×

بە ڕوونی

بە ڕوونی

جار بینراوە: (353)

ڕۆژی ی هونەرمەندان بە بێدەنگی تێپەڕی

لەسەر پێشنیازی هونەرمەندی كەنەدی كریس ماكلور، لە ساڵی 2024 بڕیاردرا 25ی ئۆكتۆبەر بە ڕۆژی ی هونەرمەندان دابنرێت. ئەم ڕۆژە ڕێكەوتی ڕۆژی لەدایكبوونی هونەرمەندی بەناوبانگ پابلۆ پیكاسۆیە.

25ی ئۆكتۆبەری هەموو ساڵێك لە بەشێك لە وڵاتانی جیهان و ئەو كۆمەڵگەیانەی هەند بۆ هونەر بە هەموو جۆر و شێواز و قوتابخانەكانی دادەنێن، ئەم ڕۆژە بە هەلێكی گەورە دەزانن بۆ جەختكردنەوە لەسەر گرنگیی هونەر لە ژیانی مرۆڤ و پیداویستی داهێنانی ئەم بوارە لە مێژووی ژیانی مرۆڤایەتیدا.

لەگەڵ بوونی ژیان، مرۆڤ بوونەوەرێكی هونەرمەندبووە. هونەر ئامرازی لەگەڵ بەرامبەر و داهێنانی هونەرمەندانەی مرۆڤ كەرەستەی بەرهەمهێنانی و پێداویستییەكانی ژیانی دروستكردووە.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەنگاوەكانی پێشكەوتن و بنیاتنانی شارستانییەكان و پێشكەوتنی قۆناغەكانی مێژوو، ڕاستەوخۆ بە بەرهەم و داهێنانی هونەرمەندانەوە بەندبووە و تەنانەت بیركردنەوە لە دواڕۆژ و دابینكردنی ئاسوودەیی و بەیەكەوەژیان و بەختەوەری، خەونی بێسنووری هونەرمەندان بووە.

هونەرمەندان جوانی بە ژیان دەبەخشن و بەرهەمەكانیان دەرفەتی پێداچوونەوە و نۆژەنكردنەوەی قەناعەتەكانمان بوونە. هەر بەرهەمی هونەرمەندانە شوێن و ڕووداوەكان و كەسایەتییەكانیان بەزیندوویی هێشتۆتەوە.

بەرهەمی هونەرمەندان و بابەت و رەنگ و كەرەستەكانیانە مامەڵەی لەگەڵ هەست و سۆز و ئەندێشە و تێڕوانینمان بۆ ئایندەیەكی گەشتر كردووە و وانەیەكی گەورەی پێمانبەخشیوە، كە چۆن بەكراوەیی و بێ كۆتاییهاتن بڕوانینە مێژوو، كە هەر خودی مرۆڤ ئەو مێژووە دروستدەكات.

هونەرمەندان جوانی بە ژیانمان دەبەخشن و وزەی ئەرێنیمان پێدەدەن و دەرگای گەشبینیمان بۆ واڵادەكەن و بەدرێژایی مێژوو سەرجەم ئەو كارانەی كراوە بۆ تابوودانان لەسەر هونەر و تەكفیركردنی هونەرمەندان و تێكشكاندن و قەدەغەكردنی بەرهەمی هونەری بە بیانووی پاراستنی پیرۆزیی ئایدیۆلۆجیای ئایینی و نائایینی جگە لە ناشرینی، هیچی دیكەی بە مرۆڤ و مێژوو نەبەخشیوە .

داهێنانی هونەرمەندانە كاروانێكی كەلتووری مرۆڤایەتی و بنەمای سەرەكی شارستانی جیهانە و لە هەمان كاتدا ئامرازی هەمەچەشنی و یەكبوونی شارستانییەكانە.

هەرچەندە ڕۆژی هونەرمەندان بابەتێكی سومبولییە، بەڵام لە واقیعیدا هەموو ڕۆژەكان ڕۆژی ئەو هونەرمەندانەیە، كە سەرجەم بابەت و وردەكارییەكانی ژیان بە سەركەوتن و نوشستی، خۆشی و ناخۆشی، بەشێكن لە ئەجیندەی ژیانی ڕۆژانەیاندا. هونەر هەردەم داهێنانێكی مێژوویی مرۆڤایەتییە كە چەمكی پێداویستی دروستیكردووە. پێداویستی بۆ بینینی ڕەش و سپی و سەرجەم ڕەنگەكانی دیكە. پێداویستی بۆ بەردەوامبوونی لەگەڵ یەكتر.. پێداویستی بۆ گۆڕانكاری و تێكۆشان بۆ عەدالەت و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو شێوازەكانی چەوساندنەوە.

كە دەڵیم هونەر و هونەرمەند، مەبستم تێكڕای بوارەكانە بە نواندن و پەیەكەرتاشی و هونەری تەشكیلی و سینەما .. میوزیك… تەلارسازی.. شانۆ.. سەما و هەڵپەركێ فۆتۆگراف و سەرجەم بوارەكانی كاری داهێنانی هونەریی دیكە و بەپێی ئەزموونی مێژوویی، سنوور بۆ جۆر و شێوازەكانی هونەر و قوتابخانەكانی دانانرێن و هەردەم بەكراوەیی دەمێننەوە.

هونەر هەردەم تۆماركردنی ئەو كاروانە بوو كە مێژووی تێكۆشانی مرۆڤی بۆ پێشكەوتن و یەكسانی نووسیوەتەوە و هونەرمەندانیش هەردەم هەڵگری ئەو خەونە مەزنەی مرۆڤایەتی بوونە.

هونەرمەندانی كوردستانیش لە هەر چوارپارچەی نیشتمان، پارێزەرانی مێژوو، و شارستانی وڵاتبوون. پەیكەرە ئاركەلۆجییەكان و كەرەستە گڵییەكان و وێنە و ئاماژەكانی نێو ئەشكەوتەكان و نووسینی مێخی و ستوونی باڵاخانەكان و تەلارسازی گوند و شارەكۆنەكان، بەرهەمی هونەرمەندانێكن ناویان تۆمارنەكراوە، سەربازی ئەوەی كە ونبوونە لە داهێنان و بۆ ان سەلماندووە، كە شارستانی میزیۆپۆتامیا و زاگرۆس سەرەتا دێرینترین شارستانی جیهانە و سەرجەم میتۆلۆجیاكان بە بەرگی ئایینی یان نا ئایینی بووبێت بەرهەمی نیشتمانی ئێمەیە. هونەرمەندانی سەدەكانی پێتریش لە ڕیگای بەرهەمەكانییانەوە لەم كاروانەدا بەردەوامبوونە و پاراستنی زمان و كەلتوور و شوناس و مانەوەمان وەك گەلێكی دێرین و توانای بەرەنگاربوونەوەمان دژ بە دوژمن و نەیارانمان و كرانەوەمان بەرامبەر شارستانییەكانی دیكە و سەقامگیربوونی كەلتووری بەیەكەوەژیان لە ژیان و بەرهەمی هونەرمەندان جیاناكرێتەوە.

ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێك زیاتر كە كار بۆ زیادكردنی بەربەستەكان لە نیشتمانی گەورەمان دەكرێت، كاری هونەرمەندان یەكێكە لە سەنگەری سەرەكی بەرەنگاربوونەوە و تێكۆشان و پاراستنی شكۆمەندی گەل و یەكبوونی شوناسەكەی و چەسپاندنی شوناسی نیشتمانی كوردستانی زاڵ بەسەر شوناسە لۆكاڵییەكان كە بۆ لەتكردن و دابەشبوونی دابەشكراو جۆشدەدرێت، بۆیە ئەمڕۆ كاركردن بۆ دامەزراندنی یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان، كە سەرجەم هونەرمەندانی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باكوور و باشوور بگرێتەوە، كارێكی پێویستە و بەو هیوایەی لە ڕۆژی هونەرمەندانی ی ساڵی ئایندەدا ئەم خەونە جێبەجێبكرێت و ئەمەش دەبێتە گەورەترین ئاهەنگ و بۆنەی رۆژی هونەرمەندان بۆ ساڵی 2026.

سڵاو لە هونەرمەندانی كوردستان كە لەم رۆژەدا خەونی نیشتمانیان لەكۆڵگرتووە.

بابەتى تر

👤
Live: 73 Today: 2,506 📊 Click Here