ئیسلامی ئاكار ئیسلامی شمشێر

ئیسلامی ئاكار ئیسلامی شمشێر

جار بینراوە: (1.2K)

شتێك كە زۆر سەرزەنشت دەكرام لە سەری بابەتی نوێژكردن بوو ، هەموو بەتەمەنەكانی بنەماڵە پێیان دەگوتم ، دایكم دەیگوت تۆ هەموو شتێكت زۆر باشە كەمو كوڕیت ئەوەیە نوێژناكەیت ، موسوڵمانی ئاكار بۆ یەكجار نەیدەویست بە زۆرە ملێ شتێكت بە سەردا بسەپێنێت ، زۆر مامۆستای ئاینی بەڕێزو ناسراو دۆستم بوون، هەندێكیان سەفەری یەكجاریان كردوە ، گوێم لێنەبوە بە هەڕەشەو توند و تیژی خەڵك ناچار بكەن ئەوە بكات كە ئەوان دەیانەوێت ، گەورە مەلاو عەلامەیەكی وەك مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس كە زیاتر لە 12 هەزار ڕوپەڕە نوسین و وەرگێڕانی هەیە و یەكێًك لە هەرە ناسراوەكانی سەدەی بیستەم و تا دنیای كوردە، باوەڕناكەم یەكجار زۆری لە محەمەدو فاتیحی كوڕی كردبێت نوێژبكەن ، موسوڵمانی ئاكار زۆرو زەبرو زەنگ نازانێت ، موسوڵمانی ئاكار نەدەنگ بەرز دەكاتەوە نەچارە گرژ دەكات نە خەڵك تەكفیر دەكات نەكەس دەنێرێت بۆ دۆزەخ ، وەك ئەوەی موسوڵمانی شمشێر دەیكات .

لە بنەماڵەكەماندا نەنكێكی بەتەمەنمان هەبوو ناوی نەنە گوڵستان بوو بیرمە هەرگیز نزای خەراپی لە دوژمنیش ناكرد ، دەیانگوت فڵان كەس زاڵمە ، یان خراپە ئەو دەیگوت بە پشتیوانی خودا چاك دەبێت، ئیسلامی ئاكار زۆر بە شیرینی هەست و كەوتی لە تەك خەڵكدا دەكرد ، با ئەو خەڵكە موسوڵمانیش نەبوایە، ئەو وا پەروەردە كرابوو ڕێژ لە مرۆڤ بگرێت ، مرۆڤ وەك پیرۆزترین بونەوەری خودا ، لە ڕابردودا لە هەموو ماڵێكی ئێمەو ماناندا موسوڵمانێكی ئاكار هەبوو ، موسوڵمانێك دەیویست بە كردەوە نیشانی ئەوانی تری بدات كە چاوی لێبكەن ، نەك بە شمشێر ، یەك لە مامۆستا هەرە ناسراوەكانی چەمچەماڵ بە هەشتی مەلا ئەسعەدی زەردە بوو تەنها بە نیشاندانی بەرزی ئاكارەكەی مرۆڤ حەزی دەكرد بڕوات بۆ مزگەوتەكەی و گوێی لە ەكانی بێت .

ئیسلامی شمشێر یان ئیسلامی زەبرو زەنگ لە ناو كوردا تەمەنی زۆر كۆن نیە ، ئەو جۆرە ئیسلامەی خوێنی ئەوانی دیكە حەڵاڵ دەكات و شمشێر دەداتە دەست گەنجەكانەوەو دەڵێت بڕۆن بكوژن ، وەك ئەوەی گەنجە جوان و هونەرمەندەكەی چەمچەماڵیان كوشت خواناسی وریا گلی، كورد بە سروشت توندو تیژ نین تەنانەت بەرانبەر ئەوانەش كە ستەمیان لێدەكەن لێبوردەو دڵفراوانن، ئێستا دوای سەر هەڵدانی توندو تیژی و شمشێر ، ئەو جۆرە لە بونەوەر لە ناو كوردیشا خەریكە گەشە دەكات ، گەشە كردنێك كە دواجار زیانی بۆ خۆی و كۆمەڵگەو پێكەوە ژیانی كۆمەڵایەتیش دەبێت ، سوتاندنی پەیكەرێك ، شكاندنی كێلی گۆڕێك ، لە سەر نوسین پەلاماردان و بە دۆزەخی ناوبردنی خەڵك ، نوسینی كۆمێنتی نەشیاو ، جنێو دان بە خەڵك لەسەر مینبەر، لە ڕاستیدا ئەمە جگە لە ناشرینكردنی ئیسلام ، پەرە بە توندو تیژی و كاری توند ڕەوانەش دەدات.

بە داخەوە دەبێت بڵێم ڕەنگە لە نێو هاوڕێ و دۆستانیشماندا لەو جۆرە خەڵكانە هەبن ، كە من هیوام دەخواست كورد هەرگیز ئەو جۆرە ئیسلامەی تێنەكەوێت و ئەركی مامۆستایانی ئاینیشە لە ڕێگەی پەیام و و ڕێنماییەوە ڕێگری لە ئیسلامی شمشێر بكەن ، ئیسلامی عەقڵ یان ئاكارو ئاوەز مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس و جەمالەدینی ئەفغانی و محەمەد عەبدەو عەلی شەریعەتی بەرهەمدێنێت وئیسلامی شمشێریش ئەبو بەكری بەغدادی و زەرقاوی و دابەشكارانی كۆمەڵگە بەسەر لە گەڵ و لە دژ، ئەمەش وێرانكردنی كۆمەڵگەیە

بابەتى تر

👤
Live: 33 Today: 1,640 📊 Click Here