بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە گەرمیان: بکوژی ئەکبەر حاجی رۆستەم نەدۆزرێتەوە واتە رووداوەکە تیرۆرە

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە گەرمیان: بکوژی ئەکبەر حاجی رۆستەم نەدۆزرێتەوە واتە رووداوەکە تیرۆرە

جار بینراوە: (1.1K)

_

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دەڵێت، “ئەگەر بکوژی ئەکبەر حاجی رۆستەم بدۆزرێتەوە رووداوەکە ئاسایی یان کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و بە پێچەوانەشەوە تیرۆرە.”
 
شەوی دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا.
 
هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی حیزبەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی، “چاومان لەوەیە بە زووترین کات تاوانبارانی کوشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەم بدۆزرێنەوە، بدرێنە دادگە و سزا بدرێن.”
 
ئاماژەی بەوەشکرد “جارێ لێکۆڵینەوە بەردەوامە، ئەگەر تاوانباران زوو بدۆزرێنەوە ئەوە کوشتنێکی ئاسایی و کۆمەڵایەتییە، نەدۆزرێتەوە بە تیرۆر دەژمێردرێت.”
 
سەبارەت بەوەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەکبەر حاجی رۆستەم لەلایەن کەسوکاری خۆیەوە کوژرابێت، حوسێن کەلاری، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، “هیچ بنەمایەکی نییە، چونکە لەنێو بنەماڵە و خێزانیاندا هیچ کێشەیان نەبووە، بە دڵنیاییەوە کەسوکاری خۆی بکوژ نین.”
 
باسی لەوەشکردووە، “ئەکبەر حاجی رۆستەم بەردەوام لەگەڵ ئێمەدا بوو، جگە لەوەی کادری خانەنشین بوو، لە بواری کۆمەڵایەتیدا ئەرکی لەئەستۆ دەگرت.”

بابەتى تر

👤
Live: 46 Today: 1,549 📊 Click Here