بڕوخێ دەوڵەتی-نەتەوە؟

بڕوخێ دەوڵەتی-نەتەوە؟

جار بینراوە: (1.7K)

گواستنەوە لە سیاسەتی نکوڵیکردن و تواندنەوەوە بۆ دانپیادانان و پێکەوەژیان؟

*ئەم نوسینە لە پێناوی دروستکردنی دیبەیتدایە نەک کورتکردنەوەی بۆ قبوڵکردن یان رەتکردنەوە*

لەو دەمەی ئۆجەلان نامەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دانانی چەک و کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری نارد، بەو مانایەی کە چیتر ئەم شێوازە لە خەباتکردن بڕستی ئەوەی نەماوە دوڵەتی تورکیا ناچار بە مسۆگەرکردنی مافەکانی کورد بکات، ئەوەی جێگەی سەرنجی من بوو ئەوە بوو کە ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و نوسەرانی کورد کەوتنە باسکردنی ئەوەی کە دەمێکە ئەم شێوازە لە خەباتکردن بەسەرچووە و تا رادەی ئەوەی کە هەندێک قسەیان لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەوان لە مێژە گەیشتبوونە ئەو باوەڕە و بەڵام پەکەکە ئێستا دەگاتە ئەو دەرەنجامە. پێش هەموو شتێک ئەم رایانە زۆر ناراست و نالۆژیکیانە بوون و تەنها سواری تەوژمەکە بوو بوون بەبێ خوێندنەوەیەکی ورد و رەخنەگرانە. هیچ یەکێک لە حیزبەکانی باشور لە سەردەمی خەباتی چەکدارییاندا لە هیچ ساتێکدا بیریان لە چەکدانان نەکردەوە و پرسی چەکدانانیش لای کەسانی رۆشنبیر نەبووە پرسێکی گرنگ و کە ببێتە هۆی دروستکردنی دیبەیت و گفتوگۆکردن. لێرەوە گرنگە ئەوە بڵێین کە هەر پارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندی جیۆپۆڵەتیکی خۆی هەیە و ئەو پێگە سیاسی و و ستراتیژیەی هەیەتی لە دا بە سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەوە هەموو ئەو سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەکیانە دیاریدەکات کە لە بەر سێبەری ئەمانە دەیاننەخشێنێت. واتە بیرکردنەوە لە کوردستان لە ئێستادا بە مانا گەورەکەی کە باس لەهەر چوار پارچەکە بکەین لە رووی ە نێودەوڵەتیەکان و سیاسەتی هەر یەک لەم دەوڵەتانە و ان بە گەورە هێزەکانەوە رەنگە بیرکردنەوە و قسەکردنێک بێت کە هیچ مانایەکی نەبێت لەبەر رۆشنایی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. بە نموونە لەئێستادا رۆژاڤا ناتوانێت قسە لەسەر پرۆژەی سەربەخۆیی و جیابوونەوە بکات لەبەر ئەو سیاسەتەی تورکیا و ئەمریکا هەیانە سەبارەت بە سوریا کە رێگە بەم پرۆژانە نادەن، هەمان قسەش بۆ باشوری کوردستان راستە کە رێگە بە سەربەخۆیی نەدرا و هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان دژایەتیەکی گەورەیانکرد. بێگومان قسەمان لەسەر ئەوە نیە کە یەکگرتوویی کوردانی هەموو پارچەکان زۆر گرنگە و کاریگەری لەسەر ئەم سیاسەتە هەرێمی و نێودەوڵەتیە هەیە، بەڵام خاڵی جەوهەری لێرەدا کە دەمەوێ ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە کە هەر بەشێک تایبەتمەندێتی خۆی هەیە بەهۆی ئەو گەمە سیاسیانەی دەوڵەتە سەردەستەکان بەڕێوەیدەبەن لەناو هەناوی سیاسەتی هەرێمی و دا. واتە رەنگە ئەوەی بۆ باکور لە دا بە دەوڵەتی تورکیاوە گونجاو و شیاو بێت، نەکرێت بەهەمان پێوەر نەخشەی سیاسی بۆ باشور و رۆژاڤا و رۆژهەڵات دابنێین.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەوەی ئێستا لە تورکیا روودەدات لە دا بە کوردەوە لە مێژووی سەد ساڵەی تورکیادا یەکەمینجارە هەوڵێکی لەمشێوەیە رووبدات، چونکە هەر بەتەنها لە رێگەی دەزگا هەوڵگریەکان و کەناڵە نهێنیەکانەوە ئەنجامنادرێت، بەڵکو لەسەر ئاستی پەرلەمان و میدیا و کەناڵە فەرمیەکانەوە روودەدات. بێگومان نابێت ئەمە تێڕوانینێکی گەشبینانەمان لا دروستبکات، چونکە پرۆسەکە پڕە لە گرفت و دەوڵەتی تورکیا کۆمەڵێک مەبەستی سیاسی هەمەلایەنەی هەیە کە دەکەوێتە دەرەوەی ویست و ئارەزووی کوردەوە، بۆ نموونە کێشەی سوریا و هەسەدە و کەمکردنەوەی هێز و توانای ئیسرائیل بەسەر کوردەوە، چونکە تورکیا خەریکی بڵاوکردنەوەی ئەو بانگەشە بێمانایانەیە کە پەکەکە و هەسەدە بوونەتە داردەستی ئیسرائیل و دەتوانن کاریگەریان لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە بە تایبەتی لە سوریادا هەبێت. بۆ نمونە ئەگەر رۆژنامەی دەیلی سەباحی نزیک لە حکومەتی ئەردۆگانەوە بخوێنیتەوە، ئەم جۆرە بانگەشانەت بە بەردەوامی بەرچاو دەکەوێت. واتە ئەوەی خاڵی ناگەشبینیە لەم پرۆسەیەدا ئەوەیە کە دەوڵەت ئەم پرۆسەیە، لەسەر زاری باخچەلی و ئەردۆگانەوە، بە پرۆسەی “تورکیایەکی بێتیرۆر” و پەکەکە و دەم پارتی بە “پرۆسەی ئاشتی” ناویدەبەن. بەهەر بارێکدا بێت، دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەمەی ئۆجەلان بە پلەی یەک و پەکەکە بە پلەی دوو بەڕێوەیدەبەن گەمەیەکی سیاسی سەخت و ئاڵۆزە، گەمە نەک بە مانا سادە و هیچەکەی، بەڵکو بەو مانایەی کە لە سیاسەتکردندا لایەنەکان هەمیشە لە گەمەی “دان” و “ستاندندان” و چۆن ئەم ململانێیە بەڕێوەدەبەن. دیارە هێنانەدی ئاشتی و دامەزراندنی ژیانێکی شایستە و خاوەن ماف و بڕیار بۆ کورد لە تورکیا و سوریادا زۆر گرنگە هەروەک چۆن پێمانوایە کە خەباتی چەکداری بە هیچ ئامانجێکی پرشنگدارمان ناگەیەنێت، کەواتە دەبێت بیر لە رێگاکانی دیکە بکرێتەوە و لێرەوە گەمە و ململانێی سیاسی دەبنە بەشێک لەم رێگایانە. هەروەک لەسەرەوە ئاماژەمانپێدا کە هەر بەشێکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، هێشتنەوەی هێزی چەکداری هەسەدە لە سوریا بەشێوەیەک کە رۆژاڤا بپارێزێت پرسی مانەوەی جەوهەری گەلی رۆژاڤایە و سەرکردایەتی رۆژاڤاش سازش لەسەر ئەمە ناکەن. خاڵێکی دیکەی ناگەشبینی لەم پرۆسەیەدا ئەو گەمە ناشرینەیە کە تورکیا بە میت و دەوڵەتی قوڵیەوە ئەنجامیدەدەن ئەویش سەپاندنی ئەو مەرجانەیە بەسەر ئۆجەلاندا بۆ ناردنی ئەو پەیامانەی دەوڵەت ئارەزووی دەکات. ئەمەش لە دوایین سەردانی شاندی پەرلەمانی تورکیادا بۆ ئیمرالی دەردەکەوێت کە حکومەت رێگە بە بڵاوکردنەوەی وردەکاری وتوێژەکانی کۆبوونەوەکە نادەن و خۆیان بەشێکیان لێبڵاوکردۆتەوە کە گوایە ئۆجەلان داوای تێکەڵبوونی هەسەدەی بە سوپای سوریاوە کردووە. بەڵام دواتر پەرلەمانتاری دەم پارتی، گوڵستان کلچ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئەمە لە کۆنتێکستی خۆی دەرهێنراوە و دەبێت ئاماژە بە خاڵەکانی دیکە بدرێت. لێرەوە دەبێت لەوە تێبگەین کە بۆچی دەوڵەت لەم پرۆسەیەدا پەکەکەی هەڵنەبژاردووە وەک لایەنی بەرامبەر بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، بەڵکو ئۆجەلانی هەڵبژاردووە، لە بەرئەوەی کە دەتوانێت مەرجی بەسەردا بسەپێنێت و دەستکاری پەیامەکانی بکات. کەواتە دەبێت هەندێک لەو خاڵانەی لە پەیامەکانی ئۆجەلاندایە بە چاوی گومانەوە سەیربکرێن کە پێدەچێت تاڕادەیەک قەندیل و رۆژاڤاش تا ئێستا هەر بەم چاوەوە کاری کردبێت. بەڵام لانیکەم نابێت ئەوەش بە هەند وەرنەگیرێت کە ئەم پرۆسەیە، هەرچیەکی ناولێدەنێیت، ئەگەری شەڕێکی خوێناوی لەسەر رۆژاڤا دوورخستۆتەوە.

هەر لەم روانگەیەوە دەمەوێت خوێندنەوەیەکی رەخنەیی بۆ ئەو پەیامەی ئۆجەلان بکەم کە رۆژی شەممە ٦ ی دیسەمبەر ئاراستەی کۆنفرانسی ئەستەمبوڵی نێونەتەوەیی بۆ ئاشتی و جڤاکی دیموکراتیکی کرد کە دەم پارتی سازیکردبوو، کە پێموایە جێگەی تێڕامانە لە کۆنتێکستی ئەم پرۆسەی ئاشتیەدا. ئەم خوێندنەوەیە لەو پێناوەدایە کە ناکرێت ئەوەی ئۆجەلان دەیڵێت وەک تێکستی پیرۆز سەیربکرێت، ئەو جگە لەوەی کە رێبەرێکی سیاسیە،لەهەمانکاتیشدا خاوەنی چەندین تێزی فیکرییە. بۆیە ئێمە دەبێت بچینە دەرەوەی عەقڵیەتی هێرشبردن و وەرگرتنی تێکست و دیسکۆرسەکان لە دەرەوەی قبوڵکردنی کوێرانە و رەتکردنەوەی بێبنەما و، لێرەوە بتوانین دیبەیتێک دروستبکەین لە پێناوی تێگەیشتن و رەخنەکردنێکی مەعریفیانە و بەرهەمهێنەرانەی ئەو تێزانەی دەخرێنەڕوو. کەواتە سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە لە راستیدا ئەم پەیامە پتر بریتیە لە مانیفێستکردنی فەلسەفەی سیاسی ئۆجەلان و خوێندنەوەی ئەو بۆ سۆشیالیزم و بزوتنەوەی چەپگەرایی و کۆمۆنیستی لە ناوچەکە و جیهاندا و ئەو تێزانەی کە پێشتر کاری لەسەر کردبوون و پەرەی پێدابوون. بێگومان کۆمەڵێک خاڵ و رەخنەی فەلسەفی سەرنجڕاکێشی تیادابوو سەبارەت بە قەیرانی مارکسیزم و ماتریالیزمی مێژوویی و ئەو دۆگماتیزمە مارکسیستیەی کە دنیا و مێژوو لە چاویلکەی شەڕی چینایەتیەوە تەفسیردەکات، کە ئەمەش هەروەها رەخنەگرتنە جێندەریەکان بۆ مارکسیزم لە خۆ دەگرێت. ئەو سۆشیالیزمەی ئۆجەلان هێڵە سەرکیەکانی بۆ دەکێشێت یەکانگیرە لەگەڵ ئەو تێزەی چەندین ساڵە کاری لەسەر کردووە و بووەتە ئایدۆلۆژیای پەکەکە، ئەویش ئەو تێزە ئەنارشیستیەیە بۆ رەتکردنەوەی دەوڵەتی-نەتەوە. واتە ئەو بە پێچەوانەی مارکس و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیەوە کە پێیانوایە بە بێ دەوڵەتی پرۆلیتاریا توانای هاتنە سەر حوکمی حیزبی کۆمۆنیستی نابێت و سۆشیالیزم دانامەزرێت، ئۆجەلان دەیەوێت سۆشیالیزم لەناو پرۆسەیەکی دیموکراسیدا دروستبکات نەک لە ئەنجامی شۆڕشێکی سیاسی توندوتیژانەوە کە ئەمە جەوهەری میکانیزمی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیە لە سیاسی مارکسیزمدا. کەواتە ئۆجەلان خەریکی روخاندنی پایەکانی دەوڵەتە هەر لەسەرەتاوە وەک تێزێکی ئەنارشیستی و سۆشیالیزم لەسەر بنەمای جڤاک و کۆمەڵگە بنیاتدەنێت نەک دەوڵەت کە هەمیشە مۆنۆپۆڵی دەزگاکانی توندوتیژی دەکات و ئەویش لەبەرئەوەی ئۆجەلان پێیوایە ئەمە لەناوبردنی ئەو ئامانجەیە کە سۆشیالیزم دەیەوێت دروستیبکات. ئۆجەلان لێرەدا دەگەڕێتەوە بۆ بنەما ەکانی تێزەکەی کە دەڵێت نەتەوەی دیموکراتی و کۆماری دیموکراسی پێویستی بە دەوڵەت-نەتەوە نیە چونکە سەرکوتگەرە و نەک سۆشیالیزم و دیموکراسی بەرهەمناهێنێت، بەڵکو سەرمایەداری و سیستمێکی سەرکوتکاری دەسەڵاتگەرا دروستدەکات. لێرەدا ئۆجەلان دەڵێت ئەم کۆمارە یان نەتەوە دیموکراسیە دەبێت لەسەر ئەو سێ بنچینەیە دابمەزرێت کە پێشتر لەسەری نوسیوە و تیۆریزەی کردووە، ئەوانیش بریتین لە ئازادی ژن، ئیکۆلۆژی و جڤاکی دیموکراسی.

لە راستیدا، ئەم ئارگیومێنت و تیۆرەیە گرنگ و سەرنجڕاکێشە و ئارگیومێنتێکی لۆژیکی و بەهێزە بۆ تێگەیشتن لە سروشتی دەسەڵات و دامەزراندنی ئەو سیستمەی بە سۆشیالیزمی جڤاکی دیموکراتیکی ناویدەبات و رەخنەیەکی گرنگە لە تیۆری مارکسیزم بۆ سۆشیالیزم. بەڵام ئەو دژبەرییەی (کۆنترادیکشن) کە دەبێت ئاماژەی پێبدرێت لەم هێڵە تیۆرییەدا ئەوەیە، یەکەم، پنتی تیۆرەکەی ئۆجەلان لەسەر رەتکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە بەشێوەیەکی دیاریکراو بۆ پرسی کورد دادەڕێژێت و پێیوایە کە پرسی کورد دەبێت لە دەرەوەی خواستی بە دەوڵەتبووندا چارەسەر بکرێت. بەڵام ئەم ئارگیومێنتە دەبێت لانیکەم بەسەر دەوڵەتانی داگیرکەری کوردیشدا جێبەجێبکرێت، واتا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیا کە ئەمەش وادەکات ئەم تیۆرەیە، هەرچەندە گرنگ و بەهێزە چونکە هەموو دەوڵەتانی ناوچەکە سیستمێکی دیکتاتۆری و ستەمکاریان بەرهەمهێناوە، وەک پرۆژەیەکی یۆتۆپی دەربکەوێت. دووەم، کاتێک ئۆجەلان ئایدیای لەناوبردنی دەوڵەت دەخاتەڕوو، لەشوێنی ئەودا سیستمێکی ئەلتەرناتیڤی پێشکەشکردووە کە ئەویش کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە کە پایەکانی ئەم سیستمە لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات (decentralization) دامەزراوە و لەبری دەوڵەت، کورد دەتوانێت لەناو ئەو وڵاتانەدا بەم سیستمە کاربکات کە ئەمەش لە ئێستادا لەلایەن ئەم دەوڵەتانەوە رەتدەکرێتەوە، بەڵام ئەم پرۆژەیە لەم پەیامەکانی ئۆجەلاندا ناوی نابرێت و دەسڕێتەوە و سیستمێکی حوکمڕانی و بەڕێوەبردن دەستنیشان ناکرێت. بەڵام ئەگەرێکیش ئەوەیە کە دەشێت ئەمەش سڕینەوە و سانسۆرکردنی دەوڵەتی تورکیا بێت بۆ ئەم نووسینانە. کەواتە گرفتی ئەم تێزە نوێیە ئەوەیە کە لە ئەنجامی نەبوونی سیستمێکی خۆبەڕێوەبردنی ئەڵتەرناتیڤدا تاکە دەرچە بریتیدەبێت لە چوونە ناو خودی ئەو دەوڵەتەی کە هەر خۆی هەوڵی رووخاندنی پایەکانی دەدات و داوا دەکات کورد ببێتەوە بە بەشێک لەم دەوڵەتە. بێگومان دەبێت ئەوە ببینرێت کە مەرجی ئۆجەلان بۆ ئەم دەوڵەتە کە هەر لەیەکەم پەیامیەوە تا دواهەمینی جەختی لەسەر کردووەتەوە دیموکراسیبوونیەتی، واتە لە سایەی کۆمارێکی دیموکراسیدا کە زامنی پێکەوەژیانی دیموکراسی دەکات. بەم پێیە گۆڕینی سیاسەتی توانەوەیە (ئەسیمیلاسیۆن -assimilation ) کە دەوڵەت پیادەی کردووە لە سەرەتای دروستبوونیەوە بۆ سیاسەتی (ئینتیگراسیۆن – integration) کە کورد دەتوانێت بەشدار بێت و ببێتە خاوەن ماف و بڕیار. بەڵام گرفتی ئەم ئارگیومێنتە لەوەدایە کە مێژوویەکی پێکەوەژیانی دیموکراسی لە کۆمەڵگە لیبراڵیەکانی خۆرئاوا و کۆمەڵگەکانی دیکەدا بە شێوەی جیاواز هاتۆتەکایەوە و گرفتەکە دەکرێت بەمشێوەیە دیاریبکرێت: یەکەم، ئایدیای پێکەوەژیانی دیموکراسی لە کۆمەڵگە لیبراڵە دیموکراسیەکاندا بە ئاراستەی جیاوازدا رۆیشتووە و هەمیشە تەوژمی فاشی و رەگەزپەرستی و دژە بێگانەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و لەبەرامبەریشدا تەوژمی بەرگری و کۆنزەرڤاتیڤ بەرهەمهاتووە لەلایەن ئەم گروپانەی کە تێکەڵ دەبن و نابن. لەهەمانکاتیشدا ئەمە کێشەی دروستکردنی کەمینە لەناو ئەم سیستمانەدا دەهێنێتەکایەوە کە دروستکردنی جیاوازیەکە لەسەر بنەمای کولتوری نزم و کولتوری باڵا. دووەم، ئەم پێکەوەژیانە دیموکراسیە سەرەڕای کەموکوڕیەکانی لە خۆرئاوادا دەبینین لەناو سیستمێکی کاپیتالیستی نیۆلیبراڵیدا بەرهەمهاتووە و بەشێوەیەکی حەتمی سیستمێکی سۆشیالیستی بەرهەمناهێنێت، کەواتە ناتوانین لە چوارچێوەی هۆکار و دەرەنجامدا ئەم هاوکێشەیە تیۆریزە بکەین، کە پێکەوەژیانی دیموکراسی مەرج نیە ببێتەهۆی دروستبوونی سۆشیالیزمی جڤاکی دیموکراسی.

هەرجەندە پێکەوەژیانی دیموکراسی ئەم سۆشیالیزمە بەرهەمناهێنێت، بەڵام پێکەوەژیانی دیموکراسی یەکێک نیە لە مەحاڵەکان بە مەرجێک کە لەسەر پرەنسیپی یەکسانی لە مافدا و بە دامەزراوەییکردنی ئازادییەکان و مافی بەشداری و بڕیاردانی سیاسی دامەزرابێت، نەک لەسەر پرەنسیپێکی تەمومژاوی وەک برایەتی کە ئەمە پتر دارە بە بەها و نۆرمەکانی ناو کۆمەڵگە و کۆمیونیتیەکانەوە. بەڵام پرۆسەی هێنانەکایەی پرەنسیپی پێکەوەژیانی دیموکراسی لە وڵاتێکی وەک تورکیادا کە سەد ساڵە شۆڤینیزمی تورکی و نەتەوەپەرستی و کولتوری باڵای تورک بەسەر ئەوانی دیکەدا دەسەپێنێت و پرۆسەی بە کەمینەکردنی کورد و ئەوانی دیکە لە مێشک و هزری هاوڵاتیانیدا دەچێنێت، ئەستەمە بیر لە ماوەیەکی کورت بکەینەوە، بەڵکو ئەمە رێگەیەکی سەخت و درێژە کە ئەگەرەکانی شکستهێنانی گەورەترن لە ئەگەرەکانی سەرکەوتنی. بەڵام ئەو پرسیارە ریالیستیەی لێرەدا رووبەڕوومان دەبێتەوە ئەوەیە ئایا پەکەکە و ئۆجەلان چ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا هەیە؟ یان دەبێت لەم پرۆسەیەدا توانا و چاپوکی سیاسی خۆیان تاقیبکەنەوە یان دەبێت پەکەکە درێژە بە شەڕی چەکداری بدات کە ئەمە رشتنی خوێنێکی بێکۆتا و وێرانکردنی بە دواوەیە. بەڵام ئەوەی تا ئێستا دەبینرێت ئەوەیە کە قەندیل ئامادەی ئەوە نین کە متمانەی تەواو بە پرۆسەکە بکەن و هەمیشە داوای هەڵوێستی بەرامبەر لە تورکیا دەکەن کە ئەمەش خاڵێکی پۆزەتیڤە.

بابەتى تر

👤
Live: 53 Today: 280 📊 Click Here