توركیاو ئێران لە ساڵی نوێدا

توركیاو ئێران لە ساڵی نوێدا

جار بینراوە: (921)

توركیاو ئێران دوو دەوڵەتی فاشیستن ، لانی كەم بەرانبەر كورد فاشیستن ، هەردووكیان سەدان ساڵە كورد سەركوت و كەوی دەكەن ، هەردوكیان كوردی جاشیان دەوێت و كوردی باش دەخەنە كونجی زیندان و پاكتاوی دەكەن، هەر كوردێكی خاوەن شەرەف ئەم ڕاستیە بەو جۆرە نەبینێت و پێی وابێت جیاوازی لە نێوان ئەم دوو ڕژێمەدا هەیە لە مامەڵە كردن لە گەڵ كورد ، خۆی دەخەڵەتێنێت، توركیاو ئێران عیلمانی بن ، یان ئیسلامی ، شاهەنشایی بن یان ئاخوندی ، پانتوركیزم بن یان ئیخوانی ، كورد وەك دوژمنی سەرسەختی خۆیان دەبینن، بۆ ئەوەی كوردیش نەگات بە هیچ خەونێكی خۆی هەر چی لە دەستیان بێت دەیكەن .

ئێران لە كۆتای ساڵی ڕابردو لە ئێستاشدا لە نێو بارو دۆخێكی سەختی سیاسی كۆمەڵایەتی دایە، تا ڕادەیەكی زۆر دابڕاوە لە دنیا ، كێشەی گەورەی ئازادی و مافی نەتەوەو پێكهاتەكانی دیكەی هەیە ، لە خوێندن بە زمانی كوردی دەترسێت ، لە ئاهەنگی نەورۆز دەترسێت ، لە توڕدانی لەچكی زۆرە ملێ نەك دڵخوازانە دەترسێت ، لە گۆرانی كوردی دەترسێت ، ئێران بە درێژی دەیان ساڵ ناوچە كوردستانیەكانی فەرامۆش كردوە ، جادەو بانی باشیان بۆ ناكات ، دەیانكات بە سەربازگە ، جاش و بەسیج و لۆمپەنیان تیا دروست دەكات، ئێران هیچ كەڵكێكی حوكمڕانی تیا نەماوە، بە تایبەت بۆ كورد ، ئەوە جگە لە گشتە خەڵك .

توركیا لە ژێر فشارو بە ترسێكی زۆرەوە دەرگای بەڕووی ئاشتیدا كردوەتەوە ، لە ماوەكانی كۆتای ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕوی كۆمەڵێك مەترسی دەرەكی بووەوە، ڕێكەوتنی سێ قۆڵی ئیسرائیل قوبرس یۆنان ، داننانی ئیسرائیل بە سۆمالیلاند ، پاڵپشتی ئیسرائیل لە دروزی سوریا ، كەمدەستبون و پاشەكشەی توركیا لە لیبیا و شوێنگەلی تر ، گەرچی زۆر بە چڕی لە كیشوەوری ئەفەریقیا لە جموجۆڵی سیاسی و بازرگانی و دایە ، لە ساڵی نوێدا توركیا لە ناو خۆیدا لە قەیرانی قوڵدایە ، ئاكەپە كێشەی ناوخۆیی زۆری بۆ دروست بووە ، ئاكەپە ئێستا بە فەڕمی سێ باڵە ، ئەوەجگە لە شەڕی میدیایی و ئاشكرای نێوان بیلال ئەردۆغان و هاكان فیدان، پێشتریش ئەو حزبە زۆرێك لە كارەكتەرەگرنگەكانی دورخراونەتەوە یان خۆیان ڕۆریشتون، لە سوریا تا ڕادەیەكی زۆر خەریكە كۆت و بەند دەكرێت ، ئەگەر لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا هەنگاوی ئەرێنی بۆ ئاشتی نێو خۆی توركیا نەنێت ، ئەگەر سەركێشی بكات بەو جۆرەی كە لە میدیا ڕەنگدەداتەوەو لە پشتی میدیاشەوە خەریكی ماستاو بێت بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل دیسان ناتوانێ تا سەر لە ناو ئەو دوو ڕوویە گەورەیەدا بژێت .

توركیاو ئێران وەك دوو دەوڵەتی ستەمگەرای فاشست ، وەك دوو دەوڵەتی نەتەوەپەرستی سەركوت كەری جیاواوی ئیدی ناتوانن لەم ساڵدا بە هەمان شێوازی ساڵانی بەرێ درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن ، لە ناو دەسەڵاتدارنی هەردوو وڵاتدا ئێستا لە هەر كات زیاتر دەنگی جیاواز دەبسترێت، ئەوان ئەو ڕاستیە دەزانن ئیدی سەردەمی ئەم جۆرە حوكمڕانیەو بەو شێوازە ناجۆرە كۆتای هاتووە.

كارەكتەری گرنگ و سەركوتكراوی دیرۆكی نێو ئەم دوو دەوڵەتە فاشیستە كوردە ، كورد زۆرینەی مافخوراوانی توركیاو ئێران پێكدێنێت ، زمانی خۆی هەیە ، بیركردنەوە، هونەر ، جل و بەرگ و پۆشاك ، داب و نەریتی خۆی هەیە ، لەوانە گرنگتر خاك و شوێنی خۆی هەیە ، ڕاستە بە درێژای سەدان ساڵ داگیركاری زۆر ناوچەو شوێنی لە دەستداوە ، بەڵام هێشتا لە سەر خاك و نیشتمانی خۆیەتی ، توركیاو ئێران وێڕای هەموو زەبرو زەنگێكی دیرۆكی ناتوانن نكوڵی لە جیاوازی كورد لە تورك و فارس و ئەوانی تر بكەن، كێشەی ئەم كارەكتەرە ، وێڕای خەبات و بەخودان ، تا ئێستا جاشێتی و لۆمپەنیە ، بۆ تورك و فارس یان بۆ دەوڵەت نەتەوەی فاشیست ، ئێستا لە هەر كات زیاتر دەبێت كورد لە جاشێتی و لۆمپەنی دوركەوێتەوە ، جاشێتی و لۆمپەنی لە بری پاشە كشە لە هەندێك دۆخدا ڕەنگ و ڕووی دیكەی وەرگرتوە، بۆنمونە حزب هەیە لە پارچەیەكی كوردستان لۆمپەنی دەوڵەت نەتەوەی فاشیستە بەسەر پارچەیەكی ترەوە ، ئەمە تا ڕادەیەكی ڕێگرە لەوەی گەیشتن بە خەونی كورد خێرا تر بێت .

ئەم ساڵ ساڵێكی باش نیە بۆ توركیاو ئێران ، ساڵێكی باش نابێت ، دیارە ئەگەر ساڵێكی باش نەبێت بۆ توركیاو ئێران كە لە زمان و پۆشاك و گۆرانی و نەورۆزی كورد دەترسن ، ساڵێكی باش نابێت بۆ لۆمپەن و جاشی ئەو دوو دەوڵەتەش ، بە تایبەت جاش و لۆمپەنی كورد، كورد پێویستە لەم دۆخەدا بزانێت بەرژەوەندی ئەو لە كوێدایەو پێویستە لە كام بەرەبێت ، لە گەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەمان بیر بچێت كورد پێویستە بەو جۆرە لە نێو مێژوودا بێت كە بتوانێ یەكتر قەبوڵبكات لە قۆرتی خێڵ بە مانا نەرێنیەكەی ، قۆرتی حزبخێڵ ، قۆرتی خۆسەپێنی بە سەر ئەوانی تردا ، قۆرتی چەوسانەوەی كورد لە لایەن كوردەوە بێتە دەرێ .

بابەتى تر

👤
Live: 102 Today: 2,262 📊 Click Here