دابەشکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی هەرێم بەردەوامە

دابەشکردنی شایستە داراییەکانی گەنمی جوتیاران لە سایلۆکانی هەرێم بەردەوامە

جار بینراوە: (959)

- سازگار ئەحمەد

بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشکردنی شایستە داراییەکان بەسەر جوتیارانی شاری هەولێر دەستپێدەکات، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم پارەی دابەشدەکرێت بەسەر جوتیاراندا قۆناغی یەکەمی پارەکەی گەنمی جوتیارانە بۆ ئەمساڵ.

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەموزی 2025، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان بەی راگەیاند، “ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشکردنی شایستە داراییەکان بەسەر جوتیارانی شاری هەولێر دەستپێدەکات و رەنگە ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی کۆتایی بێت، هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەکە دەستپێدەکات”.

سایلۆی هەولێر ئاگاداری جوتیارانی کردووەتەوە ئەمڕۆ دابەشکردنی چەکی پارەکانیان دەستپێدەکات و چەکی جوتیاران لە زنجیرە (1) تاوەکو زنجیرەی (150) کە گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی هەولێر کردووە، پارەکانیان لە بانکی(TBI) وەردەگرن.

نەوزاد شێخ کامیل وتی، “ئەم پارەی دابەشدەکرێت بەسەر جوتیاراندا قۆناغی یەکەمی پارەکەی گەنمی جوتیارانە بۆ ئەمساڵ کە بەغدا ناردوویەتی”.

وەک لە ئاگادارییەکەی سایلۆی هەولێر هاتووە، “لەم قۆناغەدا ئەو جوتیارانەی گەنمەکانیان لە 50 تۆن بۆ خوارە رادەستی سایلۆ کردووە، دەتوانن سەردانی سایلۆ بکەن بۆ وەرگرتنەوەی چەکی پارە، هەروەها ئەوانەی زیاتر لە 50 تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆ کردووە، لە گوژمەکانی داهاتووی پارەی گەنم سوودمەند دەبن”.

بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێم روونیشی کردەوە، “لەم قۆناغەدا ئەو پارەی بەغدا ناردوویەتی بۆ گەنمی جوتیاران 57 ملیار دینار بووە، 20 ملیار دينارى بۆ پارێزگای هەولێر و 25 ملیار دیناری بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و 12 ملیاریشی بۆ پارێزگای دهۆك بوو”.

بابەتى تر

👤
Live: 55 Today: 2,170 📊 Click Here