تاڵە سپیەکانی قژم لە مندا
هێشتا من منداڵم خەون دەبینم، هەموو ئەو چرکە بچووکانە ئەو ساڵانەیان دروستکرد کە تێپەڕین..
منداڵم و هەست و جەستە و بیرم ئازاد، ئۆو ڕەگەزم دیارە و زۆر شت گۆڕدرا…
هێشتا من هەرزەکارم و هەستیارم لە هەمبەر زۆر شت، کە دەیبینم و قوڵ هەستی پێناکەم و بە توڕەییەوە تێی دەپەڕێنم، گۆڕانی جەستەم، سەیرکردن و نزیکبونەوەی پیاوانی برسی، مەکە و مەڕۆ و بۆت نیەی خێزان و کۆمەڵگە، هێواش و شەرمن و بێ دەنگ، فێربوون بە کاری ناوماڵ، بوونە کچێکی باش، خوشکێکی باش، هاوسەری باش، بووکی باش، خاڵۆژن و ئامۆژن و پورزاژنی باش.
باش لەسەر بنەمای شوناست وونە و هێشتا لەسەر ڕەگەزەکەیتر پێناست هەیە، هێشتا باشبوونت پەیوەستە بە هەموانەوە جگە لە خۆت، هێشتا لە چارەکی تەمەنمام.
چارەکی تەمەن (٢٥ ساڵ) و یەکەم تاڵی سپی قژم…
خۆ هێشتا وەک منداڵی پێدەکەنم تەنها پێکەنین و سەیرکردنی چاوەکانم وون نەکردوە، کەچی قژم خۆی بۆ تێپەڕینی قۆناغێکی دیکە ئامادە کردوە، چاوم ڕاستە یان قژم، پێکەنینم یان قژم؟ دڵم لە کوێیە؟
خۆ من هێشتا فریا نەکەوتم پیاسەیەکی تەنهایی شەقامێک و باخێکی پڕ لە بۆنی سنەوبەر بکەم لە بەهاردا، سەیری زەردبوون و پێگەیشتنی قەیسیم نەکرد، بە دڵ لە شەقبونی هەنارێکم نەڕوانی، پرتەقاڵێکم نەبینی بە دارێکەوە کە بەفری لێ باریوە.
من ئەوەندە وونم کە نازانم کێم و لە تاڵە سپیەکەی قژم ئەپرسم، تۆ چیت بینی وا ڕەنگت لە دەستدا؟ چیت زانی؟ لە چی تێگەیشتی؟ تۆ بەتەمەنترین تاڵی قژمی یان نوێترین، من تۆ ناناسم؟
من تاڵێکی قژی تۆم و هێز و ئەزمونێکم، هاتم تا پێت بڵێم نە گۆڕانی جەستەت، نە سەیرکردن و نزیکی پیاوانی برسی، نە مەکە و مەڕۆی هەموان، نە هێواش، شەرمن و بێ دەنگی هیچیان شوناسی تۆ نین، پێناسی ڕیشەیەکی قوڵی پیاوسالارییە.
تۆ ناکرێت ئەو هەموو چرکە بچووکە زۆرانە تێبپەڕێنیت و وون ببن، هێواش هێواش لەگەڵ چرکە بچوکەکان خۆتبە، هەتا بۆ خۆت نەبیت، ناتوانیت نە بۆنی سنەوبەر و نە زەردی قەیسی و نە شەقبونی هەنار و نە پرتەقاڵی بەفر لەسەر کەوتوو ببینیت. کاتێک شوناسی خۆت وەک مێ خۆش ویست، ئەوکات تێکۆشانت بۆ ژیان دەست پێ دەکات، ئیتر فێر دەبیت ژیان ببینیت، خۆشت بوێت، من کە هاوڕێکانم سپی دەبن پرسیاریان لێ ناکەیت، بەڵکو دەزانیت ڕەنگیانت بەخشی بەچی و بۆچی تێکۆشان و چیان بە دەستهێنا.
ئیتر ئەو کاتە تێگەیشتویت کات و جوگرافیا و خێزان و کۆمەڵگە و کارت، چەندێک کاریگەریان لەسەر تۆ هەیە، تێدەگەیت ڕەگی داپیرانێک هێشتا لە تۆدا ماوە کە ژیانیان ئاوا کرد، خوداوەندانێک کە ڕەنگی ئارامی ژیانیان دەکرد.
تێگەیشتم ئەوەی ژیام ئەزموون بوو، هیچ شتێک نەیوەستاندووم، تەنها ئەزمونم کرد.
بۆ ئەوەی بزانم بە دڵ و ڕۆح و هۆشم لێرەم، تا پێ لە مێرولەکان نەنرێت، تۆوی ڕوەکەکان لە خاکدا نەسوتێن، دڵۆپی بارانەکان، کانیەکان بژیێنەوە و ببنە ڕووبار و ئۆقیانوس، چرکەکان ببنە تەمەنێکی تێبکۆشان بۆ ژیانێکی باشتر بۆ هەمومان پێکەوە بە ئاشتی و خۆشەویستی، ئەو کات بە پێکەنینی منداڵی و بە سیرێکی گەنجانەوە لە گشت تاڵە سپیەکانم دەڕوانم…
٢٥ تشرینی دووەم(ڕۆژی بەرنگاربونەوەی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان)















Post Comment