکە دانیشتم، کچەکەمم بینی کە تەمەنی ١٦ ساڵ بوو چووە شاخ، لەکاتێکدا سەیری ئەو ساتەم دەکرد لەتەلەفزیۆن کە کچەکەم چەکەکەی دانا، دڵم پڕ بوو، فرمێسکم رژانو لەخۆشیدا گریام”.
دلبەر دەڵێت “ساڵی ڕابردوو هەواڵی مردنی کچەکەممان بیست، ماوەیەکی زۆر ماتەمینیمان گێڕا، بەڵام بینینی لەتەلەفزیۆن دوای پێنج ساڵ، زۆر کاریگەر بوو، هەم خۆشیو هەم دڵتەنگیم ئەزموون کرد.”
دلبەر ئاماژە بەوە دەکات کە کچەکەی دوای ئۆپەراسیۆنێک لەلایەن سوپای تورکیاوە لەگوندەکەیان، لەساڵی ٢٠٢٠ پەیوەندی بەپەکەکەوە کردووە، ئەو دەڵێت “هاتن ماڵەکەمیانیان پشکنی، ئەو ڕۆژە بەتوندی لەشیندای کچمیان دا، من لەگەڵ یەکێک لەکوڕەکانمو دوو کچی دیکەم دەستبەسەرکراینو براین بۆ زیندان، ئیلیمی کچم تەنها ١٠ ڕۆژ پێش دەستگیرکردنی منداڵی ببوو، ئێمە لەیەک ژووردا ڕاگیرابووین دوو کچەکەمو من لەگەڵ دوو نەوەکەم، یەکێکیان تەمەنی ١٠ ڕۆژ بوو، ئەویتریشیان تەمەنی ٢ ساڵ بوو”.
دەشڵێت “کچەکەم کە منداڵی هەیە دوای سێ مانگ ئازاد کرا، من ساڵێک لەزینداندا مامەوە، ئەو ڕۆژەی من ئازاد کرام، هاوسەرەکەم دەستگیر کرا، دوای شەش مانگ، توبای کچم کە لەزیندان بوو، لەگەڵ هاوسەرەکەم ئازاد کران، لەم ماوەیەدا، ئێمە بەدۆخێکی زۆر سەختدا تێپەڕین، کاتێک هەموو ئەندامانی خێزانەکەمان دەستگیرکران، ماڵەکەمان چۆڵ بوو. کاتێکی زۆر دڵتەزێنو بە ئازار بوو بۆ ئێمە”.
دلبەر باس لەپرۆسەی ئاشتی دەکاتو دەڵێت “پڕۆسەیەک دەستیپێکردووە، بەڵام هەم ئازارو هەم خۆشی لەیەککاتدا ئەزموون دەکەم، چونکە تا ئێستا ئازارێکی بێئەندازەمان بەرکەوتووە، گوندەکەمان چوار جار سووتێنراوەو چۆڵکراوە، هەرجارە ناچار بووین کۆچ بکەین بۆ ناوەندی شاری ئامەد، دواتر گەڕاینەوە گوندەکەمان، لەماوەی ئەم شەڕەدا چەندین ئازیزم لەدەستداوە، منو منداڵەکانم تووشی دڕندەیی زۆر بووین، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، پڕ بەدڵ پێمخۆشە ئەم پرۆسەی ئاشتییە بگاتە ئەنجامو نامەوێت ئیتر هیچ دایکێک بگریو فرمێسک بڕێژێت”.