بۆ نابێت، ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سڵێمانی بگۆڕن؟

بۆ نابێت، ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سڵێمانی بگۆڕن؟

جار بینراوە: (1.5K)

ئاشکرایە، مام جەلال بە هەمو ڕەخنە و سەرنجەکان لەسەری ڕابەرێکی کاریگەر و دیاری جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردبووە، بەڵام گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ (فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی نێودەوڵەتی) هەنگاوێکی تری لێدان و کەنارگیرکردنی سلێمانییە، چونکە تەنیا شوێنە ناوی سلێمانی بەدەرەوە دەبەستێتەوە.

دەکرێت فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد یان کەرکوک بەناوی مام جەلالەوەبکرێت، چونکە:

یەکەم: پەیوەست بە بەغداد مام جەلال سەرۆک کۆمار بوە و بە قەولی هەموانیش (سەمام ئەمان) بوە، کە بێگومان لەسەر حسابی کوردبوە. ئێستا کە یەکێتی لەناو ئیدارەی دەوڵەتدایە و دۆستی دەسەڵاتی قوڵی عێراقە و سەرۆک کۆماری هەیە، وەک وەفایەک بۆ مام جەلال، فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی بەناوەوەبکرێت.

دووەم: بۆ کەرکوک؟ لەبەرئەوەی مام جەلال خاوەنی بیرۆکەی بەیەکسانی دابەشکردنی پۆستەکان بو لە نێوان (کورد، عەرەب، تورکومان)، بە گەورەییش لەسەر زاری ئەوەوە نوسراوە: “منیش کەرکوکیم” و بە قودسی ش ناوی دەبرد و پارێزگاریش یەکێتییە.

ئەم دوانە هەر کامیان بکرێت، واتای سیاسی و لێکەوتەی زیاتری دەبێت و ڕاستی نیازی عەرەب و تورکومان بەرانبەر کورد دەردەخات و پێناسی عێراق نیشتمانی هەموانەش دەسەلمێنێت، ئەگەر ڕازینەبون کەواتە پێچەوانەکەی ڕاستە.

یان فڕۆکەخانەیەکی تازە بنیادبنێنن و ناوی بنێن مام جەلال، چونکە هەردو بنەماڵەکە قەرزارین بۆ ئەم هەمو دەستکەوتەی هەیانە، ئەی مام جەلال هەڵمەتی شارەوشاری بۆ بارزانی نەکرد و نەیوت: کاک مەسعود سەرۆکی ئەم دەورە و دەورەی ئایندەشتانە بەکوێرایی چاوی دوژمن.

دیارە دوژمن مەبەستی نەیاری سیاسی ناوخۆی هەرێم بوو، کە ئەو کات گۆڕان بو، چونکە لای پارتی و یەکێتی عەرەب و فارس و تورک دۆستن و نەیاری سیاسی ناوخۆ دوژمنن.

پاشان سلێمانی خۆی تەنیا ئەوشوێنە نێودەوڵەتییەی بەناوی خۆیەوەیەتی؟ چی ماوە؟ نەک سلێمانی هەمو کوردستان هاوینەهەوار، گرد، بەرزایی لەسەر پارتی و یەکێتی و حاشییەکانیان و شێخ و تەریقەت و تەنانەت سەرکردەکانی کۆمەڵش تاپۆکراوە. کە دەیانوت (ئەوەی لە سامان زۆر نزیکبێتەوە ڕەوشتی بەرزی بیردەچێتەوە) سەرباری ئەوەش ئەمە جارێکی تر دەیسەلمێنێت شتێک بەناوی حکومەت نییە، چونکە دامەزراوەی مام جەلال کارەکەی کردووە، کە سەرۆکەکەی ئاوەڵزاوای تاڵەبانییە و ڕەنگە نۆبەی بۆ سەرۆک کۆماریش گرتبێت، بۆیە دەڵێت: ناماقوڵیتانکرد دژی دەبن.

حکومەت نییە، چونکە بۆ گۆڕینی ناوی گوندێک، گەڕەکێک، ناونانی باخچەیەک، شەقامێک…، دەیان کۆبونەوە و ڕەزامەندی دەوێت، ئەی خێرە بۆ ئەمە کەس قسەیەکی نییە!

دواجار تەنیا لەبەر مامەڵەی یەکێتی لەگەڵ سلێمانی و بێ منەتی سەرۆکی دەزگای مام پێویستە دژی ئەو ناوگۆڕینەبین و خەڵکیش لە هەڵبژاردنی مانگی یازدەدا وەڵامی پڕ بە پێستی یەکێتی بدەنەوە.

👤
Live: 27 Today: 45 📊 Click Here