ته‌مموز 20, 2025

تیروپشك بۆ دابەشكردنی نزیكەی 14 هەزار پارچە زەویی لە هەولێر كراوە

جار بینراوە: (519)

بەئامادەبونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارو پارێزگاری هەولێر قۆناغی دوەمی دابەشكردنی زەوی لە هەولێر تیروپشكی بۆكرا.
پارێزگای هەولێر بڵاویكردۆتەوە، بەئامادەبونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر قۆناغی دوەمی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا راگەیەنراو لەم قۆناغەدا نزیكەی 14 هەزار پارچە زەوی تیروپشكیان بۆ كراو دابەشكران، باس لەوەشكراوە پرۆسەكە بە باشی بەڕێوەدەچێت و بەردەوامیش دەبێت.
ساسان عەونی لەوبارەیەوە باسی لەوەكردوە، دابەشكردنی زەوی نزیكەی 15 ساڵ بو وەستابو، بەڵام لە ساڵی رابردودا سەرۆكی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەدابەشكردنی زەوی بەسەر سەرجەم فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئێستا بەشێك لە فەرمانبەران فەرمانیان بۆ دەرچوەو بە تەواوبونی ئەم لیستەش دەگاتە نزیكەی 480 هەزار فەرمانبەر كە فەرمانی وەرگرتنی زەویان بۆ دەردەچێت لە سەرجەم شار و شارۆچكەكاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Copyright © All rights reserved For Koibas