بە كاڵاكردنی مرۆڤ و حزبی كوردی
چەند ناشرینە فەرماندەیەك ، كەسایەتیەك ، هاوڵاتیەك ، نیشانبدرێت و ملپێچێكی زەرد یان سەوز بكرێتە ملی و بەو جۆرە بناسێنرێت كە حزبەكەی خۆی بە جێهێشت و بە حزبێكی ترەوە كرد، چەند ناشرینە مرۆڤ لەو جۆرە نمایشانەدا بكرێتە كاڵا و سوكایەتی پێبكرێت وەك ئەوەی دەخرێتە بەر زومی كامێرا ، باشە ئەو فەرماندەیە ، كەسایەتیە ، كەسە هەر هیچ نا ئەگەر هەر سەرنج ، تێبینی ، ڕەخنەیەكی هەیە لە ماڵی خۆی دابنیشێت باشتر نیە لەوەی ئەو سوكایەتیە قەبوڵ بكات .
ئێستا دەزانن حزب مرۆڤی كورد وەك كاڵاو كەرەسەی كڕٍین و فرۆشتن سەیر دەكات و ناهێڵێت شكۆو بوونی هەبێت ،واز لە فشەو فاڵی خزمەت و دەسكەوت بێنن و شكۆی خەڵك مەشكێنن، چەند شەرمە ئەندامی مەكتەبی سیاسی ، سەركردایەتی ، مەكتەبی سەربازی ، ئەفسەر ، كادیری حزبێك بیت و لە گەرمەی هەڵبژاردنا بكرێی بە دێبوك و پەڕۆو پاتاڵی سەنگەر گۆڕین و بە خۆت نەڵێی ئەوە من چی دەكەم ، ئەوە بۆ ئاوام لێدەكەن ، ئەدی شكۆی مرۆڤ بوون .
بە كاڵاكردنی مرۆڤ لە شكۆو سەروەری دانی مرۆڤە، لە بری بونیاد نان و خۆخاوەنكردن، تێكشكاندنە، ڕەنگە خەڵكێك لەبارو دۆخی ئاساییدا ئەوە نەبینن و ئەوە وەك كردەیەكی ئاسای سەیر بكەن ، وەك ئەوەی بیانوی ئەوە بێننەوە دەی مرۆڤ ئازادە لەكوێ كاردەكات و چۆن ، بەڵام ئەمە بە ئازادی بیرو باوەڕو شوێنی كاری سیاسیەوە نیە ، ئەمەجۆرێكە لە شكاندن ، ئەگەر كەسانێك لە بەر هۆكاری بیرو باوەڕ یان جیاوازی لە هەر ڕویەكەوە بڕیار بدەن لایەنێك بە جێبهێڵن و هۆكارەكان باوەڕهێنەر بن ئەمە ڕەنگە ئێیەكی تیابێت ، ئەوان یان دەبێت شوێنێكی نزیك لەو بیرو باوەڕە هەڵبژێرن ، یان هیچ نەبێت خۆیان شتێكی تازە دروست بكەن كە هەم جیاواز تر بێت لەوی پێشوو ، هەم باشتر ناكرێت ئەندامی مەكتەبی سیاسی ، سەركردایەتی یان بەرپرسێكی گەورە بیت و قەبوڵی ئەو شكۆشكێنیە لە گۆڕینی ئایدیادا بكەیت.
لە ڕاستیدا دەبوو گەشەی هۆشیاری و بەرەو پێشچوونی بیرو باوەڕی مرۆڤ بە جۆرێك بوایە ئێستای لە 10 ساڵ لەمەوبەر باشترو جیاواز تر بوایە ، بەڵام دەركەوت لە پرسی گوازتنەوەو كڕین و فرۆش و بە كاڵاكردنی خەڵكا ئێمە بەرەو دوا ڕۆیشتوین ، من باوەڕم وایە حزبەكان بە تایبەت ئەو حزبانەی لەسەرو بەندی هەڵبژاردنا ئەو گەمەیە بەڕێوە دەبەن بەرپرسیاری ئەوەڵ و ئاخری ئەو شكۆ شكێنیەی مرۆڤن ، راستە ئێمە دەبێت دان بەوەدا بنەین تاكەكە ، یان كەسەكە خۆیشی ئەو زەمینەیە دەڕەخسێنێ و سود لە كات و دەرفەتێك دەبینێ بۆ ئەوەی ئەوە بكات ، بەڵام ئەگەر ئەو حزبانە بەلایانەوە گرنگ بێت شكۆی تاكی كورد بەرز ڕابگرن ، هەرگیز لەو كاتەدا ئەو كەسە ناكەن بە دێبوك .
قسە كردن لە سەر ئەم بابەتەپێویستی بە ئاوڕدانەوەی ئێمەیە لە دوێنێی دیرۆكی كوردی و ئەمڕۆو هەڵوەستە كردنە لە سەر ئەوەی ئایە ئێمە لە مێژوداین بەومانایەی توانیومانە كەسی خۆ خاوەن و خۆ بڕٍیار دروست بكەین یان هێشتان نەمانتوانیە نیشتمان و بوون لە حەساری خێڵ و خێڵ حزب گەورە تر ببینین ، بۆچی مرۆڤی كورد لەبری ئەوەی لە ناو ماڵەكەی خۆیدا ڕەخنەی ئەو بارو دۆخە ناكات و خێرا دەچێتە شوێنێكی ترو ئیتر لەوێ بە ویستی شوێنەتازەكە ڕەخنەی دوێنێی خۆی دەكات ، ئایە ئەم بابەتە مایەی تێڕامان نیە ، ئایە هۆكارێكی هەرە سەرەكی ئەوەی كە مێژوی كورد بە قەد ئەوەی ئاوێتەكراوی بەرخودان و كەوی نەبونە، بە هەمان قەبارە ئاوێتەكراوی خۆ فرۆشی و جاشێتی نیە ، خیانەت وەك دەسكەوت لێكناداتەوە ، جاشایەتی بە پاشایەتی نازانێت، پێی وانیە كۆیلە كردن و دەستەمۆیی جۆرێك نیە لە شكۆداری، ئایە ئەو حزبە كوردیانە هەرگیز پرسیار گەلی ئەو هۆیانە دەكەن كە كەسێك لە جێیەكەوە دەچێتە جێیەكی دیكە؟.















Post Comment