بای بای دەوڵەتی ئێران!
سێ ساڵ لەمەوپێش، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی دوای گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی، لە زیاتر لە دیدار و نووسینێکمدا وتومە: کۆماری ئیسلامی ئێرانی سووڕی ژیانی خۆی تەواو کردووە، پرسی کەوتنی ڕژێم، بە کات و ڕووداو و بکەرەوە هەیە.
بۆ رژێمێک نزیکەی نیو سەدەیە پایەکانی خۆی جێگیر کردووە و تا ئێستاش هەژموونی بەسەر ناوچەکەوە ماوە، ئاسان نییە لە ماوەیەکی کورتدا بکەوێت. ڕەنگە هێشتا کاتی کەوتنی تەواوی رژێمی ئێران نەهاتبێت، بەڵام خۆئامادەکردن بۆ دوای کەوتنی رژێمی ئێران، بۆ کورد درەنگە!
لە ئێران هەموو پرسەکان دەچنەوە سەر پرسی سیاسی، چونکە رژێمەکە دیکتاتۆر و سەرکوتگەر و دژی مافی گەلانە.
هەر خۆپێشاندانێک دژی ئاستەنگی ئابووری، پرسی ژنان، پرسی ئازادییە گشتییەکان، پرسی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، زوو وەردەگەڕێن و دەبنە پرسی سیاسی و خواستی ڕووخاندنی رژێم.
ڕووخاندنی جمهوری ئیسلامی ئێران، تەنیا واتای گۆڕینی رژێمێک بۆ ڕژێمێکی تر نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی ڕووخانی تەواوی پایە بنەڕەتییەکانی دەوڵەتی ئێران.
کەوتنی ڕژێمی مەلاکانی تاران، واتا کۆتایی رژێمی سەنتراڵخوازی ئێرانی و دەرفەتدان بە گەلانی ئێران، تا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
وەک چۆن لە عێراق ڕژێمی سەدام ڕووخا و لەگەڵیدا ستراکتورەکانی دەوڵەتی عێراقیش هەڵوەشانەوە!
وەک چۆن لە سوریا رژێمی بەشار ئەسەد ڕووخا و لەگەڵیدا پایەکانی دەوڵەتی سوریا کەوتن!
وەک چۆن لە لیبیا و یەمەن و سودان وسۆماڵ، هەمان ئەنجاممان بینی، بەهەمان شێوە دەوڵەتی ئێرانیش هەمان چارەنووسی دەبێت!
ترسی تورکەکانیش لێرەوە سەرچاوە دەگرێت!
ئایا ئەم زنجیرەڕووداوە، کە وەک پولی دۆمینۆ دەوڵەت لە دوای دەوڵەت هەڵدەوەشێنێتەوە، دەگاتە تورکیا؟
بە داخەوە تا ئێستا حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک پێویست ئامادەی گۆڕانکارییە ئایندەییەکانی ئێران نین!
سەرکردایەتییە پیر و بێتواناکانی حیزب، سیکتاریزمی حیزبی و دابەشبوونی حیزبەکان بەسەر ئەجەندا جیاوزەکاندا، توانا و بڕیاری سەربەخۆی حیزبەکانی خستووەتە ژێر پرسیارەوە!
تا ئێستاش حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەشێک لە تواناکانی خۆیان بۆ کێشە ناوخۆییەکانی حیزب و دژایەتی لایەنەکانی تر بە فیڕۆ دەدەن.
جێگەی گاڵتەجاڕییە، بۆ نموونە: لە یەکێک لە شارەکانی نەرویج، لە بەرامبەر لایەنەکان و چالاکواناندا، هەر لە ئێستاوە، هەڕەشەی جیاکردنەوەی ئاهەنگی نەورۆزی جیا و سەربەخۆیان دەکەن!
پێویستە گەلی کورد لە ئێران، گەلی کورد لە ناوچەکە، لە ئاست بەرپرسیارییەتی ڕووداوەکاندا بن.
سەد ساڵیی ڕابردوو، سەدەی خوێنبەربوونی کورد بوو، یەکێک لە هۆکارە یەکانی ئەو خوێنبەربوونە، نائامادەی خۆمان بوو!
وا جارێکی تر ڕۆژگار دەسوورێت و دەرفەتی نوێ بۆ کورد دەڕەخسێت. ئێستا کاتییەتی، ئیتر کات بەفیڕۆدان گەمژەییە!















Post Comment