تەنیا پاڵپشتی لە ستەمكاری مەكە!

تەنیا پاڵپشتی لە ستەمكاری مەكە!

جار بینراوە: (1.6K)

ستەمكاری تەنیا گرێدراوی زۆرداری و خۆسەپاندنی دەسەڵاتێك نییە بەسەر خەڵكدا، تەنیا ئارەزووی نوخبەیەكی سیاسی دەسەڵاتخواز نییە بۆ چەوسانەوەی ئەوانیتر، ئەوەی دۆخی ستەمكاری ترسناكتر ئەكات بریتییە لە ناهۆشیاری لەئاست ماف و ئازادی و چاكەی گشتی و، لەلایەكی ترەوە، بریتییە لە ئارەزووی بەشێكی كۆمەڵگە، یان زۆرینەی كۆمەڵگەیەكی دیاریكراو بۆ بچووكی و گوێڕایەڵی و سەردانەواندن، كە ئەمە تەنانەت لە ئارەزووی دەسەڵاتداران بۆ چەوسانەوە و لە ناهۆشیاریی كۆمەڵگە لە ئاستی دۆخی خراپی خۆیدا، ترسناكترە.

هیچ جۆرێكی ستەمكاری وەك مۆنتیسكیۆ ئەڵێت لە ستەمكاری یاسایی ترسناكتر نییە. لە عێراق و كوردستان، لە ئاستە گشتییەكەی كۆمەڵگە و ئەقڵی خۆرهەڵاتیدا ستەمكاری سیستمێكی دەرەوەی ئەقڵی گشتی كۆمەڵگە نییە، بەشێكە لە جیهانبینی مەزهەبی، ئایدۆلۆژی و خێڵایەتی و حیزبی، هەموو ئەم كاریگەرییانە ژمارەیەكی زۆر مرۆڤی گۆڕیوەتە سەر بوونەوەری پاساوهێنەرەوە بۆ دەركەوتە جیاوازەكانی سیستمە ستەمكاری و نادیموكراتییەكانی وەك دەسەڵاتە بنەماڵەیی و خێزانییەكان، دەسەڵاتە مەزهەبی و ئایدۆلۆژییەكان، كە ئێستا هەموو ئەمانە بوونەتە تێكەڵەیەكی ترسناكی سیستمی سیاسی.

پاڵپشتی خەڵك لە ستەمكاری تەنیا زۆردارانە نییە، ئەوەی لە كوردستان و عێراق ئەیبینین بووتە كردەیەكی ئارەزوومەندانە و بەشێكی كۆمەڵگە، كە بە چاو ئەیانبینین و بە گوێكانمان ئەیانبیستین بەوپەڕی ڕاشكاوی خزمەتی دەسەڵاتی ستەمكارانە ئەكەن و بە عیشقەوە ئارەزووی خۆیان بۆ چەوسانەوە و بچووكی خۆیان لە ئاستی كۆمەڵێك ئاغای سیاسی و بنەماڵە فەرمانڕەواكاندا، نیشان ئەدەن. ئەمە بنەما و كۆڵەكەی ڕەوایەتیدانە بە ستەمكاری.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمكاری لە هەموو ئاستە كردەیی و ئەخلاقی و هزرییەكاندا ئاسانترین هەنگاو بۆ هەر مرۆڤێك ئەوەیە تەنیا بكشێتەوە لە پاڵپشتیكردنی ستەمكاری چ لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، یان لە پانتاییەكانی دیكەی سیاسەت و هزر و بزووتنەوەی كۆمەڵایەتیدا. لە كوردستان و عێراقدا لە هەموو شتێك ئاسانتر ناسینەوە و زانینی ئەو دەسەڵاتدارانەیە وڵاتەكەیان گۆڕیوە بۆ ڕووبەری بەرژەوەندییەكانی خۆیان و بێبەشكردنی كۆمەڵگە لە مافە مەعنەوی و مادییەكانیان. پرسیارەكە ئەوەیە بەشێكی كۆمەڵگە چۆن نایانناسنەوە و چۆن درك بە خراپی و شكست و زۆرداریی ناكەن؟

بابەتى تر

👤
Live: 35 Today: 139 📊 Click Here