بە فەرمی پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق دەستیپێکرد

_
 وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ‘پێنتاگۆن’ ڕایگەیاند، دوای سەرکەوتن بەسەر داعش و وەک پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق کەم دەکەنەوە، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانە ئاشکرا نەکراوە کە دەیانکێشێتەوە و ئەوانەشی لە عێراق دەمێننەوە.
 شۆن بارنێل، وتەبێژی پێنتاگۆن لەوبارەوە رایگەیاند: “بەگوێرەی ڕێنماییەکانی سەرۆکی ئەمریکا و بەهەماهەنگی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی ئەمریکا-عێراق، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لە 27ـی ئەیلوولی 2024 بڵاوکردەوە، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان ئەرکی سەربازی خۆیان لە عێراق کەم دەکەنەوە.”
 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کەمکردنەوەیە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی هاوبەشمانە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، هەنگاوێکیشە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و عێراق، کە گونجاو بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دەستووری عێراق و ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی وڵاتەکەمان لەگەڵ عێراقدا.
 وتەبێژی پێنتاگۆن دەشڵێت”ئەم هاوبەشییە پاڵپشتی ئاسایشی ئەمریکا و عێراق دەکات، هەروەها توانای عێراق بۆ گەشەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و وەرگرتنی ڕۆڵی سەرکردایەتی ناوچەیی بەرزدەکاتەوە؛ ئێمەش وەک حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبین لە هەماهەنگییەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی ڕێکوپێک.”
  
 
								


 
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                     
                                    
Post Comment